تەرمی شەهید گوڵستان بە وتنەوەی دروشمی 'شەهید نامرن' بەڕێکرا

بۆ بەڕێکردنی تەرمی شەهید گوڵستان ئاکسۆی (هێڤی گابار) ژنە شۆڕشگێری کورد کە بە هۆی سەختی برینەکەیەوە لە ئەلمانیا گیانی لەدەستدا، لە شاری بەرلین مەراسیمێک رێکخرا و تەرمی شەهید بە وتنەوەی دروشمی 'شەهید نامرن' بەڕێکرا.

ژنە شۆڕشگێری کورد شەهید گوڵستان ئاکسۆی کە چەندین ساڵ لە ناو تێکۆشانی ئازادیدا خەباتی کرد، لە ساڵی ٢٠١٧وە لە وڵاتی ئەلمانیا چارەسەری پزیشکی بۆ برینە سەختەکە ئەنجام دەدرا.

ئاکسۆی دوای ئەوەی لە بەرەکانی جەنگ لە سەرێکانی مینێکی چێندراوی داعشی پێدا تەقیەوە و بە سەختی بریندار بوون، رەوانەی وڵاتی ئەلمانیا کرا و لە شاری بەرلین چەندین نەشتەگەری بۆ ئەنجام درا. بە هۆی ئەو پارچانەی لەسەریدا بەجێ مابوون، پرۆسەی تەداوی و چارەسەریەکەی زۆری خایاند.

لە ماوەی قۆناغی چارەسەریەکەیدا بارودۆخی تەندروستی ناجێگیر ببوو، دواجاریش لە ٢٦ی تەمموزدا گیانی سپارد و چووە ریزی شەهیدانەوە.

بە مەبەستی بەڕێکردنی تەرمی شەهید ئاکسۆی، لە بەرلینی پایتەخیتی ئەلمانیا لە لایەن بزوتنەوەی ژنانی کورد-ئەوروپا، مەراسیمێکی شایستە ساز کرا. دوای وەرگرتنەوەی تەرمی شەهید لە پزیشکی دادوەری، تەرمەکە بە کاروانێک رەوانەی ناوەندی کوردستانیانی ئازاد لە بەرلین کرا.

بە وتنەوەی دروشمی 'شەهید نامرن' تەرمی شەهید بەڕێکرا

لە مەراسیمەکەدا بۆ گیانی پاکی شەهیدان سەرەتا ئامادەبووان خولەکێک بە بێدەنگی بە پێوە وەستان، دواتر زۆزان سەرحات ژنە سیاسەتمەداری کورد وتەیەکی پێشکەش کرد.

دواتریش تەرمی شەهید هێنرایە کۆمەڵەی گروپی دەرسیم لە ناوچەی کریزبەرگی بەرلین و بە دروشمی 'شەهید نامرن'، 'بژی سەرۆک ئاپۆ' پێشوازی لە تەرمی شەهید گوڵستان ئاکسوی کرا.

نوێنەری چەندین رێکخراو و دەزگای کوردی بەشداریان لە مەراسیمەکەدا کرد. لە مەراسیمەکەدا سەرەتای لەسەر ژیان و خەبات و تێکۆشانی گوڵستان ئاکسوی سینەڤیزیۆنێک پێشکەش کرا. دواتر نوژیان گونای لەسەر ناوی ئەنجومەنی ژنانی ئێزدی و یوکسەل کۆچ هاوسەرۆکی کەجەدەکە-ئەوروپا و زەینەب دێرسم ئەندامی بزوتنەوەی ژنانی کورد-ئەوروپا و شەنگە قەهرەمان نوێنەری رێکخراوی خانەوادەی شەهیدان و مەدیا بۆتانیش وەک چالاکی بواری کاروباری ژنان لە سەر ناوی خانەوادەی شەهید ئاکسۆی پەیامیان پێشکەش کرد.

لە پەیامەکاندا باس لە ژیان و تێکۆشانی شەهید گوڵستان ئاکسۆی کرا و بەڵێنیش دووپات کرایەوە کە هەمووان خاوەنداری لە تێکۆشان و بیرەوەریەکانی شەهیدان دەکەن.

دوای پەیامەکان، تەرمی شەهید بە وتنەوەی دروشمی 'شەهید نامرن' لە لایەن ژنانەوە بەڕێکرا.

تەرمی ئاکسۆی کە شەوی رابردوو لە فرۆکەخانەی بەرلینەوە بەرەو کوردستان بەڕێکرا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەیشتە شاری مێردین و لەوێ لە زێدی خۆی بەخاک سپێردرا.

ز.ش