خەبات هەولێری: شەهید هەڵمەت ڕووحی شاراوەی ڕیبەر ئاپۆیە

خەبات هەولێری ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، کە زیاتر لە ٢٥ ساڵە هاوڕێ وهاوڕێبازی شەهید هەڵمەتە لە بەرنامەیەکی تایبەتی ستێرك تیڤی دا باسی لە قۆناغەکانی ژیان و تێکۆشانی شەهید دیار غەریب (هەڤاڵ هەڵمەت) کرد.

خەبات هەولێری قۆناغ بە قۆناغی باسی ژیانی ئەو سەرکردەیە دەکات و لە مێژووی ناوچەی قەرەداغەوە تا دەگاتە تێکۆشانی بێوچانی شەهید لە قەندیلی قەڵای کوردان.

''قەرەداغ مەڵبەندی شۆڕش و شۆڕشگێڕانە''

لە سەرەتای بەرنامەکەدا خەبات هەولێر باسی لە مێژووی ناوچەی قەرەداغ و سێوسێنان و ڕۆڵ و پێگەی لەناو شۆڕشەکانی کوردستاندا کرد و بەمشێوەیە باسی لە گرنگیی ئەو ناوچانە کرد: ''بەر لەوەی باسی ناوچەی قەرەداغ و زێدی لەدایکبوونی هەڤاڵ هەڵمەت بکەین سەری ڕێز و نەوازش بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهید، بۆ خزم و کەسە خۆڕاگرەکانیان دادەنەوێنم. هەرێمی قەرەداغ بە گشتی لە کۆنەوە جوڵانەوەکانی کورد لەوێدا گیرساونەتەوە. هەمیشە مەڵبەنەد بووە بۆ پەروردەکردنی ڕۆڵەکانی کورد لە بارەی نیشتیمانپەروەرییەوە. لەمانەش گرنگتر ساڵانێکی درێژ ئەم هەرێمە پێشمەرگەی لەخۆوە گرتووە، خەڵکی ئەم هەرێمانە ئەگەر سەر بە لایەنێکیش نەبن بە شێوەێکی سروشتی خەسڵەتی کوردبوون و نیشتیمانپەروەری و خاوەندارێتی کردنیان لە گوندەکەیان، ناوچەکەیان و وابەستەبوون و پەیوەستبوونیان زۆرە . خەڵکانێك لەسەر بنەمای پابەندبوون بە خاکەکەیانەوە و جوگرافیا و سروشتی ناوچەکە گەورە بوون و پوختەبوون و وابەستەبوونیان و خۆشەویستیان بۆ خاک و وڵاتیان زۆرە. هەر لە منداڵیەوە بە ژیانیکی سروشتی و ئاسایی و خاکییەوە گەورە بوونە، هەر بۆییە بەگشتی خەڵکی ئەم هەرێمە وابەستەبوونێکی زۆریان هەیە. لەبەر ئەوەی ناوەندی شۆڕش و شۆڕشگێڕان بوو هەمیشە دەبووە ئامانج بۆ هێرشەکانی ڕژێمی بەعس نموونەی ئەمەش کیمیابارانەکەی سێوسێنان بوو و زۆر کاتی تر هێرشی جۆراجۆر کراوەتە سەر ئەو شوێنە. ئەمە دەبووە هۆکار کە خەڵکی ئەو ناوچانە نفرەت و ڕقی بەرامبەر دوژمنەکەی زیاتر ببێت و وابەستەبوونی بە خاک و وڵات زیاتر بووە و نیشتیمانپەروەری و کوردایەتی قووڵتر بووەتەوە، هەر بۆییە لە لەدایکبوونی منداڵانی ئەم هەرێمەوە خۆڕسکانە ئەم هەست و هەڵوێستانە ئەڕوێن، هەڤاڵ هەڵمەت ئەمەی بینی و بەدوای ئەوەوە بوو، کە چارەسەری بۆ دۆخەکە چییە و دەبێت چۆن بێت''.

''ئەو هیوای بە پێشمەرگە بوو، خۆشەویستی بۆ ئەوان بێ پایان بوو''

سەبارەت بە خۆشەویستیی پێشمەرگە، خەبات هەولێری باسی لە ئەوینداریی شەهید هەڵمەت دەکات بۆ بینینی پێشمەرگە و دەڵێت: ''خۆشەویستیی هەڤاڵ هەڵمەت بۆ پێشمەرگە چەند لایەنە بوو، پێشمەرگە بۆ ئەو نموونەی کەسایەتییەکی باڵا بوو، کە ئامادەیە قوربانی و فیداکاری بۆ گەل و وڵاتەکەی بکات. کەسایەتییەکی پاک و بێگەرد، مومکین نییە کە هەڵە یان دووچاری خراپەکاری ببێتەوە. ئەم خەیاڵانەی هەبوو بۆ پێشمەرگە هەر ئەمەش بووە هۆکار کە ئەوەندە ڕوو لە گوند بکات و گوندی خۆشبووێت بۆ ئەوەی بچێت پێشمەرگە ببینێت و بچێتە گوندەکەی و کەسوکاری ببینێت، چونکە هەڤاڵ هەڵمەت مرۆڤێکی کۆمەڵایەتی بوو. لە یەکێك لە یادەوەرییەکانی کە بەر لە شەهیدبوونی باسی کرد وتی: 'پێشووتر چووبووم بۆ ئەوێ و پێشمەرگەم بینیبوو، بەڵام جاری یەکەم تامەزرۆی ئەوە بووم، کە تۆپێن لەگەڵ پێشمەرگەدا بکەم، چووینە گوند بینیم کە پێشمەرگەکان تۆپێن دەکەن، من لە ئەوان بچووکتر بووم گومانم هەبوو کە من بەشداری یاریەکە بکەن، لەگەڵ یەکێك لە خزمەکانمان چووین کە ناوی (حەمە لاو) بوو بە سەرپەرشتیاری گرووپەکەی وتبوو ئەو کاتە دکتۆر فایەق گوڵپیش لەوێبوو. تیمەکەی دکتۆر دۆخیان خراپ بوو ئیتر کەم مابوو بدۆڕێن، منیش چووم یاریم کرد بە تامەزرۆییەکی گەورەوە چەند گۆڵێکم بۆیان تۆمار کرد و سەرکەوتن زۆر خۆشحاڵ بوون و لێم ڕازی بوون....'. لایەنێکی تر کە کاریگەریی لەسەر ئەو دانابوو جیاواز لە بابەتی ئەوهێرشە نامرۆڤانەی دوژمنی کوردان، بەڵام لەلایەکی ترەوە بیر و بۆچوونی لە نموونەی ئاخۆ هێزە کوردییەکان ناتوانن خاکی کوردستان و کوردان بیپارێزن و ڕێگە بەمە دەدەن یان بۆچی بەم شێوەییە دەبێت؟!".

''دایکی مامۆستای یەکەمی ژیانی بووە''

لەبارەى کاریگەریى ئەو کەسانە، کە شەهید دیار غەریب-یان پێگەیاند وتی: ''هەڤاڵ هەڵمەت کاتێک باسی شتێکی دەکرد بە وردەکارییەوە باسی دەکرد، تایبەتمەندیی ئەو ئارامی و لەسەرخۆیی بوو. زۆر وردبین بوو بۆییە کە باسی بابەتێکی دەکرد بە ئارامی و بە وردییەوە باسی دەکرد، ئەو دەیگوت: 'ئەم تایبەتمەندییەم لە دایکمەوە بۆ ماوەتەوە'؛ چونکە دایکی هەڤاڵ هەڵمەت زۆر وردبینە و یادگەیەکی زۆر بەهێزی هەیە، زۆر بە گوندەکەیان و ناوچەکەیان و وڵاتەکەیەوە وابەستەییە، ئەمەش بووەتە هۆکار بۆ ڕواندنی ئەم تایبەتمەندییانە بۆ هەڤاڵ هەڵمەت. دایکی هەڤاڵ هەڵمەت مامۆستای یەکەمی پێگەیاندن و ژیانی ئەوە. باوکیشی بە هەمان  شێوەییە، بەڵام ڕەنگدانەوەی دایکی زۆرترە. باوکیشی کەسێکی کۆمەڵایەتی بووە و ئەو دەم بە پێکەنینی و ڕووخۆشی و کۆمەڵایەتی بوونەشی لە باوکییەوە بۆ ماوەتەوە، بەڵام ئەو خۆی دەیگوت: 'دایکم زۆر بەهای جوانی کۆمەڵایەتیی داوە بە من'. بۆ نموونە بابەتێک، کە زۆر کاریگەر بووە و بینیویەتی کە لە سلێمانی بوون، دایکی یارمەتیی چەند پێشمەرگەی داوە، کە لەدەستی هێزە ئەمنیەکانی بەعس ڕزگاری کردوون. ئەم هەڵوێستە و ڕاوەستەیەی دایکی زۆر کاریگەریی لەسەر دروستکردبوو. چەند کەسایەتییەکی تریش کاریگەرییان لەسەر داناوە، کە باوکی هاوڕێیەکی ئەوە و هەمیشە پەرتووکی مێژوویی پێداوە و لەهەمان کاتدا ئامۆزاکەی کاک حەمە لاو و کچە مامێکی، کە ئەوانە لە پێگەیاندن و تێگەیشتنی ئەودا زۆر ڕۆڵیان هەبووە، بەڵام دەتوانین ئەوە بڵێین، کە کاریگەری و کەسایەتی ژنی کورد لە کەسایەتی دایکی و کچە مامەکەی کاریگەری زۆریان لەسەر ئەو هەبووە. بەتایبەت کچە مامەکەی کە هەمیشە هەڤاڵ هەڵمەت باسی دەکرد و دەیگوت: 'ئەو سەبارەت بە پێشمەرگە و کوردایەتی زۆر قسەی بۆ من دەکرد و بووە هۆکار کە پێشمەرگە، تیکۆشانم لا خۆشەویست بێت...'.

''بەدوای چارەسەریدا دەگەڕا و لە شۆڕشگێڕەکانی باشوور بێ هیوا بوو''

ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی کەجەکە لە بەردەوامیی بەرنامەکەدا باس لە بەدوادچوون و لێکۆڵینەوەکانی شەهید هەڵمەت دەکات لەبارەی بارودۆخی کوردان و بەتایبەت باشووری کوردستان و دەڵێت: ''قۆناغی ئەنفالەکان یەکەم هەژان و کاریگەریی لەسەر دروستکرد. بەڕاستی لەو کاتانەدا کاریگەرترین بابەت بوو کە وایکرد ڕوو لە تەڤگەرە کوردییەکان بکات. تەواوی باشوور دووچاری دۆخێکی خراپ بوو ئەمەش بووە هۆکار کە بۆ جوڵانەوەکانی کورد بکەوێتە ناو سەرسوڕمان و لێپرسینەوە بەڵام لە ساڵی ١٩٩١ قوڵتر بوویەوە. باسی ئەوەی دەکرد، کە ئەو کاتانە ڕاپەڕین دروست بوو ئەویش یەکێك بوو لەم گەنجانە، کە بەشدار بووە، وەك پێشمەرگە چەکدار نەبوو، بەڵام وەك خوێندکارێکی وریا و وشیار و نیشتیمانپەروەر بوو. دوابەدوای ڕاپەڕین فەوزایاێکی زۆر هەبوو و کاروبارەکان بە ڕێکوپێکی نەدەڕۆیشتن و ئەمەش بۆ شەهید هەڵمەت جێگای پرسیار بووە و پرسیاری بۆ دروستکردووە و دەستى بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کردووە... دوابەدوای کۆڕەوە گەورەکەی باشووریش ئەم قاڵبوونەوانەی هەڤاڵ هەڵمەت زیاتر و قوڵتر بووەتەوە بنەماڵەکەی ئەوانیش لەیەك دابڕان و لە سنوورەکان گەیشتنەوە یەکتر. هەموو ئەو ڕووداوانە بوونە هۆکارێک بۆ زیاتر لێگەڕان و لێکۆڵینەوە و بە دوداچوون لەلایەن هەڤاڵ هەڵمەت-ەوە. ئەو لە نزیکەوە ناخۆشی و زوڵمەکانی بینی... و بەدوای ئەوە چووە زانکۆی هەولێر و لە ڕێگای ڕاگەیاندنەکانەوە ناوی تەڤگەری ئاپۆچیی بیست و دەستی بە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم ڕێکخستنە کرد. بەتایبەت دوابەدوای شەڕی سەپێندراوی ١٩٩٢ ئێمە بووین بە ڕۆژەڤی ڕاگەیاندنەکانی باشوور کە هەر بە خراپ و شیوەێکی نەرێنی باسی ئێمەیان دەکرد و دوای شەڕ و زۆربوونمان لەناو شارەکان ئێمە زیاتر و لەنزیکەوە لەناو خەڵکیدا ناسراین و هەڤاڵ هەڵمەتیش زیاتر بە ئێمە ئاشنا دەبێت. ئاشنابوونی هەڤاڵ هەڵمەت لە رووی هەست و سۆزەوە نەبوو بۆ تەڤگەری ئاپۆچی، بەڵکو لەڕێگای خوێندنەوە و تێگەیشتن ئەم ژیان و فەلسەفەیەیە ناسی. ئیتر هیوای بە سەرکردە و حیزبەکانی باشوور نەما؛ گەیشتە ئەو بڕوایە، کە ئەو سەرکردایەتیەی باشووری کوردستان ناتوانێت گشت کوردستان و بەتایبەت باشوور بپارێزێت و ئەم بەشەی وڵات بگەێنێتە ئازادی و دادپەروری و یەکسانی... ئەمەی بینی و لەو کاتەشدا پەکەکەی ناسی ئەو کاتەی کە ئیتر واتایەکی تێکۆشان و شۆڕشگێڕی لە باشووردا نەمابوو پێشمەرگە ئیتر ئەم بێ خەوشی و بێگەردییەی نەمابوو... . لەو کاتانەدا پەرلەمانی بەناو کوردستان و حکومەت ئاواکرا و خوێنی کوردان دەڕێژراو و دژی پارتە کوردیەکان بڕیاریان دەدا، ئەو دەسکەوتانە کەوتنە ژێر پرسیارەوە و لە بارودۆخەکە تێگەیشت و دەبێت چی بکرێت هەوڵی بۆ دا. هەڤاڵ هەڵمەت لەو کاتەنەدا بەدوای چارەسەرییەکدا دەگەڕا و ئەو خۆی مرۆڤێکی پاک و بێگەرد بوو و ئەوەی بۆی دەگەڕا نەمابوو ئیتر لە گەڕاندابوو لە کەسایەتیی خۆیەوە دەستی پێکرد''.

'' تاکە هیواکەی ئەو پەکەکە و فەلسەفەکەی بوو''

ئیتر دوابەدوای بێ هیوابوون لە شۆڕشگێڕەکانی ئەو سەردەمە گەڕان و لێکۆڵینەوەکانی شەهید دیار غەریب بەردەوامن و هاوڕێی شەهید دیار، خەبات هەولێری بەم شێوەییە باس لەم کاتە دەکات و دەڵێت: ''شەهید دلێر برای شەهید هەڵمەت ساڵی ١٩٩١ لە کاتی ڕاپەرینەکەی باشووری کوردستان لە ساتەوەختی ئازادکردنی کەرکوك لە چیمەن شەهید دەبێت. ئەمە کاریگەریی زۆری لەسەر هەڤاڵ هەڵمەت دروستکرد، کە ئەم سەرکردانە ناتوانن خاوەندارێتی لە خوێنی براکەم بکەن. بەر لەوەی بەشدار ببێت لەناو گەنجان خەباتی بەڕێکخستنکردنی کرد و دواتر لە ساڵی ١٩٩٥ وەك کادرێکی لێهاتوو و پێشکەوتوو دەست بە کار دەکات. لە کاتی زانکۆشدا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دامەزاردنی (یەکێتی خوێندەڤانانی وڵاتپارێزی کوردستان) لە باشووردا. ئەو لە گشت ئەو سەردەمانەدا زۆر چالاکانە بەشداریی کار و خەبات و تێکۆشان بوو. براکەی شەهید هەڵمەت کاک ئامانج باسی لەوە دەکرد کە بەر لەوەی هەڤاڵ هەڵمەت بچێتە لای سەرۆك ئاپۆ هەندی لە تاڵە قژی سپی بوو دواتر کە هاتەوە بینیم کە قژی سپیی نەماوە و پرسیم: ''ئەوە چییە کاکە دیار گەنج بویتەوە؟''. ئەویش وتی:'' کێ بچێتە لای سەرۆك کە پەروەردە ئەبینێت لەلایەنی ڕووحی، زیهنی مۆڕاڵ و مەعنەویەت و گیانیدا زیندوو دەبێتەوە و گەنج دەبێتەوە. ڕووح و کەسایەتی و ژیان و فەلسەی ڕێبەر ئاپۆ وا لە مرۆڤەکان دەکات، دەبینیت من چووم گەنج بوومەوە وە تۆش پیر بوویت''.

 چوون بۆ لای سەرۆک ئەوەندە ئاسان نییە بەتایبەت ئەو کاتەی کە هەڤاڵ هەڵمەت چوو زۆر زەحمەت بوو، چونکە شەڕی سەپێندراوی پارتی بەسەر ئێمەدا هەبوو. ئەو کاتە دەکەوێتە ڕیگا بۆ چوونە لای سەرۆك لە ڕێگادا ئۆپەراسیۆن و شەڕ روودەدات و هەڤاڵ هەڵمەت بە ڕووحێکی گەورە و فیداکارییەوە بەشداری شەڕ و کار و خەباتەکانی ئەوێ دەبێت و دواتر دەچێتە شام بۆ گۆڕەپانی سەرۆك ئاپۆ. زۆر جار لەلای هەڤاڵانمان بە شێوەی حەج و پیرۆزی لە گۆڕەپانی سەرۆکمان دەڕوانی و بۆ هەڤاڵ هەڵمەتیش هەمان شێوە بوو. ئەو تامەزرۆییەکی گەورەی هەبوو بۆ بینینی سەرۆک و چووین بۆ لای ئەو. ئەو یەکێک بوو لەوانەی کە خوێنەرێکی باش بوو بۆ پەرتووک و لە ئێمە زۆر باشتر بوو، بە وردییەوە دەیخوێندەوە وە لەهەمان کاتدا شیکار و ڕاڤەی خۆی لەسەر دەکرد.

''دەبێت تۆ ببیەتە حەقی قەراری باشوور''

ڕێبەری گەلی کورد بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە یەکێك لە گفتوگۆکانیدا شەهید هەڵمەت وێنای حەقی قەرار دەکات و خەبات هەولێری بەم شێوەییە باس لەم هەڵسانگاندنەکەی ڕێبەرەکەی دەکات و وتی: ''وەك لە سەرەتاوە وتم خوێندنەوەی سەرۆك ئاپۆ بۆ کەسەکان ڕووکەش نەبوو ناخی مرۆڤەکانی دەخوێندەوە، هەڤاڵ هەڵمەت کەسایەتییەکی بێگەرد و پاک بوو و ڕیبەرتیش زۆر بە ئاسانی تونیویەتی ئەوە لە کەسایەتیی ئەودا ببینێت. ئەوەی کە لە ئەودا هەبوو حەقیقەت بوو و سەرۆک ئاپۆش حەقیقەتی مرۆڤەکان دەبینێت. هەر بۆییە ئەو هەڵسەنگاندنەی سەرۆک ئاپۆ لەجێگای خۆیدایە. لە خولی پەروەردەدا سەرۆک ئاپۆ جارێك لە گفتوگۆیەکدا باسی هەڤاڵ حەقی قەرار دەکات و وەك ئاماژە و پەیامی بۆ هەڤاڵ هەڵمەت، کە تۆش دەبێت ببیت بە حەقی قەراری باشوور.  ئەوەش ڕوون و ئاشکرایە پێگەی هەڤاڵ حەقی قەرار چییە؟ و سەرۆکمان چۆن پێناسەی دەکات؛ ڕێبەرایەتی پەکەکە هێشتا لەم سەردەمانە ئەو هیوایەی هەبووە، کە کەسایەتییەکە ماتە وزەی شۆڕشگێڕیی تیایدا شاراوەیە، سەرۆک ئەمە دەبینێت و ئەو وتەیەی پێ دەڵێت: ''تۆ دەتوانیت ببیەتە حەقی قەرار''. حەقی قەرار یەکەم یاریدەدەری سەرۆک و یەکێکە لە یەکەم شۆڕشگێڕەکان، کاتێك شەهید بوو گەورەترین کاریگەریی لەسەر سەرۆك دروستکرد و بۆ تۆڵەی ئەویش پەکەکەی دامەزراند ئەمەش لەهەمان کاتدا وەك وەڵامێك بوو. ڕیبەر ئاپۆ ناخی ئەوی خوێندبووەیەوە کە چەند کەسێکی ڕاستگۆییە لەگەڵ خۆی، سەرۆک، نیشتیمان و گەل. جددیەتی بینیوە لە کەسایەتییدا، چونکە ئەو کەسێکی جددی بوو و دەیتوانی بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و کەسانی دەورووبەری دەیانتوانی پشتی پێببسەتن. لە ڕاستیدا سەرۆک بەم وتەیەی چاوەڕوانی ئەوەی نیشناداو،ە کە تۆ دەتوانیت ببیت بە سەرکردەیەك و پێشەنگێکی ئاپۆچی. ئەو ماوەیە، کە هەڤاڵ هەڵمەت لەلای سەرۆک مایەوە وەك کات زۆر درێژ نەبوو، بەڵام لەم ماوەیەدا هەڤاڵ هەڵمەت هەوڵیدا لە تەواوی تایبەتمەندییەکانی سەرۆک ئاپۆ سوودمەند بێت و لە کەسایەتیی ئەودا خۆی پەروەردە بکات و تایبەتەمەندییەکانی ئەو وەربگرێت. لە قسە و وجوڵەکردن و گفتوگۆ و تەنانەت وتووێژەکانی هەمووی کرد بە پەروەردە بۆ خۆی ئیتر ئەو لەوێدا گەورەترین وەرچەرخانی شۆڕشگێڕیی لە کەسایەتیی خۆیدا کرد. بەر لەوە ڕێبەر ئاپۆی لە پەرتوك و نوسراوەکاندا ناسی، بەڵام لەوێدا ئیتر سەرۆکەکەی لە ژیانیدا بینی و ناسیی. ئەو لەوێدا هەڤاڵێتیی ڕێبەر ئاپۆی بۆ خۆی بە نموونەیی بینی و هەڤاڵێتیی ئەویش لەگەڵ ئێمەدا بەم شێوەیە بوو. زۆر ڕاستگۆیانە هەڤاڵێتیی دەکرد ئەوەی لە دڵدا بوو لەگەڵ ئێمەدا لەسەر زمانی بوو ئەمە لە سەرۆك ئاپۆوە فێربوو هەمیشە بیری لە هەڤاڵەکەی خۆی دەکردەوە. ئیتر ئەو سەردەمە زیهنەیەت و فەلسەفە و ژیانی ئاپۆیی لە ژیان، کەسایەتی، ڕووح و دەرووونی هەڤاڵ هەڵمەتدا ڕەگی خۆی داکوتا و ئیتر گەورەترین وەرچەرخانی لە ژیانی خۆیدا دروست کرد و بەهەر شێوەێک ئەم ژیان و فەلسەفەیە ڕەنگدانەوەی لەسەر ئەو هەبوو''.

''لە یەکەم دیداردا تێگەیشتم چەندە ناوەڕۆکێکی تێر و پڕی هەیە''

خەبات هەولێری باس لەیەکەم دیداری خۆی لەگەڵ شەهید دیار غەریب دەکات و بەمشێوەیە لەوبارەیەوە قسە دەکات: ''یەکەم دیدارم لەگەڵیدا لە ساڵی ١٩٩٨ بوو کە ئەوکاتە سەرقاڵی پەروردەکردنی گەنجان بوو لە بوارەکانی ئایدۆلۆژی، فیکری و سیاسی چونکە ئەو هەمیشە ئەرک و کاری ئەوە بوو کە گەنجانی پەروەردە دەکرد. هەر یەکەمان لە شوێنێك بووین و دواتر ئەو هات بۆ شووێنەکەی من و یەکترمان بینی. لە یەکەم بینیندا ئارامییەکەیم بینی، زۆر بەڕێز و بایەخەوە گوێی لە هەڤاڵانی دەگرت، زۆر بە وردەکارییەوە قسە دەکات بۆ تێگەیشتن. بە کورتییەکەی کەسایەتی و مرۆڤێکی ناوەڕۆك تێر و پڕ بوو. لە ساڵی ١٩٩٩ لە سلێمانی دووبارە ئەوم بینی کە لە خەباتی گەلدا بوو، کە ئەوم بینی لەوێدا دڵنیا بووم کە بەڕاستی پێشەنگی گەلە. دواتر لە ساڵی ٢٠٠٠-٢٠٠١ بەیەکەوە کارمان کرد لە ڕاگەیاندنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە زۆر بەشی جیاوازی هەبوو هەڤاڵ هەڵمەتیش لەوێدا بەڕێوەبەر نەبوو، بەڵام بە ئەندازەێك لەخۆبوردە بوو کە هەمیشە بۆ ئێمە یارمەتیدەر بوو ئەو هەمیشە هاوکار بوو بۆمان و باری ئێمەشی هەڵدەگرت. هەمیشە کارەکانی خۆی بە بەرکەماڵی جێبەجی دەکرد و ئەوەی ئێمەشی دەکرد و ئەرکی سەرشانی سوك دەکردین. ئەو خاکی و دڵ نزم بوو. ئەو هەمیشە خۆی بەرپرسیار دەبینی. دواتر کە پارتی چارەسەری ڕاگەیەندرا بەیەکەوە کارمان کرد. بەگشتی کەسێك بوو کە بڕوا و متمانەی دەدا بە مرۆڤەکان، چونکە ئەو خۆی ئاستی متمانەی زۆر بەرز بوو. هەر لەو کاتانەدا ئامادەکاری بۆ کۆنگرە کرا و هەڤاڵ هەڵمەت لەگەڵ شەهید ڤیان سۆران لە ئامادەکاریی کۆنگرەدا بوون و کۆمیسیۆن و دیوان و دەستەی بەڕێوەبەریی کۆنگرە بوون، واتە خاوەن ڕۆڵێکی چارەنووسساز بوون. ئەو کاتە کەسانی پاکتاوکار لە نموونەی فەرهاد (عوسمان ئۆجەلان)، بۆتان (نیزامەدین تاش)، ویستیان کاریگەری لەسەر کۆنگرە بکەن، بەڵام ئێمە چەند کەسێك بووین و هەر دوو هەڤاڵان هەڵمەت و ڤیان ڕێگەمان نەدا بۆ ئەمە یاخود کاریگەریمان کەمتر کردەوە. لەوێدا ئەو ئەوەی سەلماند کە بەڕاستی کەسایەتی و کادیری ڕاستەقینەی سەرۆك ئاپۆییە. ئیتر لەم کاتانە بەدواوە لە هەموو کات و گۆڕەپان و شوێنێکدا لە ئەرک و کاری جیاوازدا بێ جیاوازی هەموو کارێکی کرد''.

''گەورەترین توانستی شیکارکردنی مێژووی بوو''

سەبارەت بە توانستی شەهید هەڵمەت بۆ بابەتە مێژووییەکان دەڵێت: ''خوێندنەوەی بەهێزی بۆ بابەتی مێژوویی هەبوو و دونیابینییەکەی زۆر زانستییانە بوو. بۆ نموونە مانیفێستۆی شۆڕشی گەنجانی باشوور ئەو نووسیی و بەسەدان وتار و زنجیرە وتاری بۆ گۆڤار و ڕۆژنامەکانی باشوور نووسی. لەم دواییانەش دوو نامیلکەی لەسەر سیستمی کۆنفیدڕالیزم و ئایین و باوەڕی نووسی، لەهەمان کاتیشدا پەرتووکێکی مێژوویی لەبارەی مێژووی کوردستانەوە نووسی لە ژێر ناوی (خویندنەوەیەکی نوێ بۆ مێژووی کوردستان). ڕاستە ئەو شۆڕشگێڕ بوو، بەڵام ئەو شۆڕشگێڕێکی ڕۆشنبیر و خوێندەوار و زانا بوو''.

'' لە تەواوی کوردستان خاوەنی ڕەنجە، ئەو سەرکردەیەکی نەتەوەیی بوو''

خەبات هەولێری لە بەردەوامیى وتەکانیدا باس لە دوا ساڵەکانی خەبات و تێکۆشانی شەهید هەڵمەت دەکات و دەڵێت: ''لە ساڵی ٢٠١٣ بۆ کۆنسەی سەرۆکایەتیی پێشنیاز کرا، سەرۆك وتبووی با هەڤاڵێکی باشوور بێت، بۆ ئەمە شایستەترین، گونجاوترین و جددیترین و پێگەیشتووترین کەسایەتی کە بتوانێت ئەمە بکات هەڤاڵ هەڵمەت بوو بۆ ئەوەی بۆ ئەم ئەرکە گرانە ببێتە وەڵامێكی باش. من سەرەتا ئاگادار بووم و بە ئەوم نەوت، دواتر لە کۆنگرەدا کە بیستی سەری سوڕما، بەڵام لە هەمانکاتدا هەڵوێستی ئەوە بوو کە 'ئەمە ئەرکێکی قورسە، بەڵام دەبێت لێی ڕانەکەین و پێکیبهێنین'. وەك دروشم نا بەڵکو لە حەقیقەتی ژیانیدا زۆر شت هەیە کاریگەرییان هەبوو، بەڵام ئەو خۆیشی خۆی پێگەیاند لە هەمانکاتدا لەگەڵ خۆی کەسانی دەوروبەری خۆی پێگەیاند و ئەوانیشی پەروەردە کرد بەمەوە دەبووە ڕێنیشاندەر و ڕێنماکاری هەڤاڵان و کەسانی دەوروبەری... بۆ ئەمە بە هەزاران کەسی باشووری کوردستانی پەروردە کرد نەك تەنها لەوێدا لە ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا و شەنگال ڕەنج و ماندووبونێکى زۆری دا. لە بواری پراکتیکیشدا ئەوەی سەلماند کە سەرکردەی ئێمەیە. بیروڕای هەڤاڵ هەڵمەت ئەوەبوو کە 'ئەگەر بمانەوێت لە باشووری کوردستاندا شۆڕش پێکبهێنین، دەبێت کەسایەتی پەروەردە بکەین و پێیبگەیەنین. شۆڕش لە کەسایەتییەکان سەربخەین ئینجا بە گشتی شۆڕش بکەین' ئەمەبوو تێگەشتنەکەی هەڤاڵ هەڵمەت''.

''خەڵکی قەندیل شەهید دیار بە پێشەنگی خۆیان دەزانن''

سەبارەت بە شوێنی خەباتی شەهید هەڵمەت کە چیای قەندیل بوو، خەبات هەولێری وتیشی: ''قەندیل لانکەی شۆڕشەکانە ئەویش لێرە بوو خاوەنی گەورەترین و بەرچاوترین ڕەنجە بۆ ناساندن و ئاشناکردنی حەقیقەتی سەرۆک و پەکەکە بۆ خەڵکی بناری قەندیل. لە بست بە بستی خاکی قەندیلدا گەڕان و سەردانی خەڵکی کرد و لەگەڵیاندا قسەی کرد هەر ئەمەش بووە هۆکار کە ئێستا و کە ژیانیشی دەکرد هەمیشە وێردی سەر زمانی خەڵکی بوو و دەیانگوت ئێمە هەڤاڵ هەڵمەت بە سەرکردە و پێشەنگی خۆمان دادەنێین. بۆ بابەتی نەتەوەیی خاوەنی گەورەترین هەوڵدان بوو. سەرەڕای ئەوەی کە دەیبینی هەندی لایەن چەندە ڕووکەشانە و دووڕووییانە هەڵووێستی خۆیان نیشان دەدەن، بەڵام ئەو دەیگوت: 'نا دەبێت ئێمە یەکێتیی نەتەوەی بە ڕووح و هزر لەناو خەڵکیدا بچەسپێنین، دواتر لەگەڵ حیزب و لایەنەکان'.

''تۆڵەی شەهید هەڵمەت لە هەموو گۆڕەپانەکانی تیکۆشان دا دەکەینەوە''

لە کۆتایی بەرنامەکەدا خەبات هەولێر باس لە شێوازی شەهیدبوونی شەهید هەڵمەت و هاوکاریی سیخوڕ و خۆفرۆشان دەکات و بەڵینی خۆیان بۆ تۆڵەی ئەو بەم شێوەیە دەستنیشان کرد: ''هێزە دەسەڵاتدارەکانی باشووری کوردستان چۆنیەتیی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ دەوڵەتان وایان کردووە، کە ناوەندە هەواڵگری و سیخوڕییەکان بێن و زۆر بکەن بەسەر خەڵکانێکی لاواز و نەفس نزم و ئەوانەی کە بۆ نۆکەرایەتی و بەکرێگیراوی کراوەن. لە باشووری کوردستان یەکەیەکی تایبەتیان ئامادە کردووە، کە ئامانجی ئەوەییە چاودێریی هەموو شتێکی کەسایەتی و سەرکردەکانی ناو تەڤگەری ئاپۆچیەتی بکات و بیانکاتە ئامانج. لە ڕابردوودا لە شەنگال بینیمان ئەوە بەرامبەر شەهید مام زەکی شەنگالی کرا. ئەوانەی کە بەڕێوەدەچن ڕاستە بە دەستی تورکیایە، بەڵام بە چاوساغیی نۆکەران و بەکرێگیراوانی ناوخۆ بوو.. . هەمان شت لە نەورۆزی ئەمساڵیشدا ڕوویدا کە هەر یەکە لە ئەندامان و گوتەبێژی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە بوونە ئامانج. دەوڵەتی تورکیا تەنها خۆی بە فڕۆکەی سیخوڕیشەوە نەك ناتوانێ شوێنی سەرکردەکان دەست نیشان بکات، بەڵکو ناتوانێت شوێنی گەریلایەکیش دەست نیشان بکات، بەڵام کەسانێکی خۆفرۆش و بەکرێگیراو دەبنە یارمەتیدەر و چاوساغ و ئەم ڕوودا و کۆستە جەرگبڕانە ڕوودەدەن. ئەوەی کە کراوە بەتایبەتی هەڤاڵ هەڵمەت کراوەتە ئامانج، چونکە بەڕاستی ئەو بووەتە سەرکردەیەکی ڕاستەقینەی ئاپۆیی بە تایبەتیش لە باشووری کوردستان کە ئێستا سەرکردەی ڕاستەقینە بوونی نییە و سەرکردەی ساختە لە باشووری کوردستان تەراتێنیانە و خۆیان بەسەر خەڵکیدا سەپاندووە. لەژێر ناوی کوردایەتی و نیشتیمانپەروەریدا هەموو کارێکی قێزەون دەکەن. باشوور پێویستی بە سەرکردەێکی وا هەبوو هەر بۆیەش ئەو بە ئامانج کرا. ئەو بەر لەوەی شەهید بێت بۆ هەندێک ئەرک و کار چووەتە باشوور و هەر ئەو کاتانە و بەر لەوەش خوستویانەتە ژێر چاودێری.. وەك بڵێیت هەستی بە شتێك کردبێت کە شتێك بەسەریدا دێت ماڵئاوایی لە هەموو دۆست و کەسانی ئەوێ کردووە و تەنانەت دواتر ئاگادار بووین کە بە شیوەێکی شاراوەیی چووە و سەردانی سیوسێنان زێدی لەدایکبوونی کردووە. بە کورتی ئەگەر نۆکەران و خۆفرۆشان نەبووبان ئەو نەدەبوو بە ئامانج و ئێستا شەهید نەدەبوو و لەگەڵ ئێمە دەبوو.

بەرپرسیارێتیی ئەم هێرشە داگیرکارانن، بەڵام رۆڵێکی سەرەکیش خۆفرۆشانن، بەرپرسیارن لەبەر ئەوەی دەرگای باشووری کوردستانیان ئاوەڵا کردووە بۆ دەزگا سیخوڕییەکان، ئێمە بەدواداچوون دەکەین تۆڵەی هەڤاڵ هەڵمەت دەستێنینەوە نەك تەنها لە بواری سەربازی لە هەموو بوار و گۆڕەپانەکانی تێکۆشان دا ئێمە تۆڵە دەستێنینەوە. ئەگەر هەڤاڵ هەڵمەت حەقی قەراری باشوور بێت کەواتە دەبێت وەڵامدانەوەکەشمان نموونەی ئەوەی سەرۆك ئاپۆ بێت کە بۆ حەقیقی قەرار و شەهیدبوونەکەی ئەنجامیدا. دەبێت وەڵامدانەوە و خاوەنداریەتییەکەمان بە‌هێز و پڕ لایەن بێت. دەبێت بۆ خەباتی نەتەوەیی کارێکی تایبەت بکەین بەتایبەت لە باشووری کوردستان، ئیتر دەبێت بێ ڕەچاوکردنی هەڵوێستی هەندێ لایەن خۆمان زیاتر پێداگیری لەسەر خەباتی نەتەوەیی کوردان بکەین. ئێمە وەك هەڤاڵانی هەڤاڵ هەڵمەت، ئەم ڕووداوە هەنگاومان بەرەو دواوە پێدانادات و بەپێچەوانەوە دەبێتە هۆکار کە لە جاران زیاتر سووربین لەسەر داکۆکیکردن بۆ خەبات و تێکۆشان و هەموومان نەك تەنها هیواکانی بەدیبهێنین، بەڵکو هەموو ئەرکەکانی ئەویش کە جێبەجێی دەکرد خاوەندارێتیی لێ دەکەین و دەیانهێنینە دی. هەڤاڵ هەڵمەت بۆ هەمووان دڵسۆز و ڕاستگۆ بوو هەر بۆیە دەبێت هەموومان وەفادار و ڕاستگۆ و دڵسۆز بین؛ ئەمەش بە جێبەجێکردن و بەردەوامیی ئەرکەکانی ئەو دەبێت.  بەمەشەوە دەتوانین شایستەی هەڤاڵێتیی هەڤاڵ هەڵمەت بین''.

ر.م