سۆزدار ئاڤێستا رایگەیاند، تاوەکو گۆشەگیری لە ئیمراڵی بەردەوامیى هەبێت و رێبەر ئاپۆ وەک موخاتەبی سەرەکیى چارەسەرکردنى کێشەى کورد نەبینرێت و چاوپێکەوتنى لەگەڵ ئەنجام نەدرێت، کەس ناتوانێت کێشەیەک لە تورکیا چارەسەر بکات.سۆزدار ئاڤێستا ئەندامى دەستەی گشتیى سەرۆکایەتیى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەبارەى کۆشەگێریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، داگیرکەریى دەوڵەتى تورک لە باشووری کوردستان، فەرمانی سەر شەنگال و پەیوەندار بەوەوە، کە دەبێت پێگەی گەلی ئێزدى لە هەرێمەکەدا چۆن بێت و هەروەها بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشانە کە دەبێت چ هەنگاوێک بنرێن شیکارییەکى بەرفراوانى خستەڕوو.
سۆزدار ئاڤێستا ئەندامى دەستەى گشتیى سەرۆکایەتیى کەجەکە بە بۆنەى ساڵیادی فەرمانى سەر شەنگال و بەرز راگرتنى شەهیدانى شۆڕشی وتەى پێشکەشکرد و سۆز و بەڵێنى بەرزکردنەوەى ئاستى تێکۆشانی دا. هەروەها یادی دیار غەریب ئەندامى دەستەى گشتیى سەرۆکایەتیى کەجەکەی بەرز راگرت، کە رۆژی ٥ی تەمموزی ٢٠١٩ / ١٤ی پووشپەڕ لە هێرشێکى ئاسمانی دا شەهید بوو و لەبارەى شەهادەتەکەیەوە وتى:
'بەڵێنى ئێمە تۆڵەسەندنەوە و کوردستانێکى دیموکراتیک و ئازادە'
"ئێمە دەچینە ناو ٥هەمین ساڵیادى ٧٣هەمین فەرمان کە بەسەر شەنگال دا هات. هەروەها لە مانگی تەمموزەوە دەچینە مانگی ئاب کە تیایدا چەندین هێرشی دڕندانە لە دژی گەلی کورد ئەنجامدران. لە هێرشێکى خائینانە و نامەردانەدا لە ٥ی تەمموزی ٢٠١٩ / ١٤ی پووشپەڕ دا دیار غەریب (هەڵمەت) ئەندامى دەستەى گشتیى سەرۆکایەتیمان شەهید بوو. هەروەها لە ٢١ی ئاداری ٢٠١٩ / ١ی خاکەلێوە (نەورۆز) لە هێرشی دەوڵەتى فاشیستیى تورک دا هاوڕێیانمان سینان، سەرحەد، ناڤدار شەهید بوون و لە کەسایەتیى هاوڕێ هەڵمەت و سینان و سەرحەد و ناڤدار دا یادی هەموو شەهیدانى تێکۆشانى ئازادى بەرێزەوە بەرز رادەگرم و سەری رێز و نەوازیشیان بۆ دادەنەوێنم. هەروەها لە کەسایەتیى کۆمەڵکوژیى گەورەى ٧٣هەمین فەرمان دا یادی هەموو قوربانیانى ئەو کۆمەڵکوژییە بەرز رادەگرم. ئەو بەڵێنەى کە ئێمە بە گەلەکەى خۆمان دابوومان، ئێمە تۆڵەى ئەو هاوڕێیانە بە کوردستانێکى دیموکراتیک و ئازاد بە رێبەرى خۆیەوە مسۆگەر دەکەین و دەیهێنینەدی".
'ئێمە ئاستى توندوتیژی و قورسی گۆشەگیریى سەر ئیمراڵی بە هێرشکردنە سەر گەل لە دەرەوە دەبینین'
ئاڤێستا لە بەردەوامیى شیکارییەکەدا سەرنجی خستە سەر ئاستى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و وتى "لە ١٨ی حوزەیرانى ٢٠١٩ / ٢٨ی جۆزەردانەوە چاوپێکەوتن لەگەڵ رێبەر ئاپۆ ئەنجام نەدراە. ئەو چاوپێکەوتنانە کە لە چەند ماوەى رابردوودا روویاندا، هەم لەلایەن بزووتنەوەکەمان و هەم هێزە دیموکراتیکەکان و هەم کەسە رۆشنبیرەکانەوە لەبارەى ئەو چاوپێکەوتنانە و ئەو قۆناغە شیکاریى زۆریان خستەڕوو. ٤ چاوپێکەتن لەگەڵ پارێزەران و ٢ چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکاندا روویاندا. ئەوەش لە سایەى بەرخودانە ٢٠٠ رۆژیەکەى مانگرتن لە خواردن بوو، کە لەو بەرخودانەدا ٨ هاوڕێمان شەهید بوون. بەرخودێرانى مانگرتووش رایانگەیاندبوو گۆشەگیریى کۆتایى پێنەهاتووە و بەردەوامە. ئاستی قورسیى توندوتیژی و گۆشەگیری لە ئیمراڵی ئێمە لە درەوەى بە ئاستى ئەو هێرشانەى دەبینین، کە دەکرێنە سەر گەلەکەمان. ئێمە بە هێرشی سەر باشووری کوردستانی دەبینین، بە هێرشی سەر هێزە دیموکراتیکەکانی دەبینین و ئەو شەڕە قورسە سەرەتا لەسەر رێبەر ئاپۆ دەستیپێکرد و شەپۆل بە شەپۆل لە دەرەوە بەردەوامیى پێدرا. لە ماوەکانى رابردوودا ئەو چاوپێکەوتنانە لەگەڵ رێبەر ئاپۆ ئەنجامدران، دەوڵەتى ئاکەپە – مەهەپە خواستیان تاکتیکێک پێشبخەن و لە هەڵبژاردندا جارێکیتر گەل فریو بدەن. بڕواشیان بەو تاکتیکەى خۆیان هەبوو، بەڵام بینییان گەلی کوردستان دەیان ساڵە بە فیکر و رامانى رێبەر ئاپۆ پەروەردەکراوە و هۆشیار و زانا بووەتەوە. ئیدی بە گەمەى دوژمنان و بەرژەوەندیى کورتخایەن فریو نادرێت. بینیان ئامانجەکەیان بەدی نەهات و چاوپێکەوتنەکانیان راگرت. دەبێت ئێمە بزانین کە گۆشەگیری تێکنەشکێنراوە و ئەوە ماوەى ٢١ ساڵە لە ئیمراڵی بەردەوامیى هەیە و تاوەکو دەچێت قورستر و توندتر دەکرێتەوە. رێیەر ئاپۆ لە چاوپێکەوتنەکانى ئەمدواییەدا رێبەر ئاپۆ ٧ خاڵی رێگاى سێیەمى بۆ ئەوەى دانوستانێکى دیموکراتیک لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا پێش بکەوێت خستەڕوو و رایگەیاندبوو، کێشەکانى هەرێمەکە لە توندوتیژی زیاتر بە شێوازی دیالۆگ چارەسەر دەبن. لە بنەڕەتدا کات بۆ ئەو قۆناغە ئەم کاتەیە. دەبێت هەڵوێستى دیموکراتیکى خۆیان نیشان بدەن. ئەو هێزە کە لە هەڵبژاردندا دەرکەوت، دەبێت هەمان شێوازی هەڵوێستی خۆی بۆ ئەو قۆناغە بخاتەڕوو.
'بەبێ ئۆجالان هیچ کێشەیەک لە تورکیا چارەسەر نابێت'
دەبێت گۆشەگیریى سەر ئیمراڵی بە گۆشەگیری لەسەر خۆمان بزانین. تاوەکو گۆشەگیری لە ئیمراڵی بەردەوامیى پێ بدرێت، رێبەر ئاپۆ وەک موختابی سەرەکیى چارەسەرکردنى کێشەى کورد نەبینرێت و چاوپێکەوتنى لەگەڵ ئەنجام نەدرێت، یەک کێشەى تورکیا چارەسەر نابێت. ئێمە دەبینین کە تاوەکو دێت تورکیا بەرەو کارەسات دەڕوات، بەرەو قەیران و ئاڵۆزییەک دەڕوات و ئەو دۆخەش لە تورکیا ناکۆکیى زیاتر و گەورەتر بەدواى خۆیدا دەهێنێت. لەگەڵ خۆیدا قەیرانى گەورە دروست دەکات. ئەگەر داواى ئارامى دەکرێت و بۆ ئەوەى ئەو قۆناغە و ئەو پرۆسەیە زیاتر مەترسیدارتر نەبێت دەبێت ئەو خاڵانە کە رێبەر ئاپۆ دەستنیشانیکردبوون بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. زۆر کەس دێن و باس لەو شتانە دەکەن، کە دەبێت ئەنجام بدرێت، بەڵام ئیتر کاتی ئەوە هاتوە ئەوەى دەوترێت جێبەجێ بکرێت. ئەو خاڵانە کە دەستنیانکراون کار و خەباتى ئەو کەسانەن. دەبێت زۆر زیاتر خاوەنداری لەو هەڵمەتە بکەن کە دەستیپێکردووە. هەڵبەت مرۆڤ بڕوا بە فاشیزم ناکات و لەو کاتەدا دەبێت مرۆڤ بڕوابە هێزی خۆی بهێنێت. ئێمە خۆمان چارەسەرین. بە چالاکییەکانى خۆمان، بە هێزى خۆمان، بە رێکخستنى خۆمان، بەو هاوپەیمانیانەى کە دروستی دەکات و بڕوای پێیان هەبێت و بتوانێت هەموو بەش و پێکهاتە دیموکراتیکەکان، رێکخستنەکانى ژنان، رێکخستنەکانى بواری مەدەنی، رۆشنبیران دەبێت خۆیان بە رێکخستن بکەن و سەرفەر بەر وهەموو لایەنە خۆیان ئامادە بکەن. ئێستا دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە لاواز بووە. ئەو گورزەى کە لە هەڵبژاردندا بەری کەوت رێگای پێنادات جارێکیتر خۆی کۆ بکاتەوە. دەکرێت گۆشەگیریش بەو شێوازانە تێکبشکێنرێت".
'با کەس با فریو نەخوات ئەو هێرشانە تەنها بۆ سەر پەکەکە نین'
سۆزدار ئاڤێستا لەبارەى داگیرکەریى تورک بۆ سەر خاکى باشووری کوردستان رایگەیاند "ئەو هێرشانە هێرشن بۆ سەر تەواوی کورد و کوردستان. هێرشێکی گشتییە و هەر جارە لە ناوچەیەک و شوێنێک زیاتر روودەدات. لە ساڵی ٢٠١٩ دواى ٢٦ی ئایار و کاتێک مانگرتن لە خواردن کۆتایى پێھات رێک دواى ئەوە لە ٢٧ی ئایاردا هێرشێکى بەرفراوان بۆ سەر باشووری کوردستان دەستیپێکرد. ئەو هێرشە بەردەوامە تاوەکو ئێستا بەردەوامیى هەیە. چەندین ناوچە لەسەر سنوورەکاندا و بە تایبەتیش چەندین ناوچە کە وەک شوێنى هێزەکانى باشوور دەزانرا رادەستى دەوڵەتى تورک کران. تاوەکو ئێستا ئەو ئامانجەی کە بۆ ئەو هێرشانە لە بەرامبەر گەریلادا بۆ خۆیان دیاری کردبوو هیچ ئەنجامێکى بۆیان بە دەستنەهێناوە. ئامانجیان چییە؟ ئامانجیان ئەوەیە بە هەموو شێوەیەک کوردی ئازاد، کوردی خاوەن ئیرادە، کوردی خاوەن شکۆ و کەرامەت و خاوەن شەرەف و نامووس لە ناو ببەن. ئەو کوردەى، کە دەڵێت، لە کوردستاندا بە ناسنامەى خۆی، بە خۆبوونی خۆم بژیم، هێرشەکە لە دژی ئەوانەیە. ئەو هێرشانە لە کەسایەتیى ئەو کوردانەدا ئەو هۆشیاربوونەوەیە کە ئێستا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و لە هەموو کوردستاندا لەگەڵ گەلانى تردا دروستبووە، ئەو تێکۆشانە گەورەیە کە بووەتە ماڵی هەموو گەلان دەکاتە ئامانج. ئەو هێرشانە بۆ سەر گەلانى دیموکراتیکخوازە، بۆ سەر ئازایخوازانە و بۆ سەر ئەوانەیە کە بۆ مافی خۆیان تێدەکۆشن و لە دژی هەموانە. ئێستا باشووری کوردستان دەیەوێت هەنگاوێک پێشبخات و هەندێک ناوچەى ستراتیژیى بۆ خۆی کردووەتە ئامانج و دەیەوێت ئەو ناوچانە بخاتە ژێر باڵادەستى خۆی. لە هەمان کاتدا ئەو ھێرشانە لە راگەیاندنەکاندا وەک پڕوپاگەندە بۆ شەڕی تایبەت بەڕێوەدەبات. ئێمە دەزانن لە ساڵی ١٩٩٧ دا دەوڵەتى تورک دەیوت؛ 'من کۆماری زاپ تێکدەشکێنم' و ئێستاش دەیەوێت هەمان پڕوپاگەندەى شەڕی تایبەت لەسەر قەندیل پێشبخات و بەو شێوەیە دەیەوێت هاندان و دنەدانێکی نەژادپەرستى دروست بکات. هێرش لە کەسایەتیى بزووتنەوەى ئازادی لە دژی هەموو دەستکەوتەکانى کورد و لە دژی داهاتوی گەلی کوردە. پێش ئێستا فاشیزم لە ١٢ی ئەیلول دا هەمان شێوازى بەکاردەهێنا و رێک هەمان ئەو قسانەى ئێستای دەکرد. بوونی گەلی کورد لەو کاتەشدا قبوڵ نەدەکرا و ئێستاش قبوڵ ناکرێت. دەیانوت، لە چ شوێنێکدا کوردستانێک هەبێت ئێمە ئەوێش تێکدەشکێنین. هەمان ئەوعەقڵییەتە ئێستاش بەردەوامیی هەیە. ئەوە عەقڵییەتى فاشیزم و یەکپارێزییە (یەک نەتەوە، یەک ئاڵا، یەک زمان، یەک ئایین، یەک دەوڵەت، یەک پیاو).
'هێرشەکانیان سەلمێنەری ئەوەن، کە تا چ رادەیەک تەنگاو بوون و پرۆژەى چارەسەرییان نییە'
هەندێک هێز خۆیان فریو دەدەن و تەنها بەرژەوەندیى خۆیان بە بنەما دەگرن و بەرتەسکانە بیردەکەنەوە، رۆژانە، حیزبی و بنەماڵەییى بیردەکەنەوە و وادەزانن ئەو دەستکەوتانەى بەدەستهاتوون خۆی لە خۆیدا بە ئاسانى بەدەستهاتووە. لەبەر ئەوشە لەگەڵ دەوڵەتى تورک دەبنە بە یەک و هاوکاریى دەکەن. ئەو هێرشەى سەر پەکەکە و سەر باشووری کوردستان دەریدەخات کە چۆن تەنگاوبوون. نەبوونی هێزی چارەسەرییان دەخاتەڕوو. دەیسەلمێنێت، کە پرۆژەیەکیان بۆ چارەسەرکردنى کێشەی کورد نییە. لەسەر بنەماى ئەو راستییانە نابێت هیچ کەسێک چاوەڕێ و ئومێدوار بێت پێیان. چارەسەری لە کوێیە؟ چارەسەری تێکشکاندنى ئەو عەقڵیەتەیە. دەبێت کەس فریو نەخوات، چونکە ئەو هێرشە تەنها بۆ سەر پەکەکە نییە. دەبێت هیچ کەسێک نەبێتە داری بن باڵی ئەوان. ئەو هێرشەى کە ئێستا بۆ سەر باشوور کوردستان بەردەوامیى هەیە، هەمان هەڕەشەش بۆ سەر رۆژئاواى کوردستانیش هەیە. بۆ هێرشکردنە سەر باکوور و رۆژهە ڵاتى سوریا ئامادەکاریى خۆیان دەکەن. ئێمە دەزانین ئەگەر دەرفەتیان دەست بکەوێت ئەردۆغانی فاشیست یەک چرکەش راناوەستێت. دەڵێن هەموو رۆژئاوای کوردستان ئاگر تێبەردەن و لە ناوی ببەن، کوا ئەی کورد چۆن لەوە تێدەگات؟. کام کوردی خاوەن شەرەف و کەرامەت دەتوانێت هاوکاریى ئەو عەقڵییەتە بکات؟ هێرشکردنە سەر رۆژئاواى کوردستان بۆ پارچەکردنى دەستکەوتەکانى کوردە.
'هاوڕێ هەڵمەت دەنگ و پێشەنگی گەلی باشووری کوردستان بوو'
بۆ نمونە بۆ بە رادە زۆرە دەیەوێت هێرش بکاتە سەر پێشەنگەکانى بزووتنەوەى ئازادی؟ ئومێدی بە باشووری کوردستان نییە، ئومێدیشی بە کەسانى تر نییە، لەبەر ئەوە هاوکارییان دەکات. بۆ ئەوەش تەنها بزووتنەوەى ئازادی بە ئاستەنگ دەزانن و لەبەر ئەوەش گۆشەگیری لە ئیمراڵی توند دەکەنەوە و شەڕەکەی خۆی جێبەجێ دەکات. هاوڕێ هەڵمەت چی بوو؟ دەنگی گەلی باشووری کوردستان بوو، رەنگ و پێشەنگی گەلی کوردستان بوو. زیاتر لە ٢٥ ساڵ لە ناو بزووتنەوەى ئازادی دا بوو. سات بە سات بۆ گەلی باشووری کوردستان تێدەکۆشا. لە دژی کۆمەڵکوژیى هەڵەبجەى تێکۆشانى پێشخت و لە دژی بکوژان و ئەنجامدەرانى ئەنفال بەشداری بزووتنەوەى ئازادی بوو. هاوڕێ هەڵمەت لە بەرامبەر ئەو کەسانەدا، کە دەیانخواست سەروەریى خۆیان لە باشووری کوردستاندا مسۆگەر بکەن، دەنگی گەلی شۆڕشگێڕی باشووری کوردستان بوو. بۆ ئەوەش هاوڕێ هەڵمەت و هاوڕی زەکی کرانە ئامانج. دەیانەوێت لە ناو کۆمەڵگەدا هەڵدەکەون و دەزانن کە ئازادییان بەندە بە بزووتنەوەى ئازادییەوە. ئێزدییەکانیش بە پەکەکەوە ئازاد دەبن، کۆمەڵگەى سۆران، کەلهوڕ، لوڕ، عەرەب، تورکمەن و سوریانیش بە پەکەکەوە ئازاد دەبن. هەموو ئازادیخوازان پێشەڕۆژی خۆیان لە بزووتنەوەى ئازادیدا دەبینن. لەبەر ئەوانەش بە تایبەتى هێرش دەکرێتە سەر ئەو کەسانە. بزووتنەوەکەمان بزووتنەوەى هەمووپێکهاتەکانە. ئەوانەى هێرش دەکەنە سەرمان دەبێت ئەوە باش بزانن، کە هەر کۆمەڵگە و پێکهاتەیەکى کوردستان و هەر گەریلایەک هەڵمەتێکن، زەکییەکن، سینانێکن، ناڤدارێکن. ئەو هێزانە کە حساباتى خۆیان لەسەر ئەو هێرشانەیە دەبێت دەست لە پەیوەندییە چەوتەکەیان هەڵگرن. هەر چەند هەرگیزناتوانن، بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ بزووتنەوەى ئازادی تێکبشکێنن ئەوا سبەی سەرەى تۆش دێت. ئێمە ئەوە لە مێژووی کوردستاندا زۆر بە باشی دەزانین. باشە مەگەر سەدام بەوانى نەدەگوت "ئێوە تیرۆریست و موخەڕیبن؟" ئەم سەردەمە کە ئێمەى تیادایە سەردەمی یەکگرتوویى کوردە. لە دوایین هەنگاودا بۆ یەکگرتوویى کورد، کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان راوێژێکی پێشخست. ئەو هەڵوێستە کە لەو کۆنگرەیەدا هاتە پێشەوە دەبێت هەموو لایەنەکانى کورد بۆ خۆیانى بکەنە بناغە و دەبێت نەچنەوە سەر هەڵەکانى خۆیان. بێگومان دەبێت وابەستەییان بە وڵاتانى دراوسێ و وابەستەیى ئابوورییان لەگەڵیاندا نەبێت. دەیانجار بزووتنەوەکەمان باسی ئەوەیکردووە، کە دەبێت گەلەکەمان لە باشووری کوردستان بڕوای بە خۆی هەبێت و پشتنەبەستێت بە هاوکاریى ئەو دەوڵەتە فاشیستە".
'بە بەرخودانى ١٢ هاوڕیى گەریلامان سەدان هەزار مرۆڤ رزگار کران'
ئاڤێستا بە بۆنەى ٥هەمین ساڵیادی فەرمانەکەى سەر شەنگال لە ساڵی ٢٠١٤ دا لە درێژەی شیکارییەکەیدا وتى "٥ ساڵ بەسەر فەرمانى شەنگال دا تێپەڕی، من جارێکیتر بە بۆنەى ئەو رۆژەوە، ئەو هاوڕێیانەى کە لە بەرخودانى شەنگال دا شەهید بوون، یادیان بەرز رادەگرم و سەری رێز و نەوازیشیان بۆ دادەنەوێنم. ئەوان رێگرییان لە تراژیدیایەکی سەدەى ٢١ گرت. ئەوان هەموو کات لە دڵێ ئێمەدا لە دڵی مرۆڤایەتیدا بە زیندوویى دەمێننەوە. زیاتر لە ١٠ هەزار کەس دیلکران. جگە لەو کەسانەى کە کۆمەڵکوژکران و تاوەکو ئێستا چارەنووسی زیاتر لە ٣ هەزار کەس دیار نییە. ئەوانە بە پێشەنگایەتیى یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە)، یەکینەکانى پاراستنى ژن (یەپەژە) و هێزەکانى سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) و هەروەها یەکینەکانى بەرخودانى شەنگال (یەبەشە) و یەکینکانى ژنانى شەنگال (یەژەشە) رزگارکران. کۆمەڵگە رووبەڕووی پاکتاوکردن و سڕینەوە کرایەوە. هەموو شتێک داگیرکرا و کۆمەڵگە لە وڵاتى خۆی کۆچبەرکرا. بە بەرخودانى ١٢ هاوڕێمان و بە تێکۆشانی گەریلاکانى ئازادیى هێزەکانمان لە هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) و یەکینەکانى ژنانى ئازاد (یەژاستار) سەدان هەزار مرۆڤ لە رێگەى دروستکردنی رێڕەوێکى مرۆییەوە رزگارکران. ئەو گەریلایانە، کە لە چیاکاندا مابوونەوە ئەوانیان پاراست. ئەو هێزە کە بە ژمارەیەکى کەم لە چیادا مابوونەوە، لەگەڵ ئەو خاکەی خۆیاندا جارێکیتر و سەرلەنوێ زیندوو بوونەوە. هەر چۆن لە تۆفانەکەى نۆح دا هەندێک بوونەوەر خۆیان رزگار کرد و سەر لەنوێ ئەم مرۆڤایەتییان بونیاتنایەوە، ئەوەش بۆ شەنگال رووداوێکى لەو شێوەیە بوو. ئەوانەى رزگارکران بۆ جارێکیتر دەستیان بە ژیانێکى نوێ کردەوە.
لە ماوەى ٥ ساڵ دا شەنگال و دەورووبەری شەنگال رزگارکران. هەزاران مرۆڤ گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان. بە ئیرادەى خۆیان رێکخراو و دامودەزگای خۆیان بونیاتنا. لە هێزی خۆپاراستنەوە بگرە بۆ ئیرادەى سیاسی خۆیان و بە رێکخستنکردنی کۆمەڵگەى خۆیان ئافراند. ئەو دەستکەوتانە پیرۆزن و هەموویان بە ئازارێکى زۆرەوە دروستکراون، بە ئیمکانیەتى کەم ئافرێنراون. باجەکەى و قوربانیدانەکەى قورس بوو و بە رەنجێکى گەورە و زۆرەوە دروستکراون. بە تایبەتى هەر لەسەرەتاوە تاوەکو دوا هەناسەى رەنج و تێکۆشانى مام زەکی شەنگالی پێشەنگایەتیى بۆ ئەو کۆمەڵگەیە کرد. کاتێک مرۆڤ ئاوڕ دەداتەوە و سەیر دەکات بێگومان ئەوە دەبینێت کە دەستکەوتى پیرزۆر بەدیهاتوون. بەڵام هێشتا برینى شەنگال ساڕێژ نەبووە. هێشتاش شەنگال لە گەمارۆدایە. ئەو هێرشانەى دەکرێنە سەر کوردستان دەکرێنە سەر شەنگالیش. تاوەکو ئێستا چەند جار دەوڵەتى تورک هێرشی کردووەتە سەر شەنگال. دیسانەوە بە پاساوی ئەوەى پەکەکە لە شەنگالە دەڵێت 'من هێرش دەکەم' و ئەوە پێشدەخات. کاتێک بزووتنەوەکەمان لەوێ بوو هیچیان نەدەوت، چونکە لە دژی داعش لە شەڕێکى گەورەدا بوو. ئومێد و چاوەڕێى ئەوە بوو بە هاوکاریى داعش ئێمە لەوێ تێکبشکێین و لە ناو بچین. بەڵام سەرباری هەموو رێگری و گرفتەکان بزووتنەوەکەمان بە رەنجێکى زۆر ئیرادەى گەلی شەنگالی هێنایە پێشەوە و ئافراندی. بە بەرچاوى هەموو جیهانەوە فەرماندەیى هەپەگە رایگەیاندراوى بڵاوکردەوە و بەو شێوەیە چووە شەنگال. لەو کاتەدا نە حکومەتى عێراق و نە حکومەتى باشووری کوردستان و نەهێزەکانى هاوپەیمانان لەوێ نەبوون. هەموو کۆمەڵگەى ئێزدی تەنها و بێ پشت و پەنا هێڵدرابوونەوە. ئەگەر لەو کاتەدا ئەو بەرخودانە نەکرایە ئێستا هەر چۆن داوا دەکریت داعش لە دادگایەکى نێودەوڵەتیدا لێپرسینەوەى لەگەڵ بکرێت ئەوا دەبوو ئەو کەسانەش لەو دادگایەدا دادگایى بکرانایە. تاوەکو ئێستاش تاوانباران و هێشتا حسابی خۆیان نەداوە. هێشتا داواى لێبوردنیان لە کۆمەڵگە نەکردووە. بزووتنەوەکەمان هەر چۆن لە بە بەرچاوى جیهانەوە چووە شەنگال و کەرامەت و شکۆی مرۆڤایەتیى پاراست هەر بەو شێوەیەش لە ١ی نیسانی ٢٠١٨ / ١٢ی خاکەلێوە (نەورۆز) بە هەمان شێواز لە شەنگال کشایەوە. لەم قۆناغەشدا هێشتا هەندێک کار دەکات و هێرش دەکاتە سەر کۆمەڵگە. رێگا نادات گەلی شەنگال ببەن بە خۆیان. ئەوە کۆمەڵگەیەکى رەسەنى کوردە، رۆشنبیری و چاند و هونەری خۆی تاوەکو ئەمڕۆ پاراستووە. دەبێت گەلی شەنگال ئەوە باش بزانن. ٥ ساڵ بەسەر فەرمانەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا مەترسی وهەڕەشە لەسەر شەنگال هەیە. دەبێت هەر تاوەکو دێت یەکێتیى خۆ بەهێز بکەن. یەکینەى خۆیان دروست بکەن بۆ ئەوەى کاتێک لە دەرەوە هێرشکی دووبارە کرایە سەر ئامادە و بەهێز بکات. ٧٢ فەرمان لە دژی کۆمەڵگەى ئێزدی ئەنجامدراوە و بەشێکى زۆر و گەورەى فەرمانەکان لەلایەن خۆیانەوە بەرپەرچ دراونەتەوە و لەناویان بردوون. ئەو ئازارەى کە کێشاویانە و تێکیانشکاندووە بۆ خۆیان کردوویانەتە هەڵمەتێکى بونیاتنانەوەى نوێ. فەرمان کۆتایى پێنەهاتووە و ئێستا فەرمانى سپی لە گۆڕێدایە. هەموو رۆژێک سەدان گەنج لەسەر رێگاى چوون بۆ دەرەوەى وڵات گیان لە دەست دەدەن. کۆمەڵگەیەک کۆچبەر بێت هەموو رۆژێک پارچەیەک و بەشێکى خۆی لە دەست دەدات. لە ٦هەمین ساڵدا ئەو ئەرکانەى، کە دەکەونە سەر شانی شەنگالییەکان ئەرکی زۆرن. دەبێت مرۆڤ لەسەریان بوەستێت و بەهێزیان بکات".
'بەپێى دەستووری عێراق مافی شەنگال پارێزراوە و دەبێت رێگا بەوە بدرێت ئەو مافە بەدی بێت'
ئاڤێستا لەبارەى خۆبەڕێوەبەریی شەنگالەوە باسی لەو هەنگاوانە کرد، کە دەبێت هەڵبگیرێن و نەخشەرێگای چارەسەری و هەروەها رۆڵی حکومەتى عێراق-ی باسکرد و وتى "ئەوەى کە دوژمن ئەنجامى دەدات خۆی لە خۆیدا دیارە، ئێمە دەمانەوێت لەسەر چارەسەریى راوەستین. گرنگ ئەوەیە دەبێت کۆمەڵگە چۆن خۆی لەوە رزگار بکات و پێش لە هێرشەکان بگرێت. ئێستا دەیان هەزار مرۆڤ گەڕاونەتەوە بۆ شەنگال و بۆ ئەوەش ئەنجوومەنى خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکى شەنگال ٣هەمین کۆنگرەى خۆی بەڕێوەبرد. رێکخراو و دامەزراوەى پێویست بۆ کۆمەڵگە چین، ئەوانە لە شەنگال دامەزرێنراون و ئەوەش دەکەن. بۆ ئەوەش بەرێوەبەریى باشووری کوردستان و حکومەتى عێراق لە بەرامبەر کۆمەڵگەى شەنگال دا قەرزدار و تاوانبارن. لەو کەسانە بەرپررسیارن، کە رفێنراون و لە شەقامەکاندا فرۆشران. ئەگەر دەیانەوێت خۆیان لەوە رزگار بکەن دەبێت ئیرادەى شەنگال قبوڵ بکەن. ئیرادەیەک کە لە شەنگال بونیاتنراوە لە دژی دەسەڵاتى ئەوان نییە. بەپێى دەستووری بنەڕەتیى عێراقە. لە دەستووری عێراق دا هەموو پارێزگاکان و هەرێمەکان دەتوانن ئەنجوومەنى خۆیان هەبێت. لە هەرێمەکاندا دەتوانرێت هێزی پاراستن و بەرگری هەبێت. مافی پێکهاتەیى خۆیان هەیە و دەتوانن بە زمانی دایکیی خۆیان خۆیان پەروەردە بکەن.
'دەبێت کێشەى شەنگال بە رەنگ و شێوە و حقوقی خۆیەوە چارەسەر بکرێت'
هەر چۆن لە باشووری کوردسان بە کورمانجی، سۆرانی، عەرەبی، ئارامی، سوریانی و ئاشووری پەروەردە هەیە. لە هەمان کاتدا لە شەنگال پەروەردە بە زمانى خۆیان مافی خۆیانە. دەیانەوێت لەسەر رێوڕەسمی خۆیان، لەسەر بیرو باوەڕی خۆیان و بە کولتور و رۆشنبیریى خۆیانەوە بژین. سەدان ساڵ دژایەتیى ئایینەکەیان کرا و پێیان دەوتون، دەبێت دەست لە ئایینەکەتان هەڵبگرن و بچنە سەر ئایینی ئیسلام. دەبێت پێگە و ستاتوی شەنگال و ئەوەى لە ماوەى ئەو ٥ ساڵەدا بونیاتنراوە قبوڵ بکرێت. دواى ئەو هەموو شتە کە بونیاتنراون و روویانداوە ئێستا تۆ بێیت و پێیمان بڵێیت 'من دەسەڵاتداری بە سەرتەوە دەکەم'، ئەوە رەفتار و نزیکایەتیى بێ ئەخلاقانەیە بەرامبەر بە سیاسەت و دیموکراسی. هەندێک کەس ئەوە بە ئەنقەست چەواشە دەکەن. ئەوانە کێن؟ دیکتاتۆر ئەردۆغان و دەوڵەتى تورکن. دەبێت بە بۆنەى فەرمانی سەر شەنگال ئەو ئیرادەیە لە شەنگال قبوڵ و پەسەند بکرێت. هێزەکانى یەبەشە و یەژەشە ماوەى چەند رۆژێکە لە دژی شانە نووستوەکانى داعش لەگەڵ هێزەکانى عێراق دا ئۆپەراسیۆنى هاوبەش ئەنجام دەدەن. ئەوە گرنگە، بەڵام ئەوە بەش ناکات. دەبێت ئەو هێزە بە رەنگ و شێوەى خۆی و بەپێى دەستور و حقوقی وڵاتەکەى خۆی قبوڵ و پەسەند بکرێت و ئەو کێشەیەی ئێستا چارەسەر بکرێت. دەبێت رێگری لە هەڕەشەکانى دەوڵەتى فاشیزمی تورک بگیردرێت. هێرشکردنە سەر شەنگاڵ هێرکردنە سەر عێراقە، هێرشکردنە سەر هەولێرە. ئەگەر ئەوە بەوشێوەیە نەبینرێت هەڵبەت حاڵەتە پێچەوانەکەى روو دەدات. بۆ ئەوەى جارێکیرت فەرمان روو نەداتەوە دەبێت رێگری لەوە بکرێت و ئەوەش بە دیالۆگ چارەسەر دەبێت. ئێمە دەزانین حکومەتى عێراق بۆ ئەوە کراوەیە و هەندێک دانوستانیشیان لەوبارەیەوە هەیە. دەتوانن ئەوە هەندێکیتر بەرەو پێش ببەن. کۆمەڵگەى ئێزدی یەکگرتوو بێت ئەوە چارەسەری بەدی دێت. بۆ ئەوەى کۆمەڵگە بگەڕیتەوە سەر خاکی خۆی و بتوانێت ببێت بە خاوەنی مافەکانى خۆی، دەبێت یەکێتیى خۆیان دروست بکەن تاوەکو بتوانن رێگری لە خراپییەکان بگرن. دەبێت لە ٦هەمین ساڵی فەرمانەکدا ئەوەى ئەنجام بدرێت، ئەوانەن. هەرێمى باشووری کوردستانیش دەبێت شەنگال وەک پارچە و بەشێکی هەرێم ببینێت".
'دەبێت هەموو کات ژنان هۆشیار و لەسەر پێ بن'
ئاڤێستا لەبارەى هەڵمەتى 'بۆ گۆڕانکاری و ئازادی راپەڕە' و بەشداربوونى ژنان لەو هەڵمەتەدا وتى "ئەو فەرمانە کە کرایە سەر کۆمەڵگەى ئێزدی زیاتر بە کۆمەڵکوژکردنى ژنان ناسرا. ئەوەى زۆرترین توندوتیژى بەرامبەر کرا ژنان بوون. هۆکاری ئەوەش بە نەبوونی ریکخستن دەگەڕێتەوە. ئەو ژنانەى ئازاریان کێشا لەو راستییە تێگەیشتن و راپەڕین و هەستانەوە. هەڵمەتى 'بۆ گۆڕانکاری و ئازادی راپەڕە'، کە لە ١٩ی تەمموزەوە دەستیپێکردووە زۆر واتادارە. دەبێت خۆی لە خۆیدا ژنان هەموو کات لەسەر پێ و ئامادە بن. لە تێکۆشکانێکى بێ پسانەوەدا نەبن تێکۆشانەکەیان ئەنجامی نابێت. لە ٣ی ئاب دا دەبێت زیاتر جەماوەرییانە و بە کۆمەڵ بڕژێنە گۆڕەپانەکان و ئامادەییان هەبێت. ژمارەیەکى زۆر لە رێکخستنەکان راگەیاندراویان بڵاوکردەوە و لە ناویشیاندا بزووتنەوەى ئازادیى ژنانى ئێزدی لە دەرەوەى وڵات و لە شەنگالیش راگەیاندراویان بڵاوکردەوە و زنجیرە چالاکییەکیان دەستپێکرد. دەبێت چالاکیى کاریگەرتر پێشبخرێت.
'دەبێت هەموو تێکۆشان بۆ ٣ی ئاب وەکو رۆژی کۆمەڵکوژکردن و سڕینەوەى کۆمەڵگەى ئیزدی بناسرێت و ئەنجام بدرێت'
دەبێت لە بەرامبەر عەقڵییەتى دەسەڵاتداردا تێکۆشانێکى گەورە بەڕێوەبچێت. رۆژی ٣ی ئاب دەبێت وەکو رۆژی پاکتاوکردن و سڕینەوەى کۆمەڵگەى ئێزدی قبوڵ بکرێت. بەو شێوەیەش پێشەنگایەتیى ئەوە لەلایەن ژنانەوە دەبێت. هێرشی سەر شەنگال لە هەمانکاتدا پاکتاوکردن و سڕینەوە و کۆمەڵکوژکردنى ژنانە. بۆ ٣ی ئاب بانگەوازمان بۆ هەموو ژنان بە تایبەتى بۆ ژنانى ئێزدی، کۆمەڵگەی عەلەویمان و هەموو ئەو کۆمەڵگە و پێکهاتانە کە لە دووی ئازادیى خۆیانن، هەموو دۆستانی گەلی کوردستان، هێزە دیموکراتیکەکان ئەوەیە، کە دەبێت لە رۆژی ٣ی ئاب دا لە هەر شوێنێکدان و لە پێش هەموانەوە ژنان بڕژێنە سەر شەقام و گۆڕەپانەکان و دەنگی خۆیان لە دژی فاشیزم بەرز بکەنەوە. دیسانەوە هەڵوێستى خۆیان ل دژی هێزە داگیرکەرەکان بخەنەوەڕوو و پشتیوانیى خۆیان بۆ شەنگال دووبارە و بەردەوام بکەن. ئەوانەى کە دەڵێن، ئیدی گەلی شەنگال دەبێت بە پێگە و ستاتوی خۆیان بژین دەبێت پشتیوانى لەو کۆمەڵگەیە بکەن. دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنى ئەوروپا و هەموو رێکخراوەکانى بواری مافەکاى مرۆڤ و ئەو کەسانەی هێشتا لە دەستى داعشدان زۆر زیاتر هەوڵیان بۆ بدرێت. بانگەوازمان بۆ ئەو کەسانە کە لە کامپەکانى پەناریدا لە باکوور و باشووری کوردستاندا و لە دەرەوەى وڵاتدا دەژین ئەوەیە کە دەبێت ئیدی بگەڕێنەوە بۆ شەنگال. وەکو رێبەر ئاپۆ دەستنیشانیکرد، ئیدی دەبێت شەنگالی ئازاد و دیموکراتیک بەدی بێت. ئێزدیایەتى ئافراندنی ژیانى ئازادە. ئێمە لە تەڤگەری ئازادییەوە هەموو کات لەگەڵ کۆمەڵگەکەى خۆمانداین و پشتیوانیان لێدەکەین. دەبێت هەموو کەسێک بەو بڕوایەوە خاوەنداری لەو ئەرکانەى خۆی بکات، کە دەکەوێتە ئەستۆی".
ر.م