کاتژمێر ٧ی ئێوارهی ئەمڕۆ (٢ی نیسان/ ١٣ی خاکەلێوە)، لە بەردەم بینای دادگهی سلێمانی، لیژنەی خێوهتگهی مامۆستایان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بەیاننامەیەکیان بۆ ڕای گشتی و لایەنەپەیوەندیدارەکان بڵاوكردهوه. لە بەیاننامەکەدا ھاتووە، ئهگەر لە ماوەی ھەفتەیەکدا داواکارییەکانی مامۆستایان جێبەجێ نەکرێن، ھەڵوێستی توندی سەرتاسەرییان دەبێت.
مامۆستایانی مانگرتووی نێو ئەو خێوەتگەیە ئاشکرای دەکەن، درێژە دەدەن بە فشارە مەدەنییەکان تا ئهو كاتهی دەسەڵات تەواوی مافە خوراوەکانیان بۆدەگەرێنێتەوە. ڕاشیدهگهیهنن سبەینێ سێشەممە کاتژمێر٩ خۆپیشاندانی بهرفرەوان ئەنجام دەدەن. مامۆستایانی ناڕازی داوا لە حکوومەت دهكهن چارەنووسی مووچە فەوتاوەکانیان دیاری بکات و مانگانە لە وادەی خۆیدا مووچەی فەرمانبەران دابەش بکات، بەشێوەیەک لە ٣٠ ڕۆژ تێپەڕ نەکات.
بهڕێوهبهری گشتیی پەروەردەی سلێمانی داوا دەکات پرۆسەی فێركاری دەستپێبكاتهوه.
هاوكات دڵشاد عومهر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگهیاند: دۆخی پەروەردەی پارێزگهی سلێمانی لە لێواری ھێڵی سووردایە. داوای لە مامۆستایانی سنوورەکە کرد، ھەرچی زووە دەست به پرۆسەی فێركاری بكهنهوه و ئەم دۆخە تێپەڕێنن. ناوبراو بەگریانەوە، ڕایگەیاند: «تکای ویژدان، تکای برایانە، تکای خوێنی شەھیدان دەکەم با ئەم دۆخە ئەھوەن بکەینەوە.»
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی وتیشی: ئهگەر ئەم دۆخەی ئەمساڵ تێنەپەڕێت، ساڵی داھاتوو دۆخی خراپتر چاوەڕێمان دەکات. ئهو كات ئهگهر مووچە بکرێتە چەند قاتیش، ناتوانین قەرەبووی ساڵێکی فەوتاوی خوێندنی خوێندکارانمان بکەینەوە.
مامۆستایانی ناڕازی خێوەتگەی مانگرتوان له بهیاننامهكهی ئهمڕۆیاندا، مامۆستایانیان سەرپشک کردووە لە ڕۆیشتنەوەیان بۆ ھۆڵەکانی خوێندن. ھەریەکە لە پارێزگاری سلێمانی و وەزیری پەروەردەش داوای دەستپێکردنەوەی پرۆسەی فێركاری دەکەن له پارێزگهی سلێمانی.
s.m