دادگای دەوڵەتی تورک بڕیاریدا کشاناک و تونجەل لە زینداندا بمێننەوە
دادگای دەوڵەتى تورک بڕیاریدا سیاسەتمەدارانى کورد گوڵتان کشاناک و سەباحەت تونجەل بە دیلکراوی لە زینداندا بمێننەوە.
دادگای دەوڵەتى تورک بڕیاریدا سیاسەتمەدارانى کورد گوڵتان کشاناک و سەباحەت تونجەل بە دیلکراوی لە زینداندا بمێننەوە.
بڕیاری زیندانیکردن، کە بەسەر هاوسەرۆک شارەوانیی گەورە شاری ئامەد گوڵتان کشاناک و هاوسەرۆکی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) سەباحەت تونجەل دا سەپێنرابوو، لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوە هەڵوەشێنرابووە، لەبەر ئەوەش سەرلەنوێ دادگایکردن دەستیپێکردەوە.
دەبوایە ئەمڕۆ چوارەم دانیشتنی ئەو سەرلەنوێ دادگایکردنە لە ٥هەمین لقی دادگای سزا قورسەکانى مەلەتی بەڕێوەبچویایە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەى پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەڕێوەیان نەبرد. دەستەی دادوەری لە دادگاکە لێکۆڵینەوەیان لە دۆسیەکە کرد و بڕیاری خۆیان دا.
پارێزەران رایانگەیاند، کشاناک نەخۆشیی قورسی هەیە و لە کاتی ئەم پەتایەدا مانەوەى تونجەل و کشاناک لە زینداندا دەبێتە مەترسی بۆ سەر ژیانیان. پارێزەران راشیانگەیاند، لە زینداندا هێشتنەوە ئیتر بوەتە تەمبێکردن و سزادانێک بە ئەشکەنجەوە.
دەستەى کاتیی دادگای داواى پارێزەرانى رەتکردەوە و بڕیاردا، ئەو ٢ سیاسەتمەدارە کوردە لە زینداندا بمێننەوە. بڕیاریش درا دانیشتنەکە بۆ ٢٩ی ئایار دوابخرێت.
ژ.ت