"تا گۆشەگیری کۆتایى پێنەیەت بەرخۆدانیش بەردەوام دەبێت"

ئەرگین ئاکهان چالاکیی مانگرتنی بێسنووری گۆریوە بۆ رۆژووی مردن و رایگەیاند، تا ئەو گۆشگیرییە کە لە کەسایەتیی ئۆجالان دا بەسەر گەلدا سەپێنراوە کۆتایی پێنەهێندرێت بەرخۆدان بەردەوام دەبێت.

یەکێک لەو زیندانیانەی کە لە گرتووخانەی پیتی (A)ی ئامەد لە چالاکیى رۆژووی مردن دایە ئەرگین ئاکهان-ە. ئاکهان ڕایگەیاند، ئەوان بڕیاریان داوە کۆتایی بە گۆشەگیریی بهێنن.

ئاکهان ٢٠ ئازاری ساڵی ١٩٨٨ لە ناوچەی کۆپ-ی مووش لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە گوندی کەکەلی و قۆناغی ناوەندیی لە کۆپ و قۆناغی ئامادەییشی لە ئیزمیر تەواو کردووە. لەوێ بە تێکۆشانی ئازادیی کوردستان ئاشنا بوو و تەمەنی خۆی کردە دیاریی تێکۆشان و گەلەکەی.

 ئاکهان ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ / ١٧ی رەزبەر لە ناوچەی باغلار-ی ئامەد دەستگیر کرا. ئەرگین ئاکهان لە گرتووخانەی پیتی (A)ی ئامەدە. لە رۆژی ١ی ئازاری ٢٠١٩ / ١٠ی رەشەمەوە دەستی بە مانگرتنی بێسنوور کرد. ئاکهان لە ٣٠ نیسانی ٢٠١٩ / ١٠ی بانەمەڕ (گوڵان) دا مانگرتنەکەی گۆڕی بۆ ڕۆژووی مردن. ئاکهان لە ڕێگەی بنەماڵەکەیەوە پەیامێکی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ناردووە.

ئاکهان لە پەیامەکەیدا وتویەتی: "بۆ ئەوەی گۆشەگیرکردنی ڕیبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان کۆتایی پێ بێت بڕیاری بەرخودان و مانگرتنمان دا. ئەو گۆشەگیرییەی کە لە کەسایەتیی ڕێبەرەکەمان دا بەسەر گەلدا دەسەپێندرێت جێگەی قەبوڵکردن نییە. هەر بۆیە دەبێت گۆشەگیریی کۆتایی پێ بێت. بە بەرخۆدانی هەموو هەڤاڵانمان کە مانیان گرتووە، بڕیارمان داوە تا کۆتاییپێهێنانی گۆشەگیری بەردەوام بین. بۆ کۆتاییپێهێنانی گۆشەگیری تا ئێستا ژمارەیەک هەڤاڵمان گیانیان بەخشیوە و  هەزاران هەڤاڵی تریشمان ئامادەن گیانیان فیدا بکەن. بریارەکەمان زۆر جدییە".

بنەماڵەی ئاکهانیش تیشکیان خستەسەر بڕیاری کوڕەکەیان و وتیان: "مافی خۆیانە و مافدارن. لەبەر ئەوەی لە شوێنێکی تری جیهان بێ یاساییەکی لەم شێوەیە بوونی نییە. ئێمە تا دوا هەناسە پشتیوانی لە ڕۆڵەکانمان دەکەین. لەگەڵ ئەوانداین. بەرخۆدێران هەموویان ڕۆڵەی ئێمەن".

ر.م