حزبە کوردستانیەکانی کەرکووک:پێویستە کورد لە روبەروبوونەوەی داگیرکاری لەسەر رۆژئاوا یەکڕیز بێت
بەرپرسێکی حزبی لە کەرکوک دەلێت: تورکیا سودی لە پارچە بوونی کوردان وەرگرتووە بۆ دەستپێکردنی ئۆپراسێون دژی رۆژئاوای کوردستان.
بەرپرسێکی حزبی لە کەرکوک دەلێت: تورکیا سودی لە پارچە بوونی کوردان وەرگرتووە بۆ دەستپێکردنی ئۆپراسێون دژی رۆژئاوای کوردستان.
حزبە کوردیەکانی شاری کەرکوک داوا دەکەن حزبە کوردستانیەکان یەک ریزبن بۆ رووبەربوونەوەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان.
ئاڵۆزی ئیستای سوریا یارمەتیدەر بووە بۆ ئەنجامدانی داگیرکاری لەو ناوچەیە
مامۆستا رەسول ڕەئوف بەرپرسی کەرکوکی حزبی سۆسیالستی دیموکراتی کوردستان دەربارەی ئەو هێرشانەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بە ئاژانسی هەوڵی فوراتی ڕاگەیاند: "ئەو ڕەوشەی ئیستا دەگوزەرێت لە رۆژئاوای کوردستان چاوەروان کراو بوو چونکە دەوڵەتی تورک هەمیشە هەوڵی داوە ناوچەکانی دەسەڵاتی خۆی زیاتر فراوان بکات لە دەرەوەی سنورەکانی تورکیا تا بتوانێت ئاڵوزی و کێشەکانی ناوخۆی تورکیا بگوازێتەوە بۆ ووڵاتانی دراوسێ."
هەروەها ڕەسول رەئوف وتی: "ئەوەی ئیستا دەگوزەرێت لە رۆژئاوای کوردستان دەتوانین بلین هەمان داگیرکاری و فراون بوونی دەسەڵاتی عوسمانیەکانە کە بە درێژایی مێژوو هەوڵی خۆسەپاندن و داگیرکاری ناوچەکەیان داوە، بارودۆخی ئاڵۆزی ئیستای سوریا یارمەتیدەر بووە بۆ ئەنجامدانی داگیرکاری لەو ناوچەیە."
ئەمریکایە گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا داگیرساندووە
هەروەها ڕەسول ڕەئوف دەربارەی هەڵوێستی ئەمریکا لەم هێرشەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان وتی: "ئەوەی ئیستا جێگای داخە سیاسەتی ئەمریکایە کە گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا داگیرساندووە ئەمەش مەترسی بۆ سەر کایانی کوردی دروست کردووە، مێژوو سەڵماندوویەتی کە تورکیا هەر شوێنێکی داگیر کردبێ چۆلی ناکات، ئەمریکا هەمیشە شەری بەرژەوەندیەکانی خۆی کردووە نەک شەری مافی نەتەوەکان."
هەروەها مامۆستا ڕەسول ڕەئوف وتیشی: "لە رۆژئاوا پایەیەک لە پایەکانی دەسەلاتی خۆجێی کوردی دروست بووە وە شەرکردنی رۆژئاوا بەرامبەر تیرۆرستانی داعش پاڵپشتیەکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دروستکردبوو بۆ خەباتی رۆژئاوا بۆیە پێم وانیە کە بەئاسانی ئەم خەبات و تێکۆشانە کپ بکرێت."
دەربارەی چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی تورکیا ڕەسول ڕەئوف وتی: "لەم قۆناغەدا ناسینی دۆست و دوژمن زۆر گرنگە، پیویستە لۆبێکی نێودەڵەتی دروست بکرێت و پشتگیریەکی نێودەوڵەتی لە ئاستی ناوخۆ و نێودەڵەتی دروست بکرێت بۆ ئەوەی بەلایەنی کەمەوە ئەو فشارەی سەر رۆژئاوا کەم بکرێتەوە وە ئەو کیانە خۆجێیەی رۆژئاوا لە جیاتی ئەوەی لاواز بێت بەروەو بتەوی بچێت."
دەربارەی هەڵوێستی حزبی سۆسیالست لە بەرامبەر داگیرکاری دەوڵەتی تورک مامۆستا ڕەسول ڕەئوف ڕایگەیاند: "ئێمە وەکو حزبی سۆسیالستی دیموکراتی کوردستان داگیرکردنی بستێ خاکی کوردستان رەتدەکەینەوە و لەگەل مافی هەر تاکێکی کوردین لە هەر شوێنێکی جیهاندا بێت بەتایبەتی لە رۆژئاوای کوردستان کە کورد لەسەر خاکی باوباپیرانی خۆی هەوڵی داگیرکردن و سرینەوەی ئەدرێت لەلایەن دەوڵەتی تورک وە ئەم داگیرکاریە بەهەموو شێوەیەک ڕەتدەکەینەوە."
ئەم هێرشە هەوڵدانە بۆ سرینەوەی بوونی کورد
گۆران حەساری هەڵسوراوی بزوتنەوەی گۆڕان دەربارەی هێرش و هەوڵی داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: " ئەو هێرشەی تورکیا ئەنجامی دەدات بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان یەکەم هەنگاوی نیە و کۆتا هەنگاویشی نیە،
ئەو هێرشەی ئیستا تورکیا ئەنجامی دەدات تەنها بۆ دژایەتی کردنی لایەنێکی دیاری کراو نیە بەلکو هێرش کردنە بۆ سەر نەتەوەی کورد و هەوڵدانە بۆ سرینەوەی بوونی کورد.”
بەیەک دەنگی و یەکریزی رووبەروی ئەم هێرشە داگیرکاریانە ببینەوە
هەروەها گۆران حەساری وتی: "ئێمە پێمان وایە ئەرکی هەموو لایەنە سیاسیەکان و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە بەیەک دەنگی و یەکریزی رووبەروی ئەم هێرشە داگیرکاریانە ببنەوە."
ئەم هێرشانە دەگوازریتەوە بۆ باشوری کوردستان
هەروەها گۆران حەساری وتیشی: "پێمان وایە کە ئەم هێرشە تەنها بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان نابێ بەلکو دەگوازریتەوە بۆ باشوری کوردستانیش بۆیە پێویستە لایەنە سیاسیەکانی باشوری کوردستان هەڵوێستی جدیان هەبێ بەرامبەر ئەم هێرشانە."
تورکیا سودی لە پارچە بوونی کوردان وەرگرتووە بۆ دەستپێکردنی ئۆپراسێون دژی رۆژئاوای کوردستان
ئارام کەرکوکی ئەندامی دەستەی بەرێوبەرایەتی بەرەی دیموکراتی گەل دەربارەی ئامانجی هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی فورات-ی ڕاگەیاند: "تورکیا لە ئیستادا بە تەواوەتی هەوڵی لەناوبردنی گەلی کورد دەدات، ئێمە وەکو بەرەی دیموکراتی گەل داوا لە هەموو لایەنە سیاسیەکان دەکەین لە هەرچوار پارچەی کوردستان کە یەک ریزی خۆمان بپارێزین چونکە تورکیا بۆ دەستپێکردنی ئۆپراسێون دژی رۆژئاوای کوردستان سودی لە پارچە بوونی کوردان وەرگرتووە ."
تورکیا دواتر بەرەوە باشور هێرش دەکات
هەروەها ئارام کەرکوکی دەربارەی هەرشەکانی سەر باشوریش بە ئاژانسی هەواڵی فورات-ی ڕایگەیاند: "ئەگەر تورکیا لەم هێرشەی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان سەرکەوتوو ببێت ئەوە دواتر بەرەوە باشور هێرش دەکات و هەمان سیاسەت بەکاردێنیت بۆ داگیرکردنی باشور و کەرکوک و موسڵ."
لەوانەیە کوردان تووشی کۆمەڵکوژی ببنەوە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە
دەربارەی هەڵوێستی بەرەی دیموکراتی گەل لە بەرامبەر هێرش کردنە سەر رۆژئاوای کوردستان ئارام کەرکوکی ڕایگەیاند: "ئێمە وەکو بەرەی دیموکراتی گەل بە هەموو شێوەیەک ئیدانەی ئەو هێرشەی دەوڵەتی تورک دەکەین بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، داوا لە هەموو گەلی کورد دەکەین کە خاوەنداری لە رۆژئاوای کوردستان بکەن چونکە چارەنووسی گەلی کورد و ئەو گۆرانکاریانەی لەناوچەکە روودەدات گرێدراوە بە چارەنووسی رۆژئاوای کوردستانەوە چونکە سەرنەکەوتنی گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان کاریگەری خراپی دەبێ لەسەر کوردان بەگشتی کە لەوانەیە کوردان تووشی کۆمەڵکوژی ببنەوە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە."
ک-ش