تەڤگەری ئازادی ئیدانەی هێرشەکانی کەرکووک و بناری قەندیل دەکات

دوای هێرشەکانی ئه‌مڕۆی کەرکووک و بۆردومانی بناری قەندیل، ئه‌نجومه‌نی هه‌رێمی كه‌ركووكی تەڤگەری ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

دوای ئەوەی لە کەرکووک کەسێک کوژراو ١٧ی دیکە برینداربوون بە هۆی دوو تەقینەوە وە لە هەمان رۆژدا فرۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە بناری قەندیل ٩ هاووڵاتیان کردە قوربانی، تەڤگەری ئازادی ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکووک بەیاننامەیەکی ئیدانەکردنی ئەو هێرشانەی بڵاوکردەوە.

دەقی بەیاننامەکە:

تەقینەوەكانی کەرکووک و بۆردومانكردنی گوندەكانی بناری قەندیل پیلانێكی گڵاوی ده‌وڵه‌تی توركە كە ئامانجی داگیركارییه‌. ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستان - ئەنجومەنی هەرێمی کەرکووک بە توندی ئیدانەی تەقینەوەكانی شاری کەرکووک و بۆردومانی بناری قەندیل دەكەین.

لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە شاری کەرکووک لە ئەنجامی ململانێی هەردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتداری كوردی و حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقی وای كردووە كە شارەكە بە بۆشاییەكی گەورەی ئەمنی تێپەر بێت. ئەمەش بووه‌ته‌ هۆی ئەوەی كە گرووپە تیرۆریستییەكان خه‌ڵكی سڤیلی شارەكە بكەنە ئامانج. بەتایبەت لەم ڕۆژانەی دواییدا چەندین تەقینەوە لەناو جەرگەی شار و لە شوێنە هەرە قەرەباڵغەكانی شاردا ڕوو بدات و بەو هۆیەشەوە چەندین كەسی بێتاوان بوونەتە قوربانی. ئامانج لەم تەقینەوانە تێكدانی ئارامیی شار و نانەوه‌ی ئاژاوە و شەڕە له‌نێوان پێكهاتەكانی شاری کەرکووک.

ئێمه‌ وەك ئەنجومەنی هەرێمی كەركووكی تەڤگەری ئازادی لە قۆناغێكی ئاوا هەستیار و پڕ لە كێشمەكێشمی سیاسی داوا لە تەواوی لایەنەكان دەكەین دژبە داگیركارییەكانی دەوڵەتی توركیا هەرچی زووە هەنگاو بەرەو كۆنگرەی نەتەوەیی بنێن. لە چوارچێوەی ئاساییكردنەوەی ڕه‌وشی کەرکووک پشتگیری لە پڕۆژەی تەڤگەری ئازادی بكەن كە ئامانج لێی پێكەوەژیانێكی ئاشتیانە و ئیدارە و بەڕێوەبردنێكی دیموكراسیانەیە.

لە ماوەی ڕابردوو تەڤگەری ئازادی لە شاری کەرکووک پرۆژە چارەسەرییەكی بۆ شاری کەرکووک ڕاگەیاند. داواكارین لە تەواوی لایەنە سیاسی و حكوومی و ڕێكخراوەكانی مەدەنی و كەسایەتیی دڵسۆز و خەمخۆری شارەكە دەكەین پێكه‌وه‌ هاوكار بین بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆژەیە تاوەكو کەرکووک و خەڵكی کەرکووک چیتر نەبنە قوربانی ململانێی سیاسی و سه‌ربازییه‌كان.

لە كۆتایی دەقی بەیاننامەکەدا هاتووە، جارێكی تر ئێمه‌ وەك ئەنجومەنی هەرێمی كەركووكی تەڤگەری ئازادی ئیدانەی ئەو تەقینەوانە دەكەین و داوا لە خودای گەورە دەکەین شەهیدەكان بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و بە هیوای چاکبوونەوە و شیفای خێرا بۆ بریندارەکان.

s.m