لە هەڵبژردنى ٣١ی ئاداری ٢٠١٩ / ١١ی خاکەلێوە دا هەدەپە لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا لە ئیدر بە بەدەستهێنانى رێژەى ٥٠.١٠% دەنگەکان بەرامبەر بە هاوپەیمانیى فاشیستیى ئاکەپە – مەهەپە سەرکەوتنى بەدەستهێنا، بەڵام لەبەر ناڕەزایەتیى ئەو هاوپەیمانییە فاشیستییە سەرلەنوێ دەنگەکانى ٧٠ سندوق ژمێردرانەوە و لە ئەنجامدا دەنگەکانى هەدەپە ٦٠ دەنگ زیادیکرد.
دواى ژماردنەوەى دەنگەکان، گروپێک لە فاشیستەکانى مەهەپە هێرشیان کردە سەر هەدەپەییەکان، کە لەسەر رێگاى پارێزگادا بە کەژاوەى ئۆتۆمبێل سەرقاڵی ئاهەنگگێڕان و شایى بوون.
پۆلیس بڵاوەى بە گروپەکە کرد، بەڵام پارێزگاری دەوڵەتى تورک ئەو رووداوەى کردە بیانو و بۆ ماوەى ١٥ رۆژ هەموو جۆرە چالاکی، خۆپیشاندان، رێپێوان، کۆنفرانسى رۆژنامەنووسی و ئاهەنگگێڕانى قەدەغە کرد.
دواى ئەوەى هەدەپە لە هەڵبژاردنى شارەوانی دا سەرکەوتنى بەدەستهێنا، پلان دانرا سبەی ئاهەنگێکى جەماوەری رێکبخرێت، بەڵام بەهۆی ئەو قەدەغەکارییەوە ئاهەنگەکە هەڵوەشێنرایەوە.
ر.م