بەرخۆدانی هەرێم مەحمود لە ڕۆژی ٧٦هەمیندایە

ئەندازیار هەرێم مەحموود لەشاری کەلار-ی سەر بەئیدارەی گەرمیان، بە ئامانجی شکاندنی گۆشەگیری سەررێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ماوەی ٧٦ ڕۆژە لە مانگرتنی بێسنوردایە.

چالاکی مانگرتن لەخواردن دژ بەگۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵائۆجالان، بەپێشەنگایەتی لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکی کەجەدە و پەرلمانتاری هەدەپە لە سەرتاسەری جیهان وبەندیخانەکانی باکووری کوردستان بەردەوامە. لە شاروناوچەکانی باشووری کوردستانیش چالاکی مانگرتن لەخواردن بەردەوامە.

لەم چوارچێوەیەدا چالاکی مانگرتوو هەرێم مەحمود، لە شاری کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ماوەی ٧٦ ڕۆژە، دژ بە گۆشەگیریی سەرڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان مانگرتنی بێسنووری دەستپێکردووە، سەرەڕای خراپی باریی تەندرووستی هەرێم مەحموود سەەرە لەسەر بەردەم بوونی و دەستنیشانی دەکات کە هەتاکو گۆشەگیری نەشکێت واز لە مانگرتنەکەی ناهێنێت.

هەرێم مەحمود، سەبارەت بە چالاکییەکەی و دۆخی تەندروستی ڕایگەیاند:ئەمڕۆ ٧٦ ڕۆژە بەردەوامیی بە چالاکی مانگرتنی بێسنور دژ بە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلان ڕێبەر ئۆجالان دەدەم، لەڕووی تەندروستییەوە کێشەو گرفتی زۆرم بۆ دروستبووە بەڵام هیچ کات نامەوێت وا نیشان بدەم کە جەستە و تەندروستیم لاوازبووە، هەروەها ئیرادەم زاڵبووە بەسەر جەستەمدا.

ئاماژەی بەوەشدا: بەپێی ئەوەی کە ڕۆژانە لەگەڵ چالاکییەکەمدا خەریکی کاری ڕۆژانەش دەبم بۆ بژێوی خێزانەکەم، هەندێک جار دەبوڕێمەوە و بەبێ ویستی خۆم لەهۆش دەچم، چەند جارێکیش لەسەر کارەکەم بەربوومەتەوە و جەستەم ئازاری پێگەشتووە، هەروەها زیاتر لە ١١کیلۆ لە کێشم دابەزیوە، سەرەڕای هەموو سەختییەکان خەباتی خۆم بەردەوامکردووە و بەردەوامیش دەبم تا شکاندنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆ.

هەرێم سەبارەت بە دۆخی دەروونی و بڕیاری چالاکییەکەی ئاماژەی بەوەدا: جەستە هەمیشە فکر ئاراستەی دەکات منیش بەهۆی بەهێزبوونی ئیرادە و مۆراڵم نەمهێشتووە لاوازی جەستەم کاریگەریم لەسەر دروستبکات، چەندە جەستەم لاوازتردەبێت ورە و ئیرادەم بەهێزتر دەبێت.

ک-ش