"دەرسیم دەسوتێنرێت و ئێمە دەبینە دەنگی دەرسیم"

ئەندامی بزووتنەوەی ژینگەپارێزیی میزۆپۆتامیا گونەر یانلیچ دەستنیشانی کرد، ئەو ئاگرەی لە دەرسیم کەوتووەتەوە لەلایەن سووپای تورکیاوە کراوەتەوە و لە سنوورێکی بەرفراواندا بڵاوبووەتەوە. وتیشی "دەرسیم دەسووتێندرێت و ئێمەش دەبینە دەنگی دەرسیم".

سووپای تورکیا بە بیانووی 'ئۆپەراسیۆنی سەربازیی' و ' قەدەغەی هاتووچۆ'وە، بە بەردەوامی هێرش دەکاتە سەر سروشتی ڕەنگینی کوردستان. لە ناوچەی خۆزادی سەر بە هەرێمی عەلی بۆغازی، لە دەرسیم، لە ئاکامی تۆپباران و بۆردومانی هەلیکۆپتەر و فڕۆکە جەنگییەکانی سووپای تورکیا، هەفتەی پێشوو ئاگر کەوتبوویەوە. بڵێسەی ئەو ئاگرە لە گوندەکانی دەگیرمەندەر، زۆگار، زەنگە، کۆچەری، بۆزان، کۆسکۆزولجا و دوندول، بڵاوبوویەوە. تا دێت ئەو ئاگرەش لە سنوورێکی بەرفراوانی ئەو هەرێمە بڵاودەبێتەوە. لە ئاکامی ئەو ئاگرەش، تا ئێستا ڕووبەرێکی هەزار هێکتاری سووتاوە.

ئەندامی بزووتنەوەی ژینگەپارێزیی میزۆپۆتامیا گونەر یانلیچ خۆی گەیاندە دەرسیم و دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد لە دارستانەکانی دەرسیم. دەربارەی ئەو ئاگرکەتنەوەیە، یانلیچ بۆ ئاژانسی هەواڵیی فورات (ANF) دوا.

"ئاگر بە هەموو شوێنێک دا بڵاوبووەتەوە"

یانلیچ جەختی لەوە کردەوە، هێزە دەسەڵاتدارەکان، چەندین ساڵە هێرش دەکەنە سەر سروشت و ژینگەی دەرسیم و وتیشی "سروشت و ژینگەی دەرسیم، هەمیشە بە بیانووی جیاواز و بە سیاسەتی جیاواز وێران کراوە و هاووڵاتییانی ئەو شارەش بە زۆری زۆرداریی ناچار بە کۆچ کراون. لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا، سەرچاوەکانی ژیان، دارستانەکانی دەرسیم دەسووتێندرێن. سروشتی دەوڵەمەندی دەرسیم دەسووتێنن. پێش ١٣ ڕۆژ، بەهۆی تۆپباران و بۆردومانەوە ئاگر لە دارستانی هەرێمەکانی دەرسیم بەردراوە. ئەو ئاگرەش ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پەرە دەسێنێت و لە سنوورێکی بەرفراواندا بڵاودەبێتەوە.

"دەرسیم دەسووتێنن و ئێمەش دەبینە دەنگی دەرسیم"

یانلیچ ئەو بانگەشانەی پارێزگاری دەرسیمی بە بیرهێنایەوە، کە نکۆڵی لە کەوتنەوەی ئاگر لەو هەرێمەدا دەکات و وتیشی "وەک بزووتنەوەی ژینگەپارێزیی میزۆپۆتامیا، لەگەڵ شاندێکی هەدەپە دا ڕۆیشتینە شوێنی کەوتنەوەی ئاگرەکە و لێکۆڵینەوەمان لە هۆکاری کەوتنەوەی ئەو ئاگرە کرد. لە ئاکامی ئەو لێکۆڵینەوەدا بۆمان دەرکەوت ئاگرکەوتنەوە تەنها لە یەک ناوچە یان یەک هەرێم نییە، بەڵکو ئاگر لە ڕووبەرێکی هەزار هێکتاری کەوتووەتەوە. هۆکاری تەشەنەسەندنی ئەو ئاگرەش ئەوەیە بە بیانووی پاراستنی باری ئەمنیەوە، ڕێگە بە دانیشتوان و ژینگەپارێزان نادرێت ئاگرەکە بکوژێننەوە. لە هەندێک شوێنیش بەهۆی بوونی مینی چێندراوەوە، هاووڵاتییان و گەل ناتوانن ئاگرەکە بکوژێننەوە. ڕاگەیەندراوی پارێزگاری دەرسیم لەو بارەیەوە دوورە لە ڕاستییەوە و دەبێت دەستبەجێ ئەو ئاگرە بکوژێنرێتەوە. دەرسیم دەسووتێنن و ئێمەش دەبینە دەنگی دەرسیم".

یانلیچ ئاشکرایکرد، ئاگرەکە هی ئەوە نییە کە بە سەتڵە ئاو بکوژێنرێتەوە، یان لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە بکوژێنرێتەوە، داوای لە دەزگای پاراستنی دارستانەکان کرد کە لە ڕێگەی ئاسمانییەوە ئاو بەسەر ئەو ئاگرەدا بکەن و بیکوژێننەوە.

یانلیچ ڕوونیشیکردەوە، لە سەرانسەری دنیادا ئاگر لە دارستانەکان دەکەوێتەوە، بەڵام لە تورکیا بۆ مەبەستی بازرگانی دارستانەکان دەسووتێنن. لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردووشدا، لە کوردستان، بە بیانووی ئەمنیەتەوە، دارستانەکان دەسووتێنن.

"ڕێگە نادەن هاووڵاتییان ئاگری دارستانەکان بکوژێننەوە"

لەو هەرێمانەی دەرسیم کە ئاگر کەوتووەتەوە، قەدەغەی هاتووچۆش لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە دەرکراوە، بەو هۆیەشەوە هاووڵاتییان و دانیشتوانی ئەو هەرێمانە ناتوانن ئاگری سەر دارستانەکان، پێش ئەوەی تەشەنە بکات، بکوژێننەوە. سەرەڕای قەدەغەی هاتووچۆش لەو هەرێمانە، دانیشتوانی هەرێمەکان ویستیان بڕۆن و ئاگرەکە بکوژێننەوە، بەڵام هێزەکانی سووپای تورکیا نەیانهێشت ئەو هاووڵاتییانە خۆیان بگەیەننە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە.

ر.م