خەلیل خەمگین: هونەرمەند پێویستە هاواربۆ یەکریزی بکات

خەلیل خەمگین هونەرمەندی گۆرانیبێژی باکوری کوردستان بانگەشەی یەکێتی نەتەوەیی کورد دەکات و ڕەخنەی توند لە سیاسەتمەداران دەگرێت.

هونەرمەندی بەناوبانگی کورد خەلیل خەمگین لە سەردانێکیدا بۆ باشوری کوردستان لە هەوڵی دروست کردنی یەکێتی نەتەوەییدایە و دەیەوێت لەگەڵ هونەرمەندان بە هونەرەکەیان فشار لەسەر حزب و لایەنەکانی کورد دروست بکەن بۆ ئەوەی هەرچی زووە یەکێتی نەتەوەیی بونیاد بنرێت.

"هونەرمەند ویژدانی کۆمەڵگایە"

خەلیل خەمگین لە میانەی لیدوانێکدا بۆ  ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) جەختی کردەوە لە ڕۆڵی هونەرمەندان و وتی:"هونەر و هونەرمەند ویژدانی کۆمەڵگان، کۆمەڵگای ئێمەش لە ئێستادا لەژێر هەڕەشە و مەترسیەکی گەورەدایە. ئێمە وەک کۆمەڵێک هونەرمەند هاتینە لای یەک، گفتوگۆی ئەو مژارەمان کرد بەتایبەتیش هێرشی دەوڵەتی داگیرکەر تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، چونکە لە بنەڕەتدا دوڵەتی تورکیا دەیەوێت کورد لەناو ببات، ئەو ڕوەشەش ئیتر ناتوانین بەرگەی بگرین چونکە نەتەوەیەک و گەلێک لەژێر مەترسی لەناوچوندایە و سیاسەت لەبەرامبەر ئەمە گیری خواردوە و ناتوانێ کاری خۆی بکات".

خەلیل خەمگین ڕەخنە لە سیاسیەکان دەگرێت چونکە تاکو ئێستا نەیانتوانیوە یەکڕیزیەک دروست بکەن بۆ گەلی کورد لە ناوچەکە و دەڵێت:"بەرپرسیارێتی یەکەمینی سیاسەت ئەوەیە کە یەکێتی گەلی کورد دروست بکات و سیاسەتێکی هاوبەش دروست بکات، لە ئێستادا جەنگی جیهانی سێیەم بەڕێوەدەچێت لە ناوچەکەدا و دەیانەوێت دوبارە کورد پارچە پارچە بکەن".

هونەرمەند پێویستە هاوار بکات

خەلیل خەمگین ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەم هۆکارانە وای کرد وەک هونەرمەندان خۆیان بەرپرسیار ببینن و بتوانن کارێک بکەن کە ئەم سیاسەتە بشکێنن، چونکە کۆمەڵگا ڕێبەرایەتی سیاسەت دەکات ئەوان دەیانەوێت کۆمەڵگا هەستێت و فشار لەسەر سیاسەت دروست بکات.

خەلیل خەمگین لە کۆتایی قسەکانیدا وتی:" کۆمەڵگا دەتوانێت بڵێت ئێوە سیاسەتی هەڵە بەڕێوە دەبەن و پێویستە سیاسەتی خۆتان باش بکەن، ڕۆڵی هونەرمەندیش لەم بابەتە ئەوەیە هاوار بکات".

ز.ش