رێپێوانى گەنجانى باشوورى کوردستان گەیشتە قەندیل

رێپێوانى گەل و گەنجانى باشوورى کوردستان لە دژى  داگیرکەریى دەوڵەتى تورکیا بۆ سەر خاکى باشوورى کوردستان رێکخرابوو. ئەو رێپێوانە گەیشتە قەندیل و گەنجان رایانگەیاند، لە قەندیل دەست بە چالاکیى قەڵغانى زیندوو دەکەن.

رێپێوانەکە بە پێشەنگایەتیى گەنجانى وڵاتپارێزى کوردستان و ژنانى گەنجى تێکۆشەر و بە بەشداریى هاووڵاتییان و گەنجانى باشوورى کوردستان لە دژى هێرش و داگیرکەریى دەوڵەى تورکیا بۆ سەر خاکى باشوورى کوردستان رێکخرابوو.

کاتێک رێپێوانەکە و ئەو چالاکوانانە گەیشتنە قەندیل لە گوندی کۆمتان تاوەکو گوندی سڵێ لە قەندیلیش رێپێوانێکى تریان رێکخست.

لە رێپێوانەکەدا گەنجان بە بەردەوامى دروشمەکانى "بۆ ئازادى شەڕ، بۆ پاراستنى قەندیل شەڕ"، "بۆ ئازادیى رێبەر ئاپۆ شەڕ"، "ئەى تورکیا باش بزانە قەندیل هێڵى سوورى ئێمەیە"، ئەردۆغان باش بزانە قەندیل هێڵى سوورى ئێمەیە"، "بژی بەرخۆدانى قەندیل" دەوتەوە.

هاووڵاتییانى قەندیلیش پشتیوانییەکى گەرمیان لە گەنجان کرد و دواى گەیشتنى رێپێوانەکە بۆ قەندیل، خولەکێک رێزگرتن بۆ شەهیدانى کوردستان و شۆڕش بەڕێوەچوو. لەدواى خولەکێک رێزگرتنەکە، بۆتان گەرمیانى بەناوى چالاکوانەکان و ئەندامى کۆمەڵەى گەنجانەوە وتى "ئەم چالاکییە هەڵگرى مانای گرینگ و گەورەیە. وەک گەنجانى کوردستان ئەرکمان ئەوەیە لە دژى دگیرکەران و خۆفرۆشانی ناوخۆ تێبکۆشین. ئەم چالاکییە لە چوارچێوەى هەڵمەتى 'راپەڕە و داگیرکەری نەهێڵە ، سەری هلدە و داگیرکەری تنە بکە' بەڕێوە دەچێت.

لە دواى پێشکەشکردنى وتەکان گەنجان بە یەکدەنگ هاواریان دەکرد و دروشمى "بژى بەرخۆدانى قەندیل"یان دەوتەوە.

لە کۆتایى رێپێوانەکەدا بەشێک لە گەنجان لە قەندیل مانەوە و رایانگەیاند، لە دژى داگیرکەریى دەوڵەتى تورکیا خۆیان دەکەن قەڵغانى زیندوو و چالاکیى قەڵغانی زیندوو ئەنجام دەدەن.

ر.م