سنوورەکان تەنها لە کورد قەدەغەیە!

دەوڵەتی تورک دەرگای سنوور و بازرگانی سنووری تەنیا لە کورد قەدەغە کردووە، بۆ کۆچبەران بە هەموو شێوەیەک کراوەیە و وەک کەرەستەیەک بۆ سیاسەتە تایبەتەکانی خۆیان بەکاری دەهێنێت. راگەیاندراوە کە لەماوەی ساڵێکدا بە هەزاران کۆچبەرهاتنە شاری وان.

ژمارەی پەنابەران لە وان لەم ساڵانەی دوایی زیادی کردووە. دەکرێت بوترێت رۆژانە سەدان پەنابەر لە سنوورەوە بەبێ ئاستەنگ سنوور دەبەزێنن و دەگەنە وان. زۆربەی پەنابەران لە لایەن بازرگانانی مرۆڤەوە (قاچاغچی) دەهێنرێن، بەشێکیش بە دەستی دەوڵەت. ئەوانەی بە دەستی دەوڵەتەوە دەهێنرێن بۆ سیاسەتی تایبەتەکانی رژێم بەکار دەهێنرێن. بۆ گۆرینی دیمۆگرافی و جەردەوانی( کاری سیخوڕی) بەکار دەهێنرێن.

شاری وان هەزاران پەنابەری لێیە. زۆربەی پەنابەران لە وان دەمێننەوە، ئەوانی دیکەش لە شارەکانی بەدلیس، ئاگری و شارە کوردییەکانی دیکە نیشتەجێ دەکرێن.

دەوڵەتی تورک بەم دواییانە بە بیانووی ئاسایش و قاچاخچییەتی لە سنووری رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەی بازیدی ئاگری و ناوچەی ئەبەخی وان دیواری دروست کردووە.

لە ناوچەی قەلقەلی و ئەلباکی وان، لە ناوچەی شەمزینان، گەڤەر و چەلێی جۆلەمێرگ لە سنوور، سەدان بنکەی سەربازی گەورە و بچوک دروست کران. بە بیانووی ئاسایش و ئاستەنگکردنی قاچاغچیەتی، دەوڵەتی تورک هەفتانە کۆبوونەوە لەگەڵ ئێران دەکات. لە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانەدا بازرگانی لە سنوور لە کورد قەدەغە دەکرێت و شەپۆلی پەنابەرانیش وەکو سیاسەتێکی دەوڵەت ئاشکرا دەبێت.

چەندین ژن و منداڵ گیانیان لەدەست دا

بەهۆی زۆربوونی پەنابەران کە دێنە شاری وان هەندێک ڕووداوی ناخۆش ڕوو دەدەن. لە ١٨ی تەمووز/٢٧ی پووشپەڕ لە ناوچەی قەلقەلی وان بەهۆی ڕووداوێکەوە ١٧ پەنابەر گیانیان لەدەست دا کە زۆربەیان ژن ومنداڵ بوون. لە شاری واندا ٧ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ دەیان پەنابەر بەهۆکاری جیاوازەوە گیانیان لەدەست داوە.

شەپۆڵێکی گەورەی پەنابەران بەرەو شاری وان بەردەوامە. پەنابەران بە زۆریی تەمەنیان لە ١٥ بۆ ٢٥ ساڵییە و خەڵکی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاستن وەکو (ئەفغانستان، ئێران، تورکمەنستان، کازاغستان و ئۆزبەکستان). هەزاران پەنابەر هاتنە وان و دواتر لە لایەن ئاکەپەوە لە شارەکانی وان و بەدلیس نیشتەجێ کران. ماوەیەکی کورت لەمەوبەر حکومەتی ئاکەپە نزیکەی ٢٥٠ تورکی گەرگاڤوز لە ئۆکرانیا هێنابوویە ناوچەی ئادلجەوازی بەدلیس. چەندین بنەماڵەی قرقیزیش لە گوندی ڤولوپامیری ناوچەی ئەردیشی وان نیشتەجێ کردبوو.

خەڵک ناڕازییە

زۆربوونی ژمارەی پەنابەران بەم دواییانە دێنە شاری وان، بووە هۆی ناڕەزایی خەڵک. دانیشتوانی شاری وان دەڵێن ئاکەپە بە سیاسەتێکی تایبەت پەنابەران دێنێتە شارەکانی کوردان و بەو شێوەیە دەیەوێت هەم دیمۆگرافی هەرێم بگۆڕێت و هەمیش هێزێکی ملیس (جاش) بۆ خۆی دروست بکات. دەوڵەتی تورک کە خاکی بە پیتی ئەردیشی پێشکەشی قرقیزان کرد، دواتر ئەو قرقیزانەی کردوە جاش و لەدژی پەکەکە بەکاری هێنان.

ک-ش