زیندانییە مانگرتووەکان ده‌خرێنه‌ ژووری تاکەکەسی

مەسعوود یاشاسن کە لە دژی گۆشەگیری لە چالاکیی مانگرتندایه‌، لە ژووری تاکەکەسیی زینداندا به‌رده‌وامه‌ له‌ چالاكییه‌كه‌ی. مه‌حسوون یاشاسن-ی باوکی باس له‌ دۆخی تەندرووستیی کوڕەکەی ده‌كات.

له‌پێناو هه‌ڵگرتنی گۆشەگیریی سه‌ر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، چالاکییەکانی مانگرتن و ڕۆژووی مردن بەردەوامن. یەکێک لە بەرخۆدێرانی چالاكیی مانگرتن له‌ خواردن مەسعوود یاشاسن-ه‌ کە لە زیندانی خارپێته‌.

مەسعوود یاشاسن کاتێک ساڵی ٢٠١٧ لە زانکۆی دیجلە لە ئامەد دەیخوێند، دەستگیر کرا و ڕه‌وانه‌ی زیندانی پیتی «د»ی ئامەد كرا. به‌ تۆمه‌تی «ئەندامه‌تیی ڕێکخستن» زیندانی كرا. دوای ٤ مانگ، یاشاسن لە زیندانی پیتی «د»ی ئامەد-ه‌وه‌ گوازرایەوە بۆ زیندانی خارپێت. مه‌سعوود و هاوڕێکانی كه‌ لە ١ی ئادار/١٠ی ڕه‌شه‌مه‌-وه‌ له‌ زیندان ده‌ستیان به‌ مانگرتن كردووه‌، خراونه‌ته‌ ژووری تاکەکەسی.

«كێشه‌ی بینین و بیستنی بۆ دروست بووە»

مه‌حسوون یاشاسن باوکی مەسعوود چوارشەممەی ڕابردوو چاوی بە کوڕه‌كه‌ی کەوت. ئاشکرای کرد کە دۆخی کوڕەکەی خراپه‌. گوتی، لە کاتی دیداردا بینیویه‌تی كه‌ كێشه‌ی بینین و بیستن بۆ کوڕەکەی دروست بووە. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش لە ژووری تاکەکەسیدا زیندانی كراوه‌ و له‌وێ درێژه‌ به‌ چالاكییه‌كه‌ی ده‌دات.

یاشاسنی باوک ئاشکرای کرد، کوڕەکەی ناڕەزایه‌تیی خۆی گەیاندووەتە بەڕێوه‌بەرایه‌تیی زیندانه‌كه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی خراونەتە ژووری تاکەکەسی. گوتیشی، بۆ كۆتاییهێنان به‌و پرسە لەگەڵ بەرپرسانی زیندانەکە کۆبووەتەوە به‌ڵام بەرپرسانی زیندان گوێیان بەو داواکارییانە نەداوە.

«داواکردن بێ سووده‌»

یاشاسن ئاشکرای کرد، کوڕەکەی بۆ نووسینی داواکارییەک بۆ بەڕێوەبەری زیندان داوای پێنووس و کاغەزی کردووه‌ به‌ڵام بەڕێوەبەری زیندان گوتی، «داواکارییەکەی لێرە جێبەجێ نابێت.» ئەو هەڵوێستە ناقانوونییه‌.

«داواکارن ده‌وڵه‌ت قانوونی خۆی جێبەجێ بکات»

باوكی ئه‌و زیندانییه‌ ڕایگه‌یاند، داواکارییەکانی کوڕەکەی ڕەوا و مرۆیین، پاڵپشتی لە چالاکییەکانی مانگرتن و رۆژووی مردن دەکەن. گوتی، «ئێمە پاڵپشتی له‌ داواکارییەکانی کوڕەکەمان و هاوڕێکانی دەکەین. خاوەنداره‌تی لە داواکاریی و مافە ڕەواکانیان دەکەم كه‌ داواکاریی هەموو گەلانه‌. داواکارییەکانیان بۆ دیداری کەسوکار و پارێزەرانه‌ لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان كه‌ دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە داواکارن دەوڵەت قانوونی خۆی جێبەجێ بکات. گۆشەگیری تاوانێکی مرۆییە. هەتا کۆتایی لەگەڵ ئەو زیندانییانەین کە تاکە داواکارییان هه‌ڵگرتنی گۆشەگیرییە. ئیدانه‌ی گۆشەگیریی سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکەین و داواکارین دەستبەجێ کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنرێت.»

s.m