دوایین زانیاری لە بارەی بوردومانکردنی مەخمور - نوێ کرایەوە -

فرۆکە جەنگیە بێفڕۆکەوانیەکانی سوپای داگیرکەری تورک ئەمڕۆ لە کاتژمێر ١٣:١٠ کەمپی مەخموریان بوردومان کرد و لە ئەنجامدا ٣ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون.

فڕۆکە جەنگیە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەمڕۆ کاتژمێر ١٣:١٠ شوانەکانی دانیشتووی کەمپی مەخموریان لە دەوروبەری کەمپەکە کردە ئامانج.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستمان کەوتوون لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانیەکەدا ٣ ژن کە لە مەڕدۆشین دەگەڕانەوە، شەهید بوون کە دووانیان لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستداو و یەکێکیشیان دوای ئەوەی گەیێندراوەتە نەخۆشخانە، گیانی سپاردووە و شەهید بووە. هاوکات هێرشەکە برینداریشی لێکەوتووەتەوە و بارودۆخی برینداران خراپە و برینەکانیان سەختە.

پێشووتریش فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورک هەمان ناوچەیان بوردومان کردبوو، ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی شەهید ببون. هاوکات ماوەی دوو رۆژ بوو، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕانەوە.

دواتر لە بارەی ناسنامەی شەهیدان زانیاری تەواو بڵاو دەکرێنەوە.

شاندێکی عێراقی بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ رووداوەکە سەردانی ناوچەکەیان کرد

شاندێک لە بەرپرسانی حکومەتی عێراق سەردانی شوێنی بوردومانەکەیان کرد و دەستیان بە لێکۆلینەوە و بەدواداچوون کرد. دواتر لە بارەی رووداوەکە و شەهید و برینداربوونی هاوڵاتیە مەدەنیەکانەوە، راپۆرتێکیان ئاماد کرد.

ئەندامانی شاندەکە دواتر سەردانی بریندارانی بودومانەکەیان کرد و بە بێ ئەوەی هیچ لێدوانێک بدەن، کەمپەکەیان بەجێهێشت.

بوردومانەکانی پێشووتریش شەهیدی لێکەوتبوونەوە

شایەنی باسە لە ١٩ی تەموزی ٢٠١٩ کاتژمێر ٠٠:١٠ هەمان ناوچە بوردومان کرابوو، لە ئەنجامدا دوو هاوڵاتی مەدەنی بریندار ببون.

١٣ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨ فڕۆکەکانی سوپای داگیرکەر، کەمپی پەنابەرانی مەخموریان بوردەمان کردبوو، لە ئەنجامی ئەو بوردومانەشدا چوار هاوڵاتی مەدەنی بە ناوەکانی ئاسیا عەلی محمد (٧٣ ساڵ)، کچی ناوبراو بە ناوی نارنج فەرحان قاسم (٢٦ ساڵ)، نەوەی ناوبراو بە ناوی ئەڤین کاوە محمد (١٤ ساڵ) و ئەیلەم محمد ئەمەر (٢٣ ساڵ) شەهید ببون.

هەروەها لە ٦ی کانونی ساڵی ٢٠١٧ش فڕۆکەکانی دەوڵەتی داگیرکەر مەخموریان بوردومان کرد و لەو هێرشەشدا ٥ ئەندامی هێزەکانی خۆپاراستنی کەمپەکە بە ناوەکانی باگەر بوران، بوتان ئامەد، چەکدار ماوا، دەوران ماردین و باز دژوار شەهید ببون.

ز.ش