سروشتی گەلی زیلان لەناودەبرێت

گەلی زیلان کە لە مێژووی کۆماری تورکدا یەکێک لە کۆمەڵکوژیە گەورەکانی تێدا ئەنجامدرا، ئێستاش سروشتەکەی کۆمەڵکوژ دەکرێت. بەهۆی دروستکردنی بەنداوێکەوە هەم هێرش دەکرێتە سەر سروشت و هەم هێرش دەکرێتە سەر خەڵکی ناوچەکە.

هەوڵەکانی حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە بۆ تالانکردنی جۆگرافییای کوردستان و بێمرۆڤکردنیی بێوەستان بەردەوامە. لە گەلی زیلانی سەر بە ناوچەی ئەردیشی وان بە ئامانجی لەناوبردنی سروشت دەست بە دروستکردنی بەنداوێک کراوە.

بەهۆی دروستکردنی ژمارەیەک بەنداو لە باکووری کوردستان سروشت بە شێوەیەکی مەترسیدار لەناودەبرێت. بە هەزاران جۆری گژوگیا و ئاژەڵ لەناوچوون. بە سەدان گوند ژێرئاوکەوتوون. بە هەزاران کەس بە ناچاری کۆچیان کردووە.

لە گەلی زیلانی سەر سنوری ناوچەی ئەردیشی وان لە ساڵی ٢٠١٤ دا دەست بە وێستگەی ئایدرۆئەلکتریک کراوە، بەهۆی ناڕەزایی گوندنشینان پڕۆژەکە ڕاگیرا، بەڵام لەم دۆخەی کۆرۆنادا بە بێدەنگی دەست بە پڕۆژەکە کراوەتەوە. بە خێرا و شەو و ڕۆژ بە سەدان کرێکار و ئامێری کار، سەرقاڵی کارکردنن.

لە کۆمەڵکوژی ١٣ی تەموزی ١٩٣٠ دا لە گەلی زیلان، بە پێی ئامارە فەرمیەکان ١٥ هەزار کەس و بەپێ ئامارە نافەرمیەکانیش نزیکەی ٥٠ هەزار کورد کۆمەڵکوژ کرا. دوای کۆمەڵکوژیەکە ٤٥ گوند سووتێنران و وێرانکران. دەوڵەت بە زۆر خەڵکی لە گوندەکانی گەلی زیلان دەرکرد و خەڵکەکە دوورخرایەوە. دەوڵەتی تورک لەو خاکەی کە داگیری کردبوو، خەڵکی ئوزبەکی و کرگزی لە ئاسیای ناوەڕاست و ئەفغانستان دەهێنا و جێگیری دەکردن.

ف.ق