حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک بۆ چۆنیەتیى بانگەشەى هەڵبژاردن کۆبوونەوە

حزبە کوردستانیەکان شاری کەرکوک لەسەر ئاستی ڕاگەیاندنی حزبەکان کۆبوونەوە.

ئەمرۆ یەک شەممە لە بارەگای حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە شاری کەرکوک حزبە کوردستانییەکان لەسەر ئاستی ڕاگەیاندنی حزبەکان کۆبوونەوە بۆ رێکەوتن لەسەر میکانزمی کارکردنی ڕاگەیاندنی حزبەکان لەکاتی بانگەشە کردن بۆ لیستە هاوبەشەکەی حزبە کوردستانیەکانی شاری کەرکوک.

پاش کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا شوان محەمەد بەرپرسی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە کەرکوک باسی لە تەوەری کۆوونەوەکە کرد و ڕایگەیاند: "لەبەر ئەوەی ڕاگەیاندن رۆڵی گرنگ دەبینێ لە ئاراستە کردنی رای و بۆچوونی خەڵک لەم کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆ ستراتیجێکی تایبەت دارێژراوە بۆ کاری دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە پێناو لیستە هاوبەشەکەمان لە پاریزگای کەرکوک."

هەروەها شوان محەمەد وتی: "ئێمە وەکو حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک پێمان وایە کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن پێویستە لە خزمەتی بانگەشەی یەک لیست بن بۆ خزمەت کردنی گەلەکەمان لە شاری کەرکوک."

هەروەها ڕاشیگەیاند: "لە ستراتیژەکەماندا رێککەوتوین لەسەر ئەوەی ئاراستەی کارکردنمان لە کەرکوک ئاراستەیەکی ئارام هاوبەش بێت و رێز لە پێکهاتەکانی شارەکە بگرێت و لە چوارچێوەی ئەتەکێتی رۆژنامەوانی کارەکانی خۆمان ببەینە پێشەوە."

لە کۆتایدا شوان محەمەد وتیشی: "لەم کۆبوونەوەیە هەموو لایەنەکان سەرنج تێبینی خۆمان باس کرد و بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو پلانی تایبەتمان داڕشتووە، و ئومێدەوارین لیستە هاوبەشەکەمان لە شاری کەرکوک پشتیوانیی خەلک بە دەست بێنێت."

ژ.ت