تەڤگەری ئازادی کەرکوک ئیدانەی دەستدرێژی سەر ژنەکەی پردێی کرد

ئەنجومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان بەتوندی ئیدانەی دەستدرێژی سێکسی سەر ژنە کوردە خاوەن پێداوێستیە تایبەتەکەی شارەدێی پردێ کرد.

دوای ئەوەی سێ رۆژ لەمەوبەر ئاشکرا بوو لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە چەند کەسێک دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەر ژنێکی کوردی خاوەن پێداویستی تایبەت لە شارەدێی پردێی سەر بە پارێزگای کەرکوک، ئەو کەسانەی کە ئەم کارەیان ئەنجامداوە یەکێکیان پۆلیسی کەرکوکە و ئەوانەی دیکە ئەندامی هێزێکی چەکدارن، دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە تووڕەییەکی زۆر کەوتە نیو شەقامی عێراقی بەگشتی و شەقامی کوردی بەتایبەتی، دوای ئەوەی ئاشکرا بوو کە ئەو گرتە ڤیدێۆیە پێش یەک هەفتە گیراوە و هەوڵدراوە ئەم کەیسە بشاردرێتەوە، چەندین لیژنە پێکهات بۆ لێکۆلینەوە لەم تاوانە و ئەو لیژنانەش پێکهاتبوون لە لیژنەی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوک و لیژنەی بەریوبەرایەتی پۆلیسی کەرکوک و وەزارەتی ناوخۆ و هەریەک لە مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان و عێراق.

لە دژی دەستدرێژی کردنە سەر ئەو ژنە خاوەن پێداویستی تایبەتە لەلایەن چەند کەسێک کە جل و بەرگی هێزی چەکداریان لەبەربووە و بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی دەستدرێژیەکە، ئەنجومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و ئیدانەکردنی ئەو دەستدریژیە قیزەونە لە بەیاننامەیەکدا هەڵوێستی خۆی بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاند.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان ئەنجومەنی هەرێمی كەركوك ئیدانەی ئەو دەستدرێژیە دەكەین كە لەلایەن ئەندامێکی پۆلیس و چەند ئەندامێکی هێزێکی چەکداری دوور لە هەموو بەهایەكی مرۆڤایەتی و ئەخلاقی كردویانەتە سەر ژنێكی خاوەن پێداویستی تایبەت.

كەسانێك لە ژێر ناو و بەرگی سەربازی و ئەمنیدا كە ئەركیان پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیانە و ئەركیان دابین كردنی ئاسایش و ئارامییە بەڵام زۆر بەداخەوە ئەو ناوە بۆ دەستدرێژی كردنە سەر هاووڵاتی بەكاردەهێنن."

هەروەها لە بەیاننامەکەی تەڤگەری ئازادیدا هاتووە: "ئەوەی لە شارەدێی پردێ ڕوویداوە ڕووداوێكی ئاسایی نیە و چەندین تاوانە كە لەیەك كاتدا ئەنجام دراوە، چەند ئەندامێكی هێزێكی دەسەڵات دەستدرێژی دەكاتە سەر ژن جارێكی تریش ئەوەی كە بۆتە قوربانی هەر ژنە لەلایەكی دیکەوە ئەو ژنە خاوەن پێداویستی تایبەتە ئەمەش بۆ خۆی تاوانێكی تری قێزەونە.

ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادی داواكارین لە تەواوی دەزگا پەیوەندیدارەكان هەرچی زووە تاوانباران بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنن."

هەروەها ئەنجومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی ستایشی ڕۆڵی هێزە ئەمنیەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد بۆ رێگەنەدان بە پەردەپۆشکردنی ئەو ڕووداوە نامرۆڤایەتیە و ڕایانگەیاند: "تەڤگەری ئازادی ئەنجومەنی هەریمی كەركوك دەستخوشی لەتەواوی ئەو دەزگا ئەمنی و كەس و لایەنانە دەكات كە هەرزوو رێکاری پێویستیان دژی ئەو تاوانبارانە گرتەبەر و رێگەیان نەدا تاوانەكە پەردەپۆشبكریت."

هەروەها سەبارەت بە رۆڵی (یوسرە ڕەجەب)ئەندامی نوێنەرانی عێراق لە چاودێریکردنی کەیسەکە و ئەنجامدانی بەدواداچوون بۆ ئەو رووداوە، ئەنجومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی ڕایگەیاند: دەستخۆشی لە (یوسرە ڕەجەب)ئەندام پەرلەمانی عێراق دەكەین كە ڕۆڵێ كارێگەری هەبووە لە ئاشكراكردن و ئاگاداركردنەوەی دەزگا ئەمنیەکان."

لە کۆتایی بەیاننامەکەی ئەنجومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادیدا هاتووە: "جارێكی تر ئێمە وەك تەڤگەری ئازادی ئەنجومەنی هەرێمی كەركوك بەتوندی ئیدانەی ئەو كارە قێزەونە دەكەین و داواكارین ئەو تاوانبارانە بەزوترین كات بدرێنە دادگا و سزای خۆیان وەرگرن."

ف.ق