لە ڕۆژی ٢١ی تەمموزی ٢٠١٩ / ٣٠ی پووشپەڕ فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی هەڵگورد بانگی ڕۆژنامەوان و پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز زوبیر برادۆستیان کردووە بۆ ناوەندەکەی خۆیان لە سیدەکان و لەگەڵ چوونی زوبێر بۆ ناوەندی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی هەڵگورد-ی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) زوبێر تاوەکو ئێستا، کە دەکاتە ٨ رۆژە هیچ هەواڵێکی لەبارەوە بەردەستدا نییە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز پەیامنێرەکەیان لەلایەن هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دەستگیر کراوە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ ناوەندی ئاسایشی مەسیف-ی سەر بە پارێزگای هەولێر.
لەو بارەیەوە شنە فایەق سەرنووسەری ئاژانسی هەواڵی ڕۆ نیوز بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: لەو ڕۆژەوە زوبێر لەلایەن هێزی پێشمەرگەی هەڵگوردەوە بانگ کراوە و ئێمە سەرقاڵی بەدواداچوونین، کە ئاخۆ چیی بەسەر هاتووە. دوای بەدواداچونی زۆر و زانیاری وەرگرتن لە خانەوادەکەی بۆمان دەرکەت زوبێر برادۆستی لەلایەن ئەو فەرماندەییەوە دەستگیرکراوە و پاشان ڕەوانەی شارۆچکەی مەسیف کراوە.
شنە فایەق راشیگەیاند، ئەوەی جێگەی سەرنجە ئێمە لە هێزەکانی ئاسایشی سنوورەکەمان پرسی و ئەوان بێ ئاگایی خۆیان لە دەستگیرکردنی زوبێر ڕاگەیاند. هەروەها لە فەرماندەی فەرماندەیى ئەو سنوورە لە بارەى زوبێرەوە پرسیارمان کرد، بەڵام بەهەمان شێوە ڕەتی دەکەنەوە، کە زوبێر لەلایەن ئەوانەوە دەستگیرکرابێت. لە کاتێکدا کەسوکاری پشتڕاستی دەکەنەوە، کە لەلای ئەوانەوە دەستگیرکراوە و کەسوکارەکەشی ئاگادار کراونەتەوە، کە نابێت بە هیچ شێوەیەک لەسەر ئەو بابەتە قسە بکەن و بەدواداچوونی بۆ بکەن، واتا بە جۆرێک هەڕەشەیان لێکراوە، کە نابێت بە هیچ شێوەیەک قسە بکەن.
سەرنووسەری ئاژانسی رۆژنیوز لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتی: لە مانگی ئازاری ئەمساڵ دا جارێکی دیکە پەیامنێرەکەمان دەستگیرکرا و بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لەلای هێزەکان ئاسایش راگیرا و ئەو کات پێی وترابوو نابێت بە هیچ شێوەیەک دیمەنی بۆردومانەکان تۆمار بکات، کە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە دەکرێتە سەر ناوچەکانی برادۆست و ئەو ناوچانەی سوپای تورکیای تیادایە. هەروەها لێی قەدەغە کرابوو هەڵوێستی خاڵک و لێدوان سەبارەت بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا وەربگرێت، ئەو کات هێزەکانی ئاسایش بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر دەستگیریان کردبوو و پاشان ئازاد کرا.
وتیشی، ئێمە لای خۆمانەوە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانمان ئاگادار کردووەتەوە بۆ ئەوەی بێنە سەر خەت لەسەر کەیسی زوبێر. سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان بەیاننامەیەکی هەبوو و داوای لە وەزیری پێشمەرگە کرد لەسەر ئەم بابەتە بێتە سەر خەت و نابێت هێزی پێشمەرگە ڕۆژنامەنووس دەستگیر بکات.
پێشتر و لە ١٣ی ئابی ٢٠١٦ لە شاری دهۆک پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی ڕۆژ نیوز وەدات حوسێن رفینرا و دواتر بە شێوەیەکی دڕندانە تیرۆریان کرد. تاوەکو ئێستا ٤ ساڵ بەسەر کەیسی تیرۆرکردنی وەدات حوسێن دا تێپەڕیوە، بەڵام هیچ کەسێک لەسەر کەیسەکەی دەستگیر نەکراوە.
ئەو پاشخانە و شێوازەکانی مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان پێمان دەڵێن ژیانی زوبێر برادۆستی لە مەترسیدایە. هەربەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان باشووری کوردستان ناوەندێکی مەترسیدارە بۆ کارکردنی ڕۆژنامەوانی. تاوەکو ئێستا هەر یەک لە رۆژنامەنووسان سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی، وەدات حوسێن و شوکری زەینەدین لە باشووری کوردستان تیرۆر کراون و دەیان رۆژنامەنووسی تریش دەستگیرکراون، یان هەڕەشەیان لێکراوە و توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجامدراوە و کامێراکانیان شکێنراون. لەگەڵ ئەو پێشێلکارییە زۆرانەدا تا ئێستا هیچ یەک لە کەیسی ئەو ڕۆژنامەنووسە شەهیدانە لە دادگا یەکلایی نەبووەتەوە و بکوژانی ڕۆژنامەوانان ئازادانە دەسوڕێنەوە.
ر.م