جومعە تاک و بەرخۆدانی ئاخشوونێ

٤٠ ساڵ بەرلەئێستا لە گوندی ئاخشوونێی سەر بە حیلوان و ساڵێک دوای دامەزراندنی پەکەکە جومعە تاک و چوار هاوڕێی لە ئەنجامی بەرخۆدانێکی گەورەی دوو ڕۆژیدا گیانی خۆیان بەختکرد.

بەرخۆدانی حیلوان لەلایەکەوە سەلماندی نۆکەری گەورەترین ئاستەنگی بەردەم ڕێگەی ئازادیی گەلی کوردستانە. لە لایەکی تریشەوە  سەلێمنەری بەرخۆدانی گەورەی لە دژی نۆکەری.

لە ٩-١٠ ئەیلولی ساڵی ١٩٧٩ / ١٨و ١٩ی خەرمانا لە گوندی ئاخشوونێ لە ئەنجامی بەرخۆدانێکی مێژووییدا جومعە تاک پێشەنگێکی پەکەکە لەگەڵ هاوڕێکانی عەلی چات، جومعە بۆزکۆیون، سەعدون دەمیرکۆچ و عەبدولڕەحمان ماناپ گیانیان بەختکرد. ئەو جەنگاوەرانەنی پەکەکە دوو ڕۆژ بەرگرییان کرد و خۆیان ڕادەست نەکرد.

ئەندامی بنەماڵەیەکی هەژار بوو

جومعە تاک ساڵی ١٩٥٦ لە حیلوان لە خانەوادەیەکی هەژار لەدایک دەبێت. بە هۆی ئەوەی خانەوادەکەی کاری کرێکاری وەرزییان دەکرد، لە هەلومەرجێکی خراپدا دەژیان. جومعە تاک هەرچەندە منداڵ بوو، بەڵام بۆ ئەوەی یارمەتیی خانەوادەکەی بدات، کاری دەکرد. لە زستانانیشدا دەچوو بۆ خوێندنگا هەرچەندە دۆخی مادییان باش نەبوو. دوای قۆناغی دواناوەندی، لە پەیمانگەی مامۆستایان لە دێرسیم دەستی بە خوێندن کرد. تاک لە نێوان ساڵەکانی ١٩٧٥ – ١٩٧٦ بە تەڤگەری ئاپۆیی ئاشنا دەبێت و بە شێوەیەکی چالاک بەشداری لە تێکۆشان دا دەکات.

جومعە تاک لە هەرێمی دێرسیم بەشداریی تێکۆشان دەبێت، لە هاویندا لە سیوەرەک لەدژی نەتەوەپەرستی بۆرژوایی کورد خەبات دەکات. دوای ئەوەی کەسایەتیی فیداکار و بڕیاردەر و تێکۆشەری ئاوێتەی یەکتر دەبێت، جومعە تاک دەبێتە پێشەنگێکی شۆڕشگێر. بە ڕاست و دروستی ئەرکە شۆڕشگێڕییەکانی بەجێدەهێنێت. لە دێرسیم، سێوەرەک، ڕحا و حیلوان دەست بە تێکۆشان دەکات.

کرایە ئامانج

جومعە تاک لەدژی هێزە فاشیست و کۆنەپەرستەکان بە بوێری لە ڕێزی پێشەوەی تێکۆشاندابوو. لە ڕحا لەگەڵ ٣-٤ هاوڕێی دا توانیی دەیان فاشیست تێکبشکێنێت.

بە هۆی تایبەتمەندییەکانیەوە لەلایەن دوژمنانەوە کرایە ئامانج. لە ٩ی ئەیلولی ١٩٧٩ / ١٨ی خەرمانان لەگەڵ هاوڕێکانی عەلی چات، جومعە بۆزکۆیون، سەعدون دەمیرکۆچ و عەبدولڕەحمان ماناپ بۆ ئەوەی دەربازی ناوچەی بوجاق ببن، چوون بۆ گوندی ئاخشوونێی سەر بە سیوەرەک. پلانەکەیان وابوو شەوێک لەوێ بمێننەوە و دواتر بەڕێبکەون. زانیاری دەگاتە عەشیرەتی بوجاق کە ژمارەیەک شەڕڤانی پەکەکە لە ئاخشوونێن و نزیکەی ٨٠ چەتەی چەکدار گوندەکە گەمارۆ دەدەن.

خۆتان ڕادەست بکەن

چەتەکانی بوجاق داوا لە میلیتانەکانی پەکەکە دەکەن خۆیان ڕادەست بکەن. جومعە تاک دەڵێت، 'لەناو پەکەکەدا تەسلیمبوون بۆ دوژمن بوونی نییە' و بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانی دەدات "ئەگەر دەتوانن وەرن و دەستگیرمان بکەن". چەتەکانی بوجاق کە دەزانن میلیتانەکانی پەکەکە خۆیان ڕادەست ناکەن دەست بە هێرش دەکەن. لە گوندی ئاخشوونێ بەرخۆدانێکی مێژوویی دەستپێدەکات و دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت و وەک بەرخۆدانێکی قاڕەمانێتی مۆری خۆی لە مێژووی گەلی کورد دەدات.

"ئێمە بۆ ڕزگاریی گەلەکەمان گیانمان دەبەخشین"

لە بەرخۆدانە بێوێنەکەدا جومعە تاک ناو بە ناو بە چەتەکان دەلێت، "من و هاوڕێکانم شەڕڤانی پەکەکەین. ئێمە لەدژی ئاغاکانی وەکو جەلال بوجاق، کە زۆڵم لە خەڵک دەکەن و ئێوەش بەکاردەهێنن شەڕ دەکەین. ئێمە خاوەنی تێکۆشانێکی ڕەواین. ئێمە بمرین، بۆ ڕزگاریی وڵات و گەلی خۆمان دەمرین، بەڵام ئایا ئێوە بۆچی شەڕ دەکەن؟ ئێمە بەشەرەفەوە دەمرین، بەڵام ئێوە هەموو ڕۆژێک هەزار جار بە شێوەیەکی بێشەرەفانە دەمرن".

لە شەڕەکەدا عەلی چات و عەبدولڕەحمان ماناپ شەهید دەبن. ژمارەیەکی زۆر لە چەتەکانی بوجاق دەکوژرێن. دوای شەڕی دوو ڕۆژە جبەخانەی جومعە تاک و هاوڕێکانی کۆتایی پێدێت. جومعە تاک بە چەتەکان دەڵێت، "جەبخانەمان تەواو بووە، گولەمان بدەنێ با لەدژی یەکتری شەڕ بکەین. لەوانەیە بمرین، بەڵام گەلی کورد بە پێشەنگایەتیی ڕێبەرایەتی پەکەکە نامرێت. ئاڵای سوور کە تا کۆتایی تەمەنمان شەکاوە بوو سەردەکەوێت. بژی کوردستانی دیموکراتیک. بژی پرۆلیتاریای کوردستان و ڕێبەری گەلەکەمان پەکەکە".

ئەو جەنگاوەرانەی پەکەکە، کە گولـلەیان تەواو بوو بووە نەک چەکەکانیان ڕادەست نەکرد، بەڵکو چەکەکانیان سوتاند بۆ ئەوەى نەکەونە دەستى دوژن.

دوای دوو ڕۆژ لە شەڕێکی بێوێنەدا، کە دوو جەنگاوەری پەکەکە گیانیان بەختکرد، جومعە تاک، جومعە بۆزکۆیون، سەعدون دەمیرکۆچ بۆ گوندی چاتۆکێ گواسترانەوە. جومعە تاک لەوێ گۆتارێکی پێشکەشکرد و قسەی کرد. ئەو چەتانەی کە بە قسەکانی جومعە تاک کاریگەر بوون، وتیان، "ئێمە دەزانین ئێوە لەسەر هەقن، بەڵام ئاغاکەمان فەرمانی کوشتنی ئێوەیان داوە". دواتر میلیتانەکانی پەکەکەیان شەهید کرد و تەرمەکانیان هاوێشتە ناو ڕووباری فورات.

لە ڕێوڕەسمێکی گەورە و شکۆمەندانەدا بەخاکسپێردران

دوای چەند ڕۆژ تەرمی جەنگاوەرەکانی پەکەکە لە ڕووباری فورات هێنرانە دەرەوە. لە حیلوان مەراسیمێکی گەورە بۆ جەنگاوەرەکانی پەکەکە رێکخرا. بە بەشداریی هاوڕێکانیان و هەزاران کەس بەخاکسپێردران و پێنج میلیتانی پەکەکە نەریت و میراتێکى پڕ لە بەرخۆدان و تێکۆشانیان لەدوای خۆیان بەجێهیشت.

ژ.ت