درێژەى بە ڕێبازەکەی باوکی داوە و بووە بە گەریلا

سۆزدار چیا، لەسەر ڕێبازی باوکی کە لەناو ڕیزەکانی پەکەکەدا شەهید بووە بەشداری ڕیزەکانی گەریلا بووە و وتی "من بەڵێنی خۆمم بردەسەر. منیش لە چیای گابار بەشداری ریزی گەریلا بووم. بە هەمان ڕێگادا ڕۆیشتم و پاڵم دا بە هەمان تاشەبەردەوە".

لە چیا ئازادەکاندا ڕووبەڕووی هەر گەریلایەک دەبینەوە ڕابردوویەکی قووڵی مێژوویی هەیە. هەر کامیان خاوەن چیرۆک و ڕاستییەکی کۆمەڵایەتیین. یەکێک لەوانەش سۆزدار چیایە.

سۆزدار چیا گەریلایەکی گەنجە. لە دژی سیاسەتەکانی نکۆلیلێکردن و قڕکردن و لە دژی سیستمی داگیرکەر راپەڕیوە و لەسەر ڕێبازی پێشینانی خۆی ڕێگای چیاکانی کوردستان گرتووەتەبەر و پەیوەندیی بە ڕیزەکانی تەڤگەری ئازادیی کوردستانەوە کردووە.  هەر لە سەرەتای گەنجییەوە و لە خوێندنگەی بنەڕەتیى دەوڵەتى تورک (YÎBO)دا داواى کاری سیخوڕیى لێکرا و  دەیانخواست بیکەن بە سیخوڕ، بەڵام لە دژی ئەو هەوڵەى دەوڵەتى تورک وەستایەوە و رووی لە چیاکانى کوردستان کرد.

چیا باوکی سۆزدار چیا خەڵکی ناوچەی باسای شڕنەخە. ساڵی ١٩٩٣ سیستمی جاشایەتیی قبوڵ نەکرد و لە دژی هێرشەکان ڕووی لە چیاکانی کوردستان کرد. ئەو کاتە هاوژینەکەی دوو گیان بوو، بەڵام سەرباری ئەوەش چیا بەشداری ڕیزەکانی تەڤگەری ئازادیی کورد بوو.

چیای گەریلا، لە چیای گابار-ی هەواری عەگیدی فەرماندەوە هەواڵی ئەوەی پێدەگات کە کچێکیان بووە و لەوبارەیەوە دەڵێت، "من ئەو بەڵێنەم بردەسەر کە بە گەلی کوردم دابوو، دەبێت کچەکەشم بەڵێنەکە بباتە سەر" هەر بۆیە ناوی دەنێت سۆزدار.

لەو بەرخۆدانە مێژووییەدا و لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دا و لەناو بەهاری بێهاوتادا گەریلایەک دەبینین. گەریلا سۆزدار چیا. بەدەم چایی خواردنەوەی گەریلاوە دەست بە گفتوگۆ دەکەین.

سۆزدار باسی بەسەرهاتەکەی خۆی دەکات: "سێ خاڵی من ملکەچی ئۆپەراسیۆنە گەورەکانی پاکتاوکردن و سڕینەوە نەبوون کە لە هەموو ناوچەیەکی کوردستان بەڕێوەدەچوو، بۆیە بەشداری ڕیزەکانی پەکەکە بوون. ڕۆژێک لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە دایکم بیستی کە باوکم لە چیای جودی تا دوا فیشەکی شەڕی کردووە و قارەمانانە شەهید بووە. هەتا ماوەیەک بە منی نەوت، دواتر ڕۆژێک هاتە لام و وتی، باوکت شەهید بووە. ئەوەی کە دەکەوێتە ئەستۆی ئێمە ئەوەیە کە خاوەنداری لە ڕێبازەکەی بکەین".

سۆزدار وتی: "باوکم لەگەڵ ئەوەی زەماوەندیشی کردبوو و منداڵێکیشی هەبوو. ڕووی کردبووە چیاکانی کوردستان. ئەو عەشقەی باوکم بۆ گەریلا هەمیشە جۆش و خرۆشانێکی گەورەی لە دڵمدا دروست دەکرد".

سۆزدار چیا باسی لەوەشکرد، ئەو بەردەوام لە لێکۆڵینەوە و وردبوونەوەدا بووە. دەیخواست باوکی خۆی بناسێت و وتی: "لە منداڵیمدا خەون و خەیاڵم ئەوەبوو، کە شانبەشانی باوکم شەڕ بکەم. بەڵێنم دا چەکی گەریلا شەهیدەکان هەڵگرم و بەو تێڕوانینەوە ڕووم کردە چیاکانی کوردستان و هاتمە ناو ڕیزەکانی پەکەکە".

سۆزداری گەریلا وتیشی: "من بەڵێنی خۆمم بردەسەر. لە چیای گابار هاتمە ناو ڕیزەکانی گەریلا. بە هەمان ڕێگادا تێپەڕیم و پشتم دایە هەمان ئەو تاشەبەردانە کە باوکم و شەهیدەکانى تر پاڵیان پێوەدابوو و لەسەریان حەسامەوە".

ر.م