بەرخۆدان ڕێگرییەکان ناناسێت

هەموو ڕۆژێک لە ناو گۆڕەپانی جالاکییەکاندایە، هەموو ڕۆژێک هاواردەکات، پێی دەڵێن 'لالۆ'، بەهۆی هاوار وهەڵوێستەکەی، لە ئامەد دەنگی داوەتەوە.

هەموو ڕۆژێک لەو گۆڕەپانەیە، هەموو ڕۆژێک هاواردەکات، پێی دەڵێن 'لالۆ'، بەڵام هاوار و هەڵوێستەکەی، لە ئامەد دەنگی داوەتەوە.

بوەتە سەمبۆلی بەرخۆدان

ئەو ئێشکگرتنەی دیموکراسی لەدژی سەپاندنی قەیومەکان دەستیپێکردووە، لە ڕۆژی ٣٠یەمدا لە شەقامی لیسە لەبەرانبەر شارەوانی شاری گەورەی ئامەد بەردەوامە. ئێشکگرییەکە بە پێشەنگایەتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە - HDP)بەردەوامە. لە هەمان کاتدا بە پشتگیریی هاوڵاتی، کۆمەڵە، دامەزراو، ڕێکخستنە مەدەنییەکان و ئەندامانی ئەنجومەنی دایکان چالاکی بەردەوامە. لە لایەکی دیکەوە گەمارۆی پۆلیسیش بەردەوامە. لە ٣٠ ڕۆژی چالاکیدا چالاکوانێک لە هەمووان زیاتر سەرنج ڕادەکێشێت و بوەتە سیمبۆلی بەرخۆدان، فەرزەندە ماکسۆت-ی کەڕولاڵ-ە. لەگەڵ ئەوەی کەڕ و لاڵیشە، ڕقەکەی لەدژی قەیووم بە ئاماژەکانی دەموچاوی و مشتەکەی دەستی کە بەردەوام بە ئاسمانەوەیە، لەو ٣٠ ڕۆژە ئەو دەستەی هەرگیز نەهێناوەتە خوارەوە، هەمیشەش لە پێشەوەیە.

٣٠ ساڵە بەبێ وچان کاردەکات

ماکسوت لە ساڵی ١٩٦٢ لە ناوچەی لیجەی ئامەد لەدایک بووە، لە ساڵی ١٩٧٤ بەهۆی بوومەلەرزەکەی لیجە لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ ناوچەی سوور کۆچ دەکەن. ماکسوت هەموو ژیانی خۆی لە سوور بەسەر بردووە. ماکسوت لە ساڵی ١٩٩٠ هادەپ-ی ناسیوە، لەو ڕۆژەوە تا ئێستا بە شێوەیەکی چالاک لەناو خەبات دایە و دەنگی خۆی بەرز دەکاتەوە. ماکسوت سی ساڵە لە ناوەندەکانی ڕێکخستنی کورد ڕەنج دەدات و هەمووان وەکو 'لالۆی فیداکار' دەیناسن. کەڕ و لاڵە، پێی دەڵێن 'لالۆ' بەڵام هاوار و هەڵوێستەکەی، لە ئامەد دەنگی داوەتەوە. کەمە خوێندەوارییەکی هەیە و هەموو ڕۆژێک بەیانیان بە ڕۆژنامەی یەنی یاشام ڕۆژەکەی دەستپێدەکات.

بە تۆمەتی وتنەوەی دروشم دەستبەسەرکرا

ماکسوت لە ساڵی ١٩٩٩ بە بیانووی وتنەوەی دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ'، لە ڕحا دەستبەسەر کرا و هەفتەیەک زیاتر بە بێ تاوان لەوێدا مایەوە. دوای هەفتەیەک، ماکسوت ڕەوانەی ئامەد دەکرێت و لەوێش چەندین ڕۆژ لە گرتووخانە دەمێنێتەوە. دوای ئەوەی پۆلیس ناتوانێت بە هیچ شێوەیەک وتەی لێ وەربگرێت، ڕەوانەی لای لێکۆڵەری دەکات. بەهۆی ئەوەی ماکسوت کەڕ و لاڵە و ناتوانێت خۆی بپارێزێت، لێکۆڵەر بە بڕیاری زیندانیکردنەوە ڕەوانە دادگای دەکات. ماکسوت دەچێتە بەردەم دادگا و دادگا پرسیاری لێ دەکات، بەڵام ماکسوت نە تێدەگات و نە دەتوانێت وەڵام بداتەوە. پارێزەرەکانی دەیپارێزێن و بە دەستەی دادگا دەڵێن، ماکسوت کەڕ و لاڵە. بەڵام دەستەی دادگا باوەڕ بەو شتە ناکەن داوا لە ماکسوت دەکەن لە هۆڵی دادگا دروشمەکان بڵێتەوە. دۆسیەی ماکسوت چەندین کاتژمێر درێژە دەکێشێت و لە کۆتاییدا دەستەی دادگا بڕیاری ئازادکردنی دەدەن.

پێش هەمووان ڕوو لە شوێنی چالاکی دەکات

دوای ئەوەی ماکسوت چەندین ڕۆژ بەدیل گیرا، ئازاد کرا و لەبەردەم دادگای ئامەد ئەو ناسنامەیەی دەوڵەتی تورک پێیداوە دەریدەهێنێت و فڕێی دەداتە بەردەم دەرگای دادگا و ڕوو لە ناوەندی هادەپ-ی ڕەزانێ دەکات. لە ساڵی ١٩٩٠ ەوە تا ئێستا، ماکسوت، لە دەروازەی چوونە ناوەوەی بینای سەرۆکایەتی شارەوانی ئامەد دادەنیشێت و بەخێرهاتنی ئەو کەسانە دەکات کە دێنە ناوەوە. پەیوەندی ماکسوت لەگەڵ هەمووان زۆر باشە، بە دڵگەرمییەوە پێشوازی هەمووان دەکات. دوای ئەوەی وەزیری ناوخۆ لە ١٩ی ئاب/ ٢٨ی گەلاوێژ قەیومی بەسەر شارەوانییەکانی هەدەپەی ئامەد، وان و مێردیندا سەپاند، ماکسوت هەموو ڕۆژێک و پێش هەمووان ڕوو لە شوێنی چالاکی دەکات و بە هەڵوێستەکەی، رق و توڕەییەکەی لەدژی زەوتکردنی ئیرادەی گەلان زیاتر دەکات.

لە چالاکی مانگرتنیش لەوێ بوو

چالاکی مانگرتن لە خواردن کە پەرلەمانتارانی هەدەپە تەیب تەمەل، دێرسم داغ و موراد سارساچ لە ٨ی ئازاری ٢٠١٩/ ١٧ی ڕەشەمە لەدژی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پشتیوانی چالاکی مانگرتنەکانی گرتووخانەکان دەستیپێکردبوو، ماکسوت چەندین ڕۆژ لەبەردەم دەرگا ئێشکی دەگرت و پێشوازی لەو میوانانە دەکرد کە سەردانی چالاکوانانیان دەکرد. هەتا چالاکی کۆتایی هات ماکسوت لە بنکەی هەدەپە دور نەکەوتەوە.

ک-ش