بەرخۆدانى دایکانى ئاشتیى مەخمور لە ٢٣هەمین رۆژدایە

دایکانی ئاشتیى مەخمور بۆ کۆتایهێنان بە گەمارۆی سەر کامپی مەخمور ماوەى ٢٣ رۆژە لە خاڵی پشکنینی ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە چالاکیى دانیشتندان.

کامپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور) ماوەى ٦٨ رۆژە لەلایەن حکومەتى باشووری کوردستانەوە گەمارۆ دراوە.

سەرباری رەخنە و ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە حکومەتى هەرێمى کوردستان، تاوەکو ئێستاش هۆکاری گەمارۆدانى کامپەکەی رانەگەیاندووە.

بەهۆی گەمارۆی چڕی سەر کامپەکە نەخۆشەکانیش ناتوانن بڕۆن بۆ خۆشخانەکان و کرێکارانیش ناتوانن بچنە سەر کارەکانیان.

ئەوانەش بوونەتە هۆی ئەوە، کە نیگەرانییەکى زۆر دروستبووە لەو گەمارۆیە و ترسی ئەوە هەیە، گەمارۆدان و دابڕاندنی کامپەکە لە جیهانی دەرەوە ببێتە هۆی روودانى کارەساتێکی گەورەى مرۆیى.

دایکانی ئاشتیى کامپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور) بۆ نەهێشتنی ئەو گەمارۆیە و سەرباری هەموو رێگری و ئاستەنگییەکانی بەردەومیان و دۆخە دژوارەکە، ماوەى ٢٣ رۆژە لە خاڵی پشکنینی پارتی دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) لە نێوان هەولێر و مەخموردا لە چالاکی دان. دایکانى ئاشتیى مەخمور شەو و رۆژە لە شوێنى چالاکییەکەیاندان و بەردەوامن لە چالاکییەکەیان.

تاوەکو ئێستا بەرپرسانی حکومەتى هەرێمی کوردستان وەڵامی دایکانی ئاشتیى مەخموری نەداوەتەوە. دایکانی ئاشتیش رایانگەیاندووە، تاوەکو گەمارۆی سەر کامپەکە لانەبرێت بەردەوام دەبن لە چالاکییەکەیان.

ژ.ت