جۆلەمێرگ، زێرابی سەربازگەکانی سوپای تورک دەبێتە هۆی دروستبوونی نەخۆشی

زێرابی سەربازگە و قەرەقۆلە سەربازیەکانی سوپای تورک لە شاری جۆلەمێرگ بووەتە هۆی پیسبوونی ئاوی چەم و روبارەکان. گوندنشینەکان بە ناچاری بەو ئاوە پیسە باخ و بێستانەکانیان ئاو دەدەن کە ئەمەش هۆکارێکی سەرەکیە بۆ دروستبوونی چەندین نەخۆشی.

سروشتی جۆلەمێرگ بە کانی و ئاوە پاک و سازگارەکانیەوە دەناسرێتەوە، بەڵام بە هۆی ئەوەی بە سەدان سەربازگە و قەرەقۆلی تێدا دروستکراوە، پاشەڕۆ و زێرابەکانیان بووەتە هۆی پیسبوونی ژینگە و بەتایبەت ئاوی چەم و رووبارەکانی.

پاشەڕۆ و زێرابەکانی سەربازگەی کۆماندۆی کە ١٥ کیلۆمەتر دوورە لە ناوەندی شاری جۆلەمێرگەوە، ئاوی خواردنەوە و چەم و رووباری گوندنشینان و خەڵکی ناوچەکەی پیس کردووە، کە بەتایبەت بۆ ئاودانی باخ و بێستانەکانیان بەکاری دەهێنن. هاوکات بڵاوبوونەوەی بۆنی زێرابەکانی سەربازگە و قەرەقۆلەکانی سوپای تورک بووەتە هۆکارێکی دیکەی ناڕاحەتی بۆ خەڵکی ناوچەکە، بە شێوەیە کە ئەو بۆنە تەنانەت دەگاتە ناو ماڵی هاوڵاتیانیشەوە.

پاشەڕۆی زێرابی سەربازگەکانی سوپای تورک کە تێکەڵ دەبێت لەگەڵ ئاوی چەم و رووبارەکان، مەترسیەکی گەورە لەسەر تەندروستی منداڵانیش دروست کردووە. بە تایبەت لە وەرزی هاویندا کە خەڵک بە گشتی و منداڵان بە تایبەتی بۆ مەلەکردن دەچنە سەر چەم و رووبارەکان کە ئەو زێرابانەش دەڕژێنە ناو چەمەکانەوە. تەنانەت بەم دواییە، چەندین کەس بە هۆی سکچوون و رشانەوە سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە.

هاوڵاتیان ناڕەزایەتی دەردەبڕن

دانیشتوانی گوندەکانی نزیک لەو چەم و رووبارانەی پاشەڕۆی زێرابی سەربازگەکانی دەڕژێتە ناو، لەگەڵ ئەوەی سەدان جار سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکانیان کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە. ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتی هاوڵاتیان و دانیشتوانی ناوچەکە.

'سروشتیشمان بە تاڵان دەبەن'

"چەندین مانگە پاشەڕۆ و زێرابی سەربازگەکە بە ناو گوندەکەماندا دەڕوات" ئەمە قسەی یەکێکە لە دانیشتوانی گوندێکی جۆلەمێرگ. ئەو هاوڵاتیە دەڵێت، زێرابی سەربازگەکە، لە لایەکە سروشتی جوانی گوندەکەیان تێک داوە، لە لایەکی تریشەوە، بە هۆی ئەوەی دواجار دەڕژێتە ناو چەمی ئوتلوجاوە کە بە هەزاران کەس ئاوی ئەو چەمە بۆ خواردنەوە و ئاودانی باخ و بێستان بەکار دێنن و هاوکات منداڵان مەلەی تێدا دەکەن، ئەمەش بووەتە هۆی مەترسی بۆ سەر تەندروستی هاوڵاتیانی ناوچەکە. چەمی ئوتلوجا لە ناو چەندین گوندەوە تێدەپەڕێت و دەگاتە ناوەندی شاری جۆلەمێرگ. دواجاریش تێکەل بە چەمی زاپ دەبێت.

"لایەنە پەیوەندیدارەکان بێدەنگن"

هاوڵاتیەکی تری جۆلەمێگ دەلێت، ئەوان بە سەدان جار لەسەر ئەم حاڵەتە سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتیان کردووە، بەڵام هیچ وڵامێکیان وەرنەگردووە و بەرپرسان بێدەنگن. ئەو هاوڵاتیە ئاماژە بەوەش دەکات کە هاوینی هەموو ساڵێک، ئەو پاشەڕ ۆ و زێرابانە دەبنە هۆی دروستبوونی چەندین نەخۆشی لە ناو دانیشتوانی ناوچەکەدا و وتی:"بە داخەوە ئاو و سروشتمان لە لایەن سەربازەکانەوە پیس دەکرێت. هاوینان بۆنی گەنیو و پیس لە ناوچەکە بڵاو دەبێتەوە. ناتوانین لە ماڵەکانمان بێینە دەرەوە. بە هۆی گەرم بوونی کەشوهەوا دەچین بۆ مەلەکردن کە ئەمەش مەترسی دروستبوونی نەخۆشی لێدەکەوێتەوە."

ز.ش