'تا قەیوم شارەوانییەکانمان بەجێنەهێڵن بەرخۆدانەکەمان بەردەوام دەبێت'

ئەندامانی هەدەپە ٢٨ ڕۆژە لە دژی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان لە ئامەد بەرخۆدان دەکەن و ڕایانگەیاند، ئەوان خاوەندارێتی لە ئیرادەی خۆیان دەکەن و تا قەیوم شارەوانیەکانیان بەجێنەهێڵن، بەرخۆدانەکەیان بەردەوام دەبێت.

هەدەپەییەکان لە ئامەد ٢٨ ڕۆژە لە دژی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان باسیان لە واتای دامەزراندنی قەیوم و بەرخۆدانەکەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

'گەل ئەوان قبوڵ ناکات'

ئەردۆغان زانا ڕایگەیاند، ئەوان لە هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازاری ٢٠١٩ / ١١ی نەورۆز دا سەلچوق مزراکلییان هەڵبژاردووە و ئەگەر بیانووی دەوڵەت ئەوەیە لێپرسینەوە لەبارەی هاوسەرۆکەکانەوە هەیە، دەتوانن ئەندامێکی ئەنجوومەنی شارەوانی بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانى شارەوانی هەڵبژێرن، بەڵام ئەوان ئیرادەی گەلی کورد ناناسن. گەلەکەمان بەم بەرخۆدانە پێیان دەڵیت، "ئێمەش ئێوە ناناسین و قبوڵتان ناکەین. سەرباری هەموو ئاستەنگییەکان بەرخۆدانمان بەردەوامە. تا دەتوانین بەردەوام دەبین."

'هاوسەری پۆلیسەکان دادەمەزرێنن'

مەقبولە گیونەر دەڵێت، "من بۆ خاوەنداریکردن لە دەنگی خۆم بەشداریم لەم بەرخۆدانە کردووە. کاتێک باس لە قەیوم دەکرێت، بەقەرەقوڵکردنی شارەوانییەکانمان بیردێتەوە. بە ئارەزووی خۆیان خەڵک دادەمەزرینن، هاوسەری پۆلیسەکان دادەمەزرێنن. تا شارەوانیەکانمان وەرنەگرینەوە، چالاکیەکانمان بەردەوام دەبن."

'شارەوانییەکان موڵکی ئێمەیە'

ئیبراهیم یاقوت ئاماژەی بەوەدا، پێویستە قەیوم شارەوانییەکان بەجێبهێڵن. هیچ جیاوازییەکیان لەنێوان قەرەقوڵ و شارەوانییەکاندا نەهێشتووەتەوە و وتی،"نامانەویت ئەوان لە شارەوانییەکانمان دا ببینین. لەبەرئەوەی ئیرادەمانیان دەستبەسەر کرد. تا لە شارەوانییەکانمان نەچنە دەرەوە، بەردەوام دەبین. ئیرادەکەمان دەپارێزین، لەبەرئەوەی شارەوانییەکان موڵکی ئێمەن".

'قەیوم ئامێری دیکتاتۆرییە'

عەبدولقادر ئەکنجی ڕایگەیاند، تا قەیوم لە شارەوانییەکەیان نەچێتە دەرەوە، چالاکییەکانیان بەردەوام دەبن و دەڵێت، "قەیوم کودەتا و داگیرکەرییە. قەیوم ئامێرێکی دیکتاتۆری و ڕژێمی کەسێکە. ئەم کردەوەیە لە کوێی جیهان ئەنجامبدرێت، ئێمە لەدژی دەوەستینەوە. تا قەیوم نەڕوات، هەموو ڕۆژێک بەشداری چالاکییەکان دەبم."

'هاوین و زستان لێرە دەبین'

مەقبولە ئاکیوز وتی، "بەدەستی قەیوم زوڵم لە کوردان دەکرێت. نازانم ئەم زوڵمە کەی کۆتایی دێت. کاریان بە شارەوانییەکانمان چییە. ئەگەر بە زوڵم شارەوانییەکانمان لێوەردەگرن، ئەی واتای هەڵبژاردن چیە؟ بۆ خاوەنداریکردن لە دەنگەکانمان لێرەین. ڕێگە بە پێشێلکردنی مافەکانمان نادەین. هاوین و زستان لێرە دەبین. لێرە بمرین تا قەیوم شارەوانیەکەمان بەجێنەهێڵێت چالاکیەکانمان بەردەوام دەبن.

'بانگەوازی بۆ ئەوانەی لەبەردەم باڵەخانەی هەدەپە دانیشتوون'

قەدریە پۆڵاتیش ڕایگەیاند، سیاسەتی قەیوم بە هیچ شێوەیەک قبوڵناکەن. ئەوان سەلچوق مزراکلییان هەڵبژاردووە و ئەوەى بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت زوڵمە. بانگەوازێکی ئاڕاستەی دایکانی دانیشتووی بەردەم باڵەخانەی هەدەپەی ئامەد کرد و وتی، "لەوێ دانیشتن چارەسەری نییە. پێویستە بزانن، لەناو سیاسەتێکی پیسدان. دانیشتنیان لەبەردەم باڵەخانەی هەدەپە، شەرمێکی گەورەیە. لەجیاتی ئەو کارە با پشتگیری لە ئێمە بکەن. ئەو کردەوانە چارەسەری نییە".

'بۆ ئابڕوومان دەتوانین، بمرین'

قودرەت ئەریڵماز ئەوەی خستەڕوو، شارەوانیەکان بۆ ئەوان شەرەفە و وتی، "شارەوانییەکان بەرهەمی خەباتی منداڵەکانمانە. خوێنی شەهیدەکانمانە. لەبەر ئەوە هەموو ڕۆژێک لێرەین. بۆ شەرەفمان دەتوانین بمرین. تا قەیوم شارەوانییەکەمان بەجێنەهێڵێت، چالاکییەکانمان بەردەوام دەبن."

محەمەد ئازاریش دەڵێت، " ئیرادە، زمان، کلتور و مێژووییان ڕەتکراوەتەوە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە بە هەموو شێوەیەک ڕەتمان دەکەنەوە. تا مافمان بەدەست نەهێنین، بەردەوام دەبین."

'لە ٣١ی ئازاردا بڕیاری خۆمان داوە'

محەمەد ئەرکیز ڕایگەیاند، گەل داگیرکەری قبوڵ ناکات. لە ٣١ی ئازاردا گەل بڕیاری خۆیداوە. گەل کاندیدەکانی هەڵبژارد و دەستیان بەکار کرد و وتی، "گەل بێدەنگ نابێت. ٢٦ ساڵیش تێپەڕێت، گەل هەر بەرخۆدان دەکات. لە سەرەتاوە سەرباری هەموو هێرشەکان گەل بەرخۆدانی کرد. گەلەکەمان خۆی ڕادەستی تاڵانچییەکان ناکات."

ژ.ت