تەمەللی: ئاکەپە تەنها ئامانجێکی هەیە، ئەویش لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کوردە

سەزایی تەمەللی هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە لە سەر رووداوەکانی ئیدلب قسەی کرد و وتی:"ئاکەپە بەردەوام لەبەر دەرگای روسیا و ئەمریکایە و هەوڵدەدات خۆی لەسەر پێ بهێڵێتەوە. تەنها ئامانجیکی هەیە، ئەویش لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردە."

سەزایی تەمەللی هاوسەرۆکی گشتی پارتی گەلانی دیمۆکراتیک-هەدەپە لە کۆبونەوەی ئاسایی هەفتانەی پارتەکەیدا تیشکی خستە سەر دووایین رووداوەکان و گەرمترین بابەتەکانی رۆژ.

تەمەللی تیشکی خستە سەر سەردانەکەی بۆ ناوچەی جزیر و وتی:" لە ٧ی شوباتی ساڵی ٢٠١٦، ١٨٩ کەس ژێرزەنینەکانی جزیر کوژران. بەداخەوە لێپرسینەوەی لە بارەی کوشتنی ئەو ١٨٩ کەسە نەکرا. لە راستیدا ئیمە چاوەرێی ئەوە ناکەین ئەم دەسەڵاتە لێپرسینەوە لەم کۆمەڵکوژییە بکات. ئێمە ئەو هاوڵاتییانەمان لەبیر ناکەین و جارێکی دیکە سەرمان لەبەردەم ئەو شەهیدانە نەڤی دەکەین. بۆچی لەو ژێرزەمینانە ئەو کارەساتە روویدا؟ لەبەر ئەوەی پلانێکی ئەم دەسەڵاتە بوو. ئەم پلانە پلانی لەناوبردن بوو، لە ٥ی نیسانی ساڵی ٢٠١٥ بە توندکردنی گۆشەگریی، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. دواتریش کۆمەڵکوژییەکانی ئامەد، پرسوس و ئەنکەرە ئەنجام دران. ئەمە تا ئێستاش بەردەوامە."

زیانیان گەیاندە سیاسەتی دیمۆکراتیک"

تەمەللی هەروەها رایگەیاند، دەسەڵات بە پلانەکانی، وڵاتی هەراسان کردووە و وتی:" نایەکسانی بە توندکردنی گۆشەگیری دەستی پێکرد. ئیدی ئەمەیان کردووە بە بارودۆخیکی ئاسایی. لە هەموو شوێنێک نایەکسانی و نادادی هەیە. شارەکانیان تەخت کرد و رووخاندیان. مافی حەسانەی ئەندام پەرلەمانەکانیان لێسەندنەوە و سیاسەتی دیمۆکراتیکیان لەناو برد. بە کودەتای ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦، زیانیکی گەورەیان لە سیاسەتی دیمۆکراتیکدا. بە جێگیرکردنی قەیومەکان لەم وڵاتە ئاشتی کۆمەڵایەتییان لەناو برد. نموونەی قەیومەکان لە ناوچەی هەزەخ بەباشی دەبینرێت. لە لایەکەوە فەرماندەی جەندرمە و لە لایەکی دیکەشەوە بەڕێوەبەرانی ئاسایش. ئەمە تابلۆی تورکیایە. ئەمە ئەو راستییەیە کە وڵاتی تێدایە. سەرکەوتنی پلانی لەناوبردن ئەمەیە. لەم وڵاتە شتێک نەماوە بە ناوی سیاسەتی دیمۆکراتیک. شتێک بە ناوی ئاشتی کۆمەڵایەتی نەماوە."

'جاشەکان لە هەموو جێگایەک جێگیر دەکەن'

تەمەللی سیستمی دەسەڵاتداریی، کە حکومەت دەیەوێت بونیادی بنێت، وەکو "سیستمی زۆرەملێ" پێناسە کرد و بەم شێوەیە دوا:" میکانیزمەکانی توندوتیژی بەردەوامن. دەسەڵات دەیەوێت، تەواوی وڵات بخاتە ژێر کۆنتڕۆلی خۆی و بە رێوشوێنی جیاواز دەیەوێت ئەمە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. وەکو سیستمی جاشایەتی لە کوردستان، ئەمڕۆش بە یاسایەکی تایبەت، جاشەکان لە شەقام و کۆڵانەکان جێگیر دەکات. دەیانەوێت کۆمەڵگا و وڵات تیرۆریزە بکەن. ئێمە لە ناو کابوسێکی بێکۆتادا دەژین. هۆکاری دروستبوونی ئەم کابوسەش دەسەڵاتە."

'ئامانجیان تەنها ئەوەیە دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەناو بەرن'

تەمەللی تیشکی خستە سەر سیاسەتەکانی دەرەوەی تورکیا و رەخنەی لە حکومەت گرت و وتی:" کاتێک سەیری ئیدلب دەکەی، دوایین وێنەی هەموو بابەتەکان لە ئیدلب خۆی پیشان دەدات. من تێناگەم چی دەکەن. ئاگای لە سیاسەت و سیتمی جیهانی نییە. ئەم دەسەڵاتدارە دەیەوێت لە ناو ئیمپریالیستدا بەرژەوەندییەکانی خۆی دابین بکات. ئەوەی ئێمە پێی دەڵێن سیاسەتی سوریا ئەمەیە. دەیەوێت خۆی لەم چوارچێوەیەدا جێگیر بکات. رۆژێک لە دەرگای روسیا و رۆژێکیش لە دەرگای ئەمریکا دەکات. دەسەڵات دەیەوێت خۆی بە ئاڵۆزییەکان تێر بکات و ئامانجیشی تەنها دوژمنایەتیکردنی کورد و لە ناوبردنی دەستکەوتەکانی کوردە لە ناوچەکە.

هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە هەروەها تیشکی خستە سەر فشار و هەڵوێستەکانی بەرامبەر زمانی کوردی و بەم شێوەیە بەردەوامیدا بە قسەکانی:" بەڵێ ئێمە باس لە بیر و بۆچوونێک دەکەین. ئێمە باس لەو سیاسەتانە دەکەین کە بەسەر کورددا دەسەپێندرێن. لە راستیدا یەکێک لەو کارەساتانەی زیهنییەتی ئاسیمیلاسیۆنی سەد ساڵە، ئەوەیە کە کوردی بێ قبول ناکرێت. هەڵوێستەکانی بەرامبەر کورد دیارترین تابلۆیە کە دەخرێنە روو. زمانی ملیۆنان کەس کوردییە. تەنها لە تورکیا ٢٥ میلیۆن کورد هەن. لە قۆناغی جێگیرکردنی قەیومەکانەوە، هەموو هەلوێستەکانیان بەرامبەر بە کورد و زمان و کلتوری کوردییان خستە روو. ئەوەی ئاشتی کۆمەڵایەتی زیندوو دەهێڵێتەوە و لەسەر پێ دەیهێڵێتەوە، بێگومان ناسنامە جیاوازەکانن کە دەتوانن بە زمان و کلتوری خۆیان بژین. بە پێچەوانەی ئەمەوە، هیچ رێگایەکی دیکە نییە بۆ بونیادنانی ئاشتی کۆمەڵاتی. چونکە دەسەڵاتێک لە ئارادا هەیە کە زمانی کوردی ناناسێت و پێی قبول ناکرێت. پێویستە ئیدی ئێمە لەم دەسەڵاتە رزگارمان ببێت. ئەگەر رزگارمان نەبێت لەم دەسەڵاتە، ئەم وڵاتە کە باخچەی زمانەکانە، دەبێت بە چۆڵەوانی.

قبولنەکردنی زمانی کوردی

سەردەمێک لەم وڵاتە جەندرمەی زمان هەبوون کە لە ئێستادا ئەرکی ئەو جەندرمانە دراوەتە قەیومەکان. قەیومەکان ئەم ئەرکەیان گرتووەتە ئەستۆ. تەنانەت لە ژێر سایەی پەرلەمانیشدا زمانی کوردییان پێ قبوڵ ناکرێت. رێگە نادەن ئەندام پەرلەمانەکانمان بە زمانی دایک واتە بە زمانی کوردی قسە بکەن و ئەم مافەیان لێ زەوت دەکرێت. تەنانەت بێڕێزیش بەرامبەر بە زمانی کوردی دەکەن. ئەمە چی شەرم و غافلبوونێکە. ئەمە چی کارەساتێکە. من لێرەوە بانگەوازییەک ئاڕاستەی سەرۆکی پەرلەمان دەکەم و پێی دەڵێم؛ هەر چی زووترە کۆتایی بەم شەرمە بهێنە. ئەم پەرلەمانە، پەرلەمانی کورد و تورکە؛. مافی پەروەردە بە زمانی دایک، سەرەتاییترین مافە. بۆیە پێویستە هەموو پارتەکانی تورکیا هەستیار بن بەرامبەر بە مژاری زمان. هەموو کەسێک لە ژیانی رۆژانەیدا دەتوانێت هەست بەمە بکات. تەنانەت لە کاتی گەشتەکانیشدا رێگری بۆ زمانی کوردی دروست دەکرێت. ئێمە سواری فڕۆکە بووین، تەنها ئاگادارییەکان بە زمانی تورکی و ئینگلیزی هەیە. پیێویستە لە هەموو ئاستەکاندا زمانی کوردیش لە خزمەتگوزارییەکاندا جێگیر بکرێت."

ز.ش