دایکە فاتمەی تەمەنی ٥٦ ساڵانە و دانیشتووی گوندی ئاشقوڵکانی بناری قەندیلە. ئەو ژنێکی سەختکۆش و ماندوونەناسە و وێڕای ئەوەی باری تەندروستیی باش نییە و تا ڕادەیەک لە پەلوپۆی خستووە، بەڵام دیسانەوە بە جۆش و ورەیەکی بەرزەوە خۆی بۆ وەرزی زستان و سەرماوسۆڵە ئامادە دەکات.
لەو چوارچێوەیەدا دایکە فاتمە سەرقاڵی هەمبارکردنی بەروبوومە خۆماڵی و سروشتییەکانی دەوروبەری گوندەکەیانە لە وانەش؛ ڕنینەوە و وشکردنەوەی سماق و دروستکردنی ترشە سماق لێی، دروستکردنی ترشی (ترشیات) و مرەبا، کۆکردنەوە و وشکردنەوەی میوە و گژوگیا جۆراوجۆرەکان.
دایکە فاتمە بڕێک لەو بەروبووم و بەرهەمانەی کۆیان دەکاتەوە و بەخۆی شتگەلێکی کوردەوارییان لێدروست دەکات خۆی و کەسە نزیکەکانی بەکاریان دەهێنن و ئەوەشی دەمێنێتەوە دەیفرۆشێت. هەرچەندە بە قسەی خۆی ئیتر وەک ڕابردوو بەروبوومەکان بەتایبەتی ترشی سماق پارەی باش ناکەن، بەڵام دیسانەوە بەشێک لە بژێویی ژیانی خۆی و خێزانەکەی لە فرۆشتنیان پێدابین دەکات. هاوکات بەشێکیشیان وەک چارەسەری سروشتی بە تایبەتی لە وەرزی زستاندا بەکاردەهێنێت و هەندێک لەنەخۆشییەکانی پێ چارەسەر دەکات.
دایکە فاتمە دەڵێت: "گژوگیا و بەروبوومە سروشتییەکان سوودی زۆریان بو جەستە و تەندروستیی مرۆڤ هەیە، بەتایبەتی سماق و ترشەکەی زۆر بە سوودن بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکانی وەک هەڵامەت، قوڕگ ئێشە، نەخۆشییەکانی گەدە".
دایکە فاتمە کە ئاوێتەی سروشتی گوندەکەی بووە، گلەیی دەکات و دەڵێت: "سەرەڕای ئەوەی گوندەکەمان و سروشتەکەی زۆر جوان و دڵڕفێنن، بەڵام بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و سەختیی وەرزی سەرما و سۆڵەوە لە زستاندا بەناچاری بەجێی دەهێڵین و دەچینە شار و تا بەهار لەوێ دەمێنیەوە".
دایکە فاتمە لۆمەی گەنجەکانی ئەم سەردەمە دەکات کە لە سەر زێدی باوباپیرانیان دووردەکەونەوە و دوایان لێدەکات بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و بۆ باوەشی سروشت و ئێژێ: "منداڵان و گەنجانی ئێستا نایانەوێت لە گوند بمێننەوە و ژیانی پڕگێرمە و کێشەی شار هەڵدەبژێرن و لە زێدی باوباپیرانیان و سروشت دووردەکەونەوە. ئەوەش لە تەمەنێکی کەمدا دووچاری چەندین نەخۆشی بە تایبەتی شێرپەنجە و پەتا و درمە ڤایرۆسیەکانیان دەکات".
ژ.ت