دانیشتوانی مەخمور لەدژی داگیرکەریی تورک و گەمارۆی پەدەکە ڕێپێوان دەکەن

دانیشتوانی کامپی شەهید جودی لە مەخمور لەدژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک و گەمارۆی پەدەکە بۆ سەر کامپەکە دەستیان بەڕێپێوانێکی شکۆدار و گەورە کرد.

١١ رۆژە کامپی پەنابەرانی مەخمور لەژێر گوشار و گەمارۆی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)دایە. ئاسایشی پەدەکە ناهێڵێت دانیشتوانی مەخمور بچنە هەولێر. چەندین نەخۆشی قورس و سەدان کرێکار و هاووڵاتی ڕۆژانە لەلایەن پەدەکەوە دەگەڕێندرێنەوە و ناهێڵن بەرەو هەولێر بچن. هاوکات چارەنووسی دوو گەنجی مەخموریش نادیارە.

لە دژ ئەو هەڵوێست و رەفتارەی پەدەکە، ئەمڕۆ هەزاران کەس لە دانیشتوانی مەخمور لەبەردەم ببنای شارەوانی کامپەکە کۆ بوونەوە و ویستیان بەرەو هەولێر بڕۆن. دانیشتوانی مەخمور هێشتا لە کەمپەکە دەرنەچووبوون، کە لەلایەن سەربازانی سوپای عێراقەوە رێگرییان لێ کرا. سەدان سەربازی عێراقی رێگەیان لە مەخمورییەکان گرتووە و ناهێڵن لە کامپەکە بڕۆنە دەرەوە.

دانیشتوانی مەخمور سوورن لەسەر ئەوەی بڕۆنە هەولێر و داوای کردنەوە رێگاکە دەکەن.

ر.م