تۆپ خانەکانی ڕژیمی ئێران برادۆست و باڵەکایەتی تۆپباران دەکەن

تۆپخانەکانی ڕژیمی ئێران سنووری دەڤەری برادۆستیان تۆپباران کرد، بەپێی هەوڵێکی ئاژانسی ڕۆژنیوز، تۆپ بەر ماڵێک کەوتووە و هاوڵاتییەک شەهید بووە و دوو انی تریش بریندارن، کە هەموویان ئەندامی یەک خێزانن.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ تۆپخانەکانی ڕژیمی ئێران دەستی بە تۆپبارانی گوندەکانی سنووری برادۆست لە پارێزگای هەولێر کرد. لە ئەنجامی ئەو تۆپبارانانەدا شەهید و برینداریی لێکەوتەوە.

تۆپبارانەکە گوندەکانی، 'تەلان- شکەنە و ماڵە مەلا'ی گرتووەتەوە، لە ئەنجامیدا تۆپ بەر ماڵی هاوڵاتییەک لە گوندی تەلان کەوتووە، بووەتەهۆی شەهیدبوونی ژنێکی گەنجی تەمەن ١٨ ساڵ بەناوی زەیتوون قادر و برینداربوونی دوو برای بەناوەکانی سیروان قادر و ئیسماعیل قادر.

هەروەها نیوەڕۆی ئەمڕۆ تۆپخانەکانی ئێران دەستیان بە تۆپبارانی دەڤەری باڵەکایەتی کردووە و بەهۆی بەردەوامییەوە تا ئێستا زیانەکانی سنووری باڵەکایەتی نەزاندراون.

ئەمە لە کاتێکدایە، سنووری برادۆست بە بەردەوامی لە ژێر بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک-دایە.

ک-ش