رژێمى تاران بەرزترین رێژەى باجی لە ئێراندا بەسەر کرماشاندا سەپاندووە

پەرلەمانتارێکى پارێزگاى کرماشان رایگەیاند، وەرگرتنى باج لە کرماشانییەکان زۆر زیاترە لەو باجە کە حکومەت لە تارانییەکان، ئیسفەهانییەکان و ئەراکییەکانى وەردەگرێت.

شەهاب نادری پەرلەمانتاری پارێزگاى کرماشان لە پەرلەمانى ئێران رایگەیاند، بۆچی کرماشان لە پلەى یەکەمى وەرگرتن و لێسەندنى باجدایە لە ئێراندا، بەڵام لە بەرامبەردا خزمەتگوزاری لە پارێزگاکەدا کەمە.

راشیگەیاند، وەرگرتنى باج لە کرماشان بۆ ئەمساڵ زۆر زیاتر بووە لە پارێزگاى دەوڵەمەندەکانى تاران، ئیسفەهان و ئەراک و ... و سەرباری ئەوەش کەمترین خزمەتگوزاری پێشکەشی پارێزگاى کرماشان و خەڵکەکەى کراوە.

بە وتەى شەهاب نادری، وەرگرتنى باج بۆ ئەمساڵ بۆ پارێزگاى تاران بە رێژەى ٦.٦% و بۆ پارێزگاى ئیسفەهان بە رێژەى ٣% و بۆ پارێزگاى ئەراک بە ڕێژەى ٢.٢% و بۆ پارێزگاى خوراسانى رەزەویش هیچ باجێک دیاری نەکراوە، بەڵام لە بەرامبەردا رێژەى ٢٧.٣%ی باج بۆ پارێزگاى کرماشان دیارکراوە، کە ئەوە بەرزترین رێژەى وەرگرتنى باجە لە سەرتاسەری ئێراندا.

ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو باجە قورسە بۆ خەڵک و کەرتى پیشەسازیى کرماشان زۆر قورسە و ئەوەش دەبێتە رێگری لە پێشخستنى کەرتى پیشەسازی لە کرماشاندا.

ئەوەش لە کاتێکدایە پارێزگاى کرماشان لە رۆژهەڵاتى کوردستان پلەى یەکەمی بێکاریى لەسەرتاسەری ئێراندا هەیە. رژێمى ئێران بە سیاسەتە تایبەتەکانى بەرامبەر بە خەڵکى ئەو پارێزگایە لە هەوڵدایە خەڵک بە هەژاری بهێڵێتەوە و خەڵکەکەى وابەستەى خۆی بکات و سیستمى جاشایەتى و بەکرێگیراویى لە ناویاندا پێشبخات.

وەرگرتنى بەرزترین و زۆرترین رێژەى باج لە بێکارترین پارێزگاى ئێران بە روونی سیاستە چەوسێنەرانە و تاڵانکارەکانى رژێمى داگیرکەری کۆماری ئیسلامیى ئێران بەرامبەر بە رۆژهەڵاتى کوردستان دەخاتەڕوو.

ر.م