رێپێوانەکەی هانوڤەر بە گردبوونەوەیەکی جەماوەری کۆتایی پێهات

رێپێوانە ٣ رۆژییەکەی کوردستانییان لە شاری هانوڤەری ئەلمانیا لە دژی پلانگێری نێودەوڵەتی بۆ سەر رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئوجالان، بە گردبوونەوەیەکی جەماوەری کۆتایی پێهات.

رێپێوانە سێ رۆژییەکەی شاری هانوڤەری ئەلمانیا لە بەردەم وێستگەی قیتاری شارەکە ئەمڕۆ کاتژمێر ١١:٠٠ بە کاتی ئەوروپا دەستی پێکردبوو.

ئالتون بیسچوڤ ئەندامی لیژنەی ئامادەکار بەر لە دەستپێکردنی رێپێوانەکە قسەی کرد و باسی لە شێوازی بەڕێوەچوونی رێپێوانەکە کرد.

رێپێوانەکە جار جار رووبەرووی رێگریی هێزەکانی پۆلیس دەبووەوە. لە رێپێوانەکەدا پانکارتی "بە هۆی خراپی بارودۆخی تەندروستی عەبدولا ئوجالان، داواکارین گۆشەگیری سەر ئەو لاببرێت" کە لە دووەم رۆژدا بەرز کرایەوە، لە لایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستی بەسەردا گیرا. لە پانکاتەکەدا بە تایبەت تیشک خرابووە سەر سێیەمین خاڵی پەیمانی مافی مرۆڤی ئەوروپا تایبەت بە قەدەغەکردنی ئەشکەنجەدان.

رێپێوانەکە کە هێزەکانی پۆلیس رێوشوێنێکی ئەمنی توندیان گرتبووە بە، تا بەردەم پەرلەمانی هانوڤەر بەردەوام بوو. لە بەردەم پەرلەمان پەیامێکی کورت خوێنرایەوە. هاوکات بۆ پێشکەشکردنی دۆسیەیەکیش بە پەرلەمان داوای وەرگرتنی مۆڵەت کرا. لە کاتی بەڕێوەچوونی چالاکییەکەدا هێزەکانی پۆلیس دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ'یان کردە بیانوو، ٤ کەسیان دەستگیر کرد.

ز.ش