سلێمانی، لە مەراسیمێکدا یادی شەهید ڤیان سۆران بەرز ڕاگیرا

لە شاری سلێمانی لە ساڵیادی شەهید بوونی شەهید ڤیان سۆران، لەلایەن رێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستانەوە یادی ئەو شەهیدە بەرز ڕاگیرا.

لە شەوی یەک لەسەر دووی مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٠٦ هەڤاڵ ڤیان سۆران لە چیای هەفتانین لە چالاكیەكی گیانبازیدا، گیانی بەخت کرد، پێش ئەنجامدانی چالاکییەکەی بە نامەیەکی بەرفراوان بانگەوازیی لە گەلی کورد کرد، کە پێویستە لە ١٥ی شوباتدا ویژدانە سەهۆڵبەندەکان بتوێننەوە.

لەیلا والی حوسێن، بە سێ ناو ناسراوە 'ڤیان جاف، ڤیان کاروخ و ڤیان سۆران' لە ساڵی ١٩٨١ لە سلێمانی لە دایکبووە، هەر لەمنداڵییەوە جیاوازییەکانی دەرکەوتووە، رێگەی نەداوە نەریتەکانی کۆمەڵگای بەسەردا زاڵ بێت، کە ڕێگا لە ئازادیی و پێشکەوتنی کچان دەگرن، بۆ ئەوەش دەستی بە تێکۆشان کرد، قۆناغەکانی خوێندنی بە سەرکەوتوویی دەبڕی، کتێبی فکریی دەخوێندەوە، بەشداریی لە چالاکیی و کۆڕە ڕۆشنبیرییەکاندا دەکرد، بەمەش سەرنجی خانەوادە و دەوروبەری بۆ خۆی ڕاکێشا و جیاوازیی خۆی نیشان دا.

لە بەهاری ساڵی ١٩٩٧ بەشداری ڕیزەکانی گەریلا بوو

لەدوای دەستگیرکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە ساڵی ١٩٩٩، ڤیان جاف زۆر جار بیر لە ئەنجامدانی چالاکیی دژ بەو پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییە دەکاتەوە، بەڵام وەک خۆی لە نامەیەکیدا بۆ سەرۆک ئۆجالان دەڵێت": لەبەرئەوەی هەلومەرج گونجاو نەبوو بۆ شتێكی ئەوها و بەتایبەتیش بۆ ئەوەی ئێوە زویر نەكەم، هەر هەوڵمدا لەژیاندا دروستبوون، وابەستەبوونی خۆم لەگەڵ ئێوەدا نیشان بدەم."

دوای نیوەرۆی ئەمرۆ لە شاری سلێمانی لەساڵرۆژی شەهیدبوونی شەهید ڤیان سۆران، لەلایەن رێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان(رەژاک) یادی ئەو شەهیدە بەرز ڕاگیرا، لە یادکردنەوەکەدا ژمارەیەکی زۆری ژنان و دایکانی شەهید ئامادەی یادکردنەوەکە بوون. سەرەتای مەراسیمەکە ئامادەبووان خولەکێک بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان وەستان، پاشان لەلایەن بنەماڵەی شەهیدەوە مۆم داگیرسێنران.

سەرەتای مەرسیمەکە بە خوێندنەوەی نامەی شەهید ڤیان سۆران لەلایەن سۆما فەرهاد ئەندامی کوردناسیونی رێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان دەستی پێکرد، پاشان بەلگە فلمێک پێشکەش کرا لەسەر ژیانی ژنە تێکۆشەر و لە کۆتایی مەراسیمەکەسدا سەردانی مەزاری شەهیدیان کرد و بەیاننامەی ریکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستانیان خوێندەوە.

ز.ش