تارا حوسێن: پێویستە بە زووترین کات هەڤاڵ ئیدریس سەلیم ئازاد بکرێت

ئیدریس سەلیم، پیشمەرگەی دێرین و ئەندامی تەڤگەری ئازادی، زیاتر لە ٨ مانگە لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکراوە بەبێ هیچ هۆکاریک.

ئیدریس سەلیم ئەندامی تەڤگەری ئازادی لە باشووری کوردستان لە ٨ی ئایاری ٢٠١٩ دا لەلایەن ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەستگیرکراوە و دواتر ڕەوانەی زیندان کرا، بەبێ هیچ هۆکاریک هەڤاڵ ئیدریس سەلیم دەستگیرکراوە و هۆکاری دەستگیرکردنەکەی ڕوون نەکراوەتەوە.

لەوبارەیەوە تارا حوسێن جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان دەربارەی دواین ڕەوشی هەڤاڵ ئیدریس سەلیم بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و بەبێ فەرمانی دادوەری دەستگیرکراوە

دەربارەی دەستگیرکردنی ئیدریس سەلیم لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە تارا حوسێن بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "ماوەی ٨ مانگە هەڤال ئیدریس سەلیم ئەندامی ئەنجومەنی تەڤگەری ئازادی لەلایەن ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەستگیرکراوە  بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و بەبێ فەرمانی دادوەری دەستگیرکراوە."

ئەشکەنجەی دەرونی بەرامبەر هەڤاڵ ئیدریس بەکاردێت

 دەربارەی دۆخی ئیدریس سەلیم تارا حوسێن ڕایگەیاند: "لە ئێستادا دۆخی هەڤاڵ ئیدریس خراپە لەگەل کەسانێک زیندانی کراوە کە لە کەسایەتی هەڤاڵ ئیدریسەوە دوورن وەکو کەسانی تیرۆرست و کەسانی بازرگان بە مادە هۆشبەرەکانەوە، زیندانیکردنی هەڤاڵ ئیدریس لە گەل ئەو جۆرە کەسانە وەکو ئەشکەنجەیەکی دەرونی بەرامبەر ئەو هەڤاڵە بەکاردێت."

بەبێ داداگایکردن زیندانی کراوە

دەربارەی مانگرتنی هەڤاڵ ئیدریس تارا حوسێن ووتی: "هەڤاڵ ئیدریس سەلیم چەند جارێک مانی لە خواردن گرتووە، چونکە ڕەوشی ژیانی لە زیندان خراپە و هیچ مافێکی نادرێت و تەنانەت رێگە نادەن پاریزەرەکەی بیبینێ یان تەنانەت پێی ناڵێن هۆکاری دەستگیرکردنەکەی چیە و هەڤاڵ ئیدریس بەهیچ شیوەیەک نەبردراوەتە بەردەم دادگا."

ئیدریس سەلیم: یان ئازاد دەکرێم یان لە مانگرتن بەردەوام دەبم تا مردن

هەروەها تارا حوسێن ڕایگەیاند: "لە ئیستادا ماوەی ١٨ رۆژە هەڤاڵ ئیدریس مانی لە خواردن گرتووە و ڕایگەیاندووە، ئازاد دەکرێت یان لە مانگرتن بەردەوام دەبێت تا دەمرێت، ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادی لێکۆڵینەوەمان کردووە و ئەوەی لە ئاسایش بە ئێمە گەیشتووە ئەوەیە، کە هەڤاڵ ئیدریس سەلیم هیچ مادەیەکی یاسای لەسەر نییە بەڵکۆ بە هۆکاری سیاسی دەستگیرکراوە."

هۆکاری دەستگیرکردنی هەڤاڵ ئیدریس سیاسیە

دەربارەی هۆکاری دەستگیرکردنی ئیدریس سەلیم تارا حوسێن ڕایگەیاند: "تەنها هۆکاری دەستیگرتنی هەڤاڵ ئیدریس سەلیم ئەندام بوونیەتی لە تەڤگەری ئازادی، ئەندام بوونیش لە تەڤگەری ئازادی تاوان نییە، تەڤگەری ئازادی حزبێکی فەرمییە لە عێراق و هەرێمی کوردستان مۆڵەتی هەیە، بۆیە دەستگیرکردنی هەڤاڵ ئیدریس سیاسییە."

ئەوەی بەرامبەر هەڤاڵ ئیدریس کراوە دژایەتیکردنی ئۆپەزسێۆنی ڕاستەقینە و نوێنەرانی گەلە

هەر لەو بارەیەوە تارا حوسێن ڕاشیگەیاند: "ئەوەی بەرامبەر هەڤاڵ ئیدریس کراوە نەک تەنها بۆ دژایەتی تەڤگەری ئازادییە بەڵکو بۆ دژایەتیکردنی ئۆپەزسێۆنی ڕاستەقینە و نوێنەری گەلە، ئەم کارەی دەسەڵات بۆ رێگریکردنە لەو تێکۆشانە رادیکاڵەی هەڤاڵ ئیدریس و هەڤاڵانی دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری، دەسەڵاتێک مافی هەموو تاکیکی ئەم هەرێمەی پێشێلکردووە."

تا ئێستا هیچ کام لەو رێکخراونەی باسی مافی مرۆڤ دەکەن خاوەندارییان لە هەڤاڵ ئیدریس نەکردووە

دەربارەی هەڵوێستی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەسەر ئەو دەستگیرکردنە سیاسییە تارا حوسێن ڕایگەیاند: "دەستگیرکردنی هەڤاڵ ئیدریس دەستگیرکردنی ڕای ئازادە، ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادی رەخنەمان هەیە لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان و مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان و عیراق و رێکخراوی ئەمنستی نێودەوڵەتی و هەموو ئەو رێکخراوانەی لە مافی مرۆڤ کاردەکەن، ئیمە راپۆرتمان داوەتە هەموو ئەو رێکخراوانەی باس لە مافی مرۆڤ دەکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ کام لەم رێکخراونە خاوەندارییان لە هەڤاڵ ئیدریس نەکردووە و ئەمەش نیشانی دەدا کە ئەم رێکخراوانە خاوەنداری لە ناوەکانی خۆیان ناکەن."

هەوڵەکانمان زیاتر دەکەین بۆ ئازادیی هەڤاڵ ئیدریس سەلیم

لە کۆتایدا تارا حوسێن ڕایگەیاند: "ئێمە هەوڵەکانمان زیاتر دەکەین و بەردەوام دەبین و چالاکییەکانمان زیاتر پێش دەخەین ئەگەر هەڤاڵ ئیدریس سەلیم ئازاد نەکرێت."

ژ.ت