دایکانی مەخمور نامەیەکی کراوەیان بۆ سەرۆک کۆماری عێراق نووسی

بە ناوی دایکانی مەخمورەوە، کە ١٩ ڕۆژە لە نزیک بازگەی پەدەکە لە  چالاکیی دانیشتندان، هاوسەرۆک شارەوانیی مەخمور نامەیەکی کراوەی بۆ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق نووسی و داوایکرد، هەوڵی کۆتاییهێنان بە گەمارۆی سەر مەخمور بدات.

لەیلا ئارزوو ئیلهان هاوسەرۆکی شارەوانیى کامپی شەهید رۆستەم جودی – مەخمور، بە ناوی دایکانی مەخمور، کە ١٩ ڕۆژە لە نزیک بازگەی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە – PDK) لە چالاکی دانیشتندان، نامەیەکی کراوەی بۆ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق نووسی و داوایکرد بە زوترین کات بۆ کۆتاییهێنان بە گەمارۆی سەر کامپەکە هەوڵ بدات.

 لە نامەکەدا ئیلهان ئاماژەی بە هەڵوێستی گەلی کامپی مەخمور کردووە و ڕایگەیاند، پێشتر ئەم ڕێ و ڕێبازانە تاقیکراونەتەوە. هیچ فشار و گەمارۆ و گۆشەگیرییەک،ناتوانێت گەلی کامپی مەخمور لە ڕێبازەکەیان پەشیمان بکەنەوە.

ئیلهانی لە نامەکەدا ئاماژەی بە دۆخی خراپی مرۆڤی و دەڵێت، "ئەو گەمارۆیەی بە سەر کامپی مەخموردا سەپێنراوە، لە هیچ جێگەیەکی جیهان نەبینراوە. ئەمە ڕووڕەشی کەسانی پەیوەندیدار و شەرمی مرۆڤایەتییە." نامەکە بەم شێوەیەیە:

"بۆ بەڕێز بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق؛

وەک ئێوەش دەزانن، نزیکەی دوو مانگە لە سەر کامپی پەنابەرانی مەخمور، گەمارۆ و گۆشەگیرییەکی ئابوری و ئەمنی دانراوە. کامپی شەهید ڕوستەم جوودی – مەخمور لە ساڵی ١٩٩٨ەوە بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان و مۆڵەتی دەوڵەتی عێراق کرایەوە، لە ئێستادا بە شێوەیەکی نایاسایی گۆشەگیری و گەمارۆی بەسەردا سەپێنراوە. زۆر جار بە ئامانجی کۆتاییهاتن بە گەمارۆکە سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکانمان کردووە و داوامان کردووە بۆ ئەوەی ئێش و ئازاری زیاتری مرۆڤایەتی قوڵتر نەبنەوە، کۆتایی بەو هەڵوێستانە بهێنرێت، بەڵام وڵاممان نەدراوەتەوە و کەس سەردانی نەکردووین.

'کاتێک داعش هێرشی کردە سەر کەرکوک، شەنگال و هەولێر، گەلی مەخمور بە گیان و ماڵی خۆی بەرگریی کرد'

ئێمە دەزانین جەنابت لەبەرامبەر پرسەکان هەستیار و خاوەن هەڵوێستیت. دەرفەتمان نییە ڕاستەوخۆ سەردانتان بکەین و کێشەکەتان بۆ باس بکەین. لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە ئەم نامە کراوەیەت بۆ دەنێرین.

وەک جەنابت دەزانیت، گەلی کامپی مەخمور خاوەنی ناسنامەیەکی سیاسی و نەتەوەییە. بە هەمان شێوە خاوەنی هەست و هەڵوێستێکی نەتەوەیی و وڵاتپەروەریی کوردستانییە. ئەم ڕاستییە بە دەیان جار ئاشکرابووە، پێویست بەوە ناکات بە دوور و درێژی باسی بکەین. بە دوو بابەت دەتوانینن باسی بکەین: کاتێک داعش هێرشی کردە سەر کەرکوک، شەنگال و هەولێر گەلەکەمان بە گیانی وڵاتپەروەری و نەتەوەیی بە ماڵ و گیانی خۆی بەرگریی کرد و خاکی کوردستانی پاراست. لە بەرخۆدانەکەماندا ژمارەیەکی زۆر شەهید و باجماندا و ئێستاش هەر خاوەنی هەمان بیر و باوڕە.

'بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە ٩ کەس لە کامپەکە گیانیان لەدەستدا'

لەگەڵ ئەوەی کامپی مەخمور لەژێر چاودێری و مۆڵەتی دەوڵەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکاندایە، بەڵام لەم دواییانەدا ڕووبەڕووی زۆر هێرش بووەوە. تا ئێستا ٣ جار فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک هێرشیان کردووەتە سەر کامپەکە. ٩ کەس گیانیان لەدەستداوە، ژمارەیەکی زۆر کەسیش بریندار بوون و زیانی مادیش دروستبووە. شتێکی ئاشکرایە دەوڵەتی تورکیا لە دژی سەروەری و سەردەستیی دەوڵەتی عێراق خەریکی پیلانگێڕییە و سەروەریی خاکی عێراق پێشێل دەکات. چ بە هێرشەکان و چ بە هەنگاوە داگیرکارییەکانی، ئامانجەکەی ئاشکرایە.

'بەهۆی گەمارۆی سەر کامپەکە، نەخۆشەکان ناتوانن سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن'

لە ١٨ی تەموز/ ٢٧ی پوشپەڕەوە گەمارۆیەکی کەیفی، بێ یاسایی و لە دەروەی مڕۆڤایەتی، کە لە هیچ جێگەیەکی جیهان نابینرێت، بەڕێوەدەچێت. هاتوچووی گەلی مەخمور قەدەغەکراوە. بە هۆی گەماڕۆکە گەلی کامپەکە ڕووبەڕووی کێشەی دەرمان و نەخۆشخانە، ئاوی پاک، خواردن، ئەمنی، پەروەردە و ژمارەیەکی تری کێشە بووەتەوە. ڕۆژانە ڕێگە لەو کەسانە دەگیرێت، کە نەخۆشیی قورسییان هەیە و پێویستە ڕۆژانە لەلایەن دکتورەکانەوە کونتڕۆڵ بکرێن. تا ئێستا بە هۆی ئەوەی بازگەی پارتی دیموکراستی کوردستان (پەدەکە) ڕێگەی لە دوو دایکی دووگیان گرتبوو، منداڵەکانیان لەبارچوون و گیانیان لەدەستدا. دایکێک لە بازگەکە منداڵێکی لەدایکبووە. ژمارەیەکی زۆر نەخۆشی دڵ، شەکرە و زەخت هەن و بە هۆی ئەوەی ڕێگرییان لێدەکرێت  نەخۆشییەکانیان لە ئاستێکی مەترسیدار دایە.

'بە کرێکاری ژیانی خۆیان دابین دەکەن، بەڵام کرێکاران ناتوانن بچن بۆ سەر کارەکانیان'

لە کامپی مەخمور دەرمان، ئامێری پاکوخاوێنی، ئاوی خواردنەوە و پێداویستیی ڕۆژانە کەمبووەتەوە و هەندێکیان کۆتاییان پێهاتووە. ٢٥ ڕۆژە ئامێری کلۆری ئاو لەکارکەوتووە. بەو هۆیەوە گەلی کامپەکە ناچارن ئاوی بێ کلۆر بخۆنەوە. ئەمەش بووەتە هۆی دەرکەوتنی ژمارەیەک نەخۆشی و مەترسی لە سەر خەڵکەکە دروست کردووە.

خەڵکەکە بە کرێکاری خۆیان دەژیەنن. بە هۆی گۆشەگیری و گەمارۆکەوە، کڕێکاران ناتوانن بۆ سەر کارەکانیان بچن و ژمارەیەکی زۆر کرێکاریش بەو هۆیەوە لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.

هەروەها بەهۆی دەستپێکردنی قۆناغی نوێی خوێندن، پێداویستیی خوێندکاران لە کامپی مەخمور بەردەست نین. هەروەها خوێندکارانی زانکۆ، کە لە سڵێمانی و هەوڵێر دەخوێنن ناتوانن بچن بۆ زانکۆکانیان.

گەلی کامپەکە، بە غیرەت و ئیرادەیە، خاوەن ناسنامە، بیردۆزی، بیر و باوڕە. تا ئێستا زۆر جار ڕووبەڕووی گەمارۆ، گۆشەگیری و ڕێگری بووەتەوە. ڕووبەڕووی هێرشی چەکداری و هەموو جورە هێرشێک بووەنەتەوە. بەڵام هیچ کاتێک دەستیان لە نرخ، ناموس، بیر و باوەڕەکانی بەرنەداوە و بەریشینادەن. گەلی مەخمور بە دەرفەتە کەمەکانی هەوڵ دەدات خۆی لە سەری پێ بهێڵێتەوە. ئەم گەمارۆیە کە لە دەرەوەی مرۆڤایەتییە قبوڵ ناکرێت.

'هەوڵی چارەسەری بدەن'

وەک وتمان، لەناو دوو مانگی ڕابردوودا زۆر جار هەوڵماندا بە دیالۆگ و دانوستان کێشەکە چارەسەر بکەین. بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی هەموو دەزگاکانمان کرد و زۆر ڕێگەمان هەڵبژارد. بەڵام وڵامیان نەداینەوە. ئەم گەمارۆیەی ئێستا لە دژی گەلی کامپی مەخمور بەڕێوەدەبرێت، تراژیدیایەکی مرۆڤییە و لەدژی یاساکانی گەردوونیی مافی مرۆڤە.

لەبەرئەوەی هەوڵەکانی گەلی مەخمور سەریان نەگرت، گروپێک لە دایکان ویستیان بچن بۆ هەولێر و لەگەڵ بەرپرسان دانیشن و کێشەکە چارەسەر بکەن. بەڵام بەداخەوە دایکان لە بازگەی (پەدەکە) ڕاوەستێنران و رێگەیان نەدا دایکان هەوڵەکانیان بەئەنجام بگەیەنن. لەبەرئەوەش دایکان بۆئەوەی هەڵوێستی (پەدەکە)، کە خزمەتی نەتەوە و وڵاتپارێزی ناکات، شەرمەزار بکەن، لە بازگەکە دەستیان بە چالاکی دانیشتن کرد و ١٩ ڕۆژە چالاکیەکەیان بەردەوامە. منیش وەک هاوسەرۆکی شارەوانیی کامپی مەخمور، لە سەرەتای چالاکییەکە لەگەڵ دایکاندام و پشتگیرییان دەکەم. لە جێگەی خزمەتگوزاری پێشکەش بە گەلی مەخمور بکەم و کێشەی ئابووری، تەندروستی، پەروەردە، پاکوخاوێنی و شارەوانی و بیناسازیی گەل چارەسەر بکەم کە ڕێگەی پێنادەن، لەگەڵ دایکان لەناو چالاکی شەرمەزارکردندام.

بەو هۆیەوە بە ناوی دایکان، کە ١٩ ڕۆژە لە بازگەکە لە چالاکیی دانیشتندان هەوڵ دەدەم دەنگم پێت بگەیەنم و داواکارییەکان پێشکەش بکەم. دەزانین ئێوە وەک کەسایەتییەکی وڵاتپارێزی کوردستانی و وەک سەرۆک کۆماری دەوڵەتی عێراق لەبارەی ئەم پرسە خاوەن هەستیاری و هەڵوێستن. بەو هۆیەوە وەک دایکان داوات لێدەکەین بە زوترین کات هەوڵی کۆتاییهێنان بە گەمارۆکە بدەن و ئاوڕێک لە کەموکورتییەکانی گەلی مەخمور بدەنەوە و هۆکاری گەمارۆ و کردەوەکانی سەر کامپی مەخمور ئاشکرا بکەن. هیوادارین بە وردی و هەستیاری لە سەر ئەم بابەتە کار بکەن  و بە زوترین کات هەوڵی چارەسەری بدەن".

ف.ق