دادگای جنێف-ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەر بارودۆخی ئیدریس سەلیم، ئەندامی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە زیندانەکانی هەولێر، نامەیەکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.
دادگای جنێف ئەوەی ئاشکراکردووە، کە بارودۆخی ئیدریس سەلیم لە زیندان تێکچووە و مامەڵەی تووندوتیژی لەگەڵدا کراوە، "ئێستا تووشی زەهایمەر بووە و بەتەواویی تووشی لەبیرچوونەوە بووە".
نامەکە باسی ئەوەشی تێداکراوە، کە ئیدریس لە سەربازییدا شانی برینداربووە و خاوەن پێداویستیی تایبەتە، ئەوەشی خستووەتەڕوو: وەک کەسێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە زینداندا مامەڵەی لەگەڵ نەکراوە و دووچاری ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیی بووەتەوە، بەوهۆیشەوە چەند جارێک مانی لە خواردن گرتووە.
٨ی ئەم مانگە ساڵێکی تەواو بەسەر دەستگیرکردنی ئیدریس سەلیم-دا تێدەپەڕێت، ئیدریس ئەندامی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بووە و بەر لە ساڵێک لە بازگەی مەخمور-هەولێر لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە دەستبەسەر کراوە و هەتا ئێستاش لە زینداندایە.
بەپێی نامەکەی دادگای جنێف، ئیدریس سەلیم بەبێ بڕیاری دادوەر دەستگیرکراوە و هەتا ئێستاش دادوەری نەبینیوە، هیچ تۆمەتێکیشی ئاراستە نەکراوە و دادوەری بۆ دابین نەکراوە، ڕاشیگەیاندووە: نوێنەری ئاسایشی هەولێر دانی بەوەدا ناوە کە بەهۆی ئەندامبوونی لە تەڤگەری ئازادیی دەستگیرکراوە.
دادگاکە هۆشدارییش دەدات لە تێکچوونی زیاتری دۆخی تەندروستیی ئیدریس سەلیم و دەڵێت: پزیشکی نەبینیوە و دەرمانی بۆ دابین نەکراوە، دوورنییە ئەمە ببێتە هۆی گیان لەدەستدانی.
دادگای جنێف جگەلەوەی نیگەرانیی خۆی لە دۆخی ئەندامەکەی تەڤگەری ئازادیی نەشاردووەتەوە، داوای ڕوونکردنەوەشی کردووە لە حکومەتی هەرێم لەسەر ئەو کەیسە، جەختیشیکردووەتەوە، کە دەبێت ئیدریس سەلیم دادگاییەکی بێلایەنانە بکرێت.
داواشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە ڕوونکردنەوەیان پێ بدەن لەسەر هۆکاری دەستگیرکردنی ئیدریس سەلیم و چۆنییەتیی مامەڵەکردن لەگەڵیدا و ئەو زانیارییانەی لە زیندانەوە دێنەدەرەوە لەسەر بارودۆخی ئەو ئەندامەی تەڤگەری ئازادیی، ئاماژەی بەوەشکردووە، کە لەماوەی ٦٠ ڕۆژدا هەر زانیارییەکیان بەدەست بگات ئەوا بڵاوی دەکەنەوە.
ف.ق