تەڤگەری ئازادی: یەكێتی نەتەوەیی تاکەرێگەیە بۆ پێشگرتن لە داگیركاری

ئەنجومەنی هەرێمی گەرمیانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ئیدانەی هێرشەكەی شانە نووستووەکانی داعشی کرد بۆسەر شارۆچكەی كۆكس و ڕایگەیاند:" تەنها بە یەكێتی نەتەوەیی دەتوانین ڕێ لە هێرش و داگیركاری و كۆمەڵكوژییەكانی سەر گەلەكەمان بگرین"

لە بەیاننامەیەكدا ئەنجومەنی هەرێمی گەرمیانی تەڤگەری ئازادی ئیدانەی ئەو هێرشەی كرد كە چەتەكانی داعش شەوی ڕابردوو كردیانە سەر گوندی كوڵە جۆی سەر بە شارەدێی كۆكس-لەسنوری شارۆچكەی كفری كە چوار شەهید و پێنج برینداری لێكەوتەوە و ڕایگەیاند:"ئەم ناوچانە هەمیشە بووەتە ئامانج بۆ پەلاماردانی تیرۆریستانی داعش و گروپە چەكدارەكان لە مەخمورەوە بگرە تاوەكو كەركوك و داقوق و دووزخورماتوو و جەلەولا و خانەقین". 

لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە، هێرشەكانی ئەم دواییەی هەفتەغار و خانەقین و دواین هێرشیش لە 31 تەموز بۆ سەر خاڵێكی پشكنینی ئاسایشی گەرمیان لە كوڵەجۆ، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت كە هێشتا تیرۆریستانی داعش و ئەوانەی لە پشتی داعشەوەن، مەترسی هەرە گەورەن بۆ سەر گەلی كورد و دەستكەوتەكانی و نایانەوێت ئەم ئەزموونەی باشوری كوردستان لە سەقامگیری سیاسی و ئیداری و ئابوریدا بێت بە تایبەت ناوچەكانی ماددەی 140.

لە درێژەی بەیاننامەكەدا هاتووە، ئێمە وەكو ئەنجومەنی هەرێمی گەرمیانی تەڤگەری ئازادیی ئیدانە و شەرمەزاری ئەو هێرشانە دەكەین، دەڵێین ئەو هێرش و پەلامارانە لە ئەنجامی یەك نەبوونی گەلی كوردە بۆیە بانگ لە هەموو لایەنە سیاسیەكان و سەجەم چین و توێژەكان دەكەین هەوڵی یەكێتی نەتەوەیی و یەكگرتنی گەلی كورد بدەن چونكە تەنها بە یەكێتی نەتەوەیی دەتوانین ڕێ لە هێرش و داگیركاری و كۆمەڵكوژییەكانی سەر گەلەكەمان بگرین.

لە كۆتاییدا هاتووە، سەرەخۆشی لە خانەوادەی سەربەرزی ئەو پۆلە شەهیدە و گەلی كورد دەكەین و هیوای زوو چاك بونەوەش بۆ سەرجەم بریندارەكان دەخوازین.

ک-ش