سۆزدار ئاڤێستا: ساڵی ٤١هەمینى تێکۆشانی پەکەکە ساڵی تێکشکاندنی فاشیزمە

سۆزدار ئاڤێستا ئەندامى دەستەى سەرۆکایەتیى گشتیى کەجەکە لێکدانەوەى بۆ ٤٠ ساڵ بەرخودانى پەکەکە کرد و رایگەیاند، کاتێک ئومێد و هیوا نەمابوو پەکەکە دەرکەوت و وەکو تۆوی ئازادی لە خاکى کوردستاندا روێنرا.

سۆزدار ئاڤێستا ئەندامى دەستەى سەرۆکایەتیى گشتیى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بە بۆنەى ٤٠هەمین ساڵیادی دامەزراندنى پەکەکە بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دوا.

ئاڤێستا ٤٠هەمین ساڵیادى دامەزراندنى پەکەکەى لە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، بنەماڵەى شەهیدان، بەرخودێرانى زیندان، پاڵەوانانى ئازادی، ژنانی کوردی فیداکار، شەڕڤانانى ئازادی، میلتانان و کادێران، گەلانى کوردستان، دۆستان و مرۆڤایەتیى پێشکەوتوخواز پیرۆز کرد.

ئاڤێستا لە کەسایەتیى حەقی قەرار دا یادی هەموو شەهیدانى تێکۆشانى ئازادیى بە رێزدارییەوە کردەوە و یادیانى بەرز راگرت.

"پەکەکە بووە تۆوی ئازادی و لە خاکی کوردستاندا روێنرا"

ئاڤێستا رایگەیاند، هەموو ساتێکى تێکۆشانى ٤٠ ساڵەى پەکەکە بە رەنج و خوێنى مرۆڤە پاڵەوانەکانی فەلسەفەی ئاپۆیى رازاوەتەوە و ئەو ٤٠ ساڵە بەو شێوەیە تیپەڕیوە.

راشیگەیاند "لە بارودۆخێکدا کە هێچ جۆرە هیوا و ئومێدێک نەمابوو و دەرفەتەکانى سەرکەوتنى دۆزی بوون و ئازادیى بوونی نەبوو، بە رەنجی رێبەر ئاپۆ و چەند هاوڕێى، پەکەکە لە دایکبوو. پەکەکە لەو کاتەوە بووە تۆوی ئازادی و لە خاکى کوردستاندا روێنرا".

ئاڤێستا ئەوەشى راگەیاند "لە تێکۆشانى بێ هاوتای ٤٠ ساڵەدا، پەکەکە تەنها پێشەنگایەتیى بۆ ئافراندنى مێژوو و کۆمەڵگەیەکى نوێ نەکرد، بەڵکو هاوکات کاری بۆ ئەوە کرد، گەلەکەمان سەرلەنوێ خۆی بگەیەنێتەوە بە رەگی مێژووی دێرینى خۆی و پەیوەندیى لەگەڵ دروست بکاتەوە".

ئاڤێستا باسی ئەوەشیکرد "تێکۆشانى ئازادی بە پێشەنگایەتیى رێبەری گەلی کورد و پەکەکە کاریگەریى لەسەر هەموو کۆمەڵگە دروستکردووە. لە دژی نەتەوە دەوڵەتى داگیرکەری تورکی فاشیست، کە هەوڵی دەدا هیوا و ئومێدی ژنان و گەلان بسڕێتەوە بە بەرخودانێکى گەورە تێکۆشاوە. لە دژی بێ  هیوایى، بێ بڕواکردن، نەزانی بووە بڕوا و ئازایەتی و ئومێدى سەرکەوتن".

"بڕیارەکەى ئەمریکا بەردەوامیى پیلانگێڕییە"

سۆزدار ئاڤێستا ئەندامى دەستەى سەرۆکایەتیى گشتیى کەجەکە لە بەردەوامیى وتەکانیدا ئاماژەى بە گۆشەگیرکردنى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کرد و وتى "گوایە دەیانەوێت لە رێگەى یاساوە گۆشەگیرییە قورسەکەیان بشارنەوە، بەڵام رێبەرمان ٢٠ساڵە گۆشەگیرکراوە. دەیانەوێت لە کەسایەتیى رێبەر ئاپۆدا پەکەکە و گەلەکەمان رادەستى خۆیان بکەن. ئاکەپە – مەهەپەی فاشیست کە لە بەرامبەر فەلسەفەی ژیان و پارادیگمای نوێى رێبەرەکەماندا بێچارە بوون، لە رێگەى گۆشەگیرییەکى قورسەوە دەیانەوێت ئەنجامێک بەدەست بهێنن، دەیانەوێت پیلانگێڕیى ١٥ی شوبات بەردەوامیى هەببێت.

بڕیارەکەى ئەمدواییەى ئەمریکا نیشانەیەکى ئاشکرا و روونە بۆ بەردەوامیدان بە پیلانگێڕییەکەیان. ناڕەزایەتیى گەلەکەمان لە دژی ئەو بڕیارە بێ ئەخلاقانانە و بێ کەرامەتانەیە، گرنگە. گەلەکەمان لە هەر چوار پارچەى کوردستان و دەرەوەى وڵات خاوەنداری لە حیزب و پێشەنگە شۆڕشگێڕەکانى خۆیان دەکەن".

"تێکۆشانی ژنانى کورد بووە ئیلهام بۆ گەلانى بندەست"

ئاڤێستا سەرنجی خستەسەر پێگەى ژنى کورد لەناو تێکۆشانی ئازادیى گەلی کورد دا و وتیشی "ژنان لە هەموو لایەکەوە هورژمیان هێنا بۆ ناو بزووتنەوەى ئازادی. بەشدارییان لە هەڵمەتى گەریلایى ١٥ی تەباخ دا کرد. دواى ئەو هەڵمەتە ژنان بە بەهێزی و بە چڕی بەشداریی ریزەکانى گەریلا بوون. بە راگەیاندنى یەکەمین سوپا و ئارتەشی ژنان لە جیهاندا ژن بووە خاوەنی ئیرادە و هێزی خۆپاراستن. لە ریزی پێشەوەى سەرهەڵدانەکاندا بەشدار بوون. ژنانى کورد روویان لە ئازادی کرد، لە زینداندا بە پێشەنگایەتیى هاوڕێ ساکینە جانسز (سارا) بەرەنگاری فاشیزم و دوژمنى داگیرکەر بوونەوە".

ئاڤێستا باسی ئەوەشیکرد "تێکۆشان و بەرخودانى ژنانى کورد بە تایبەتى لە شۆڕشی رۆژئاوا و لە شەنگال لە دژی چەتەکانى داعش، کاریگەرییەکى زۆر گەورەیان لەسەر مرۆڤایەتى دروستکرد. ئەوە بووە هۆی ئەوە، کە هەموو جیهان بە تایبەتى ژنان روو لە شۆڕشی کوردستان بکەن. بۆ گەلانى بندەست و ژنان بوونە سەرچاوە و ئیلهام. لە ٤٠هەمین ساڵیادى دامەزراندنى پەکەکەدا بزووتنەوەى ژنانی ئازادی کوردستان لە هەموو کات باشتر و بەهێزتر خۆیان بەرێکخستن دەکەن و بە دەوری رێبەر ئاپۆدا کۆدەبنەوە و پیلانگێڕیى نێودەوڵەتى، کە سەرلەنوێ خراوەتەوە کار پووچ دەکەنەوە. تێکۆشانی ئازادیمان بە پێشەنگایەتیى ژنان و گەنجان بەرەو پێش دەڕوات لە هەموو کات زیاتر لە سەرکەوتن نزیک بووەتەوە".

"ئێمە ٤١هەمین ساڵ دەکەینە ساڵی تێکشکاندنى فاشیزم"

سۆزدار ئاڤێستا لە کۆتایى قسەکانیدا رایگەیاند "لە ٤١هەمین ساڵ دا ئەرک و بەرپرسیارێتییەکى گەورە لە بەردەم هەمووماندایە. دەبێت کارەکان بۆ یەکێتیى نەتەوەیى بە بەهێزی و بە چڕی ئەنجام بدرێن. پێویستە ئەوە لە بیرنەکرێت، کە تێکشاندنى فاشیزم بەو شێوەیە دەبێت.

کۆتایهێنان بە گۆشەگیریى قورسی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بە بەرەنگاربوونەوە لە دژی گۆشەگیری بەدی دێت. تێگەیشتن و جێبەجێکردن ئەرکی سەرەکیی شۆڕشگێڕیمانە. رێبەرمان دەڵێت 'تێگەیشتن جێبەجێکردنە و جگە لە جێبەجێکردن هیچ رێگا و کارێکى تر نییە کە ئەنجام بدرێت'. ئەگەر ئێمە لەسەر هێڵی ئاپۆیى خاوەنداری لە ئەرک و بەرپرسیارێتیى خۆمان بکەین، ئەوا دەبێت ٤١هەمین ساڵی پەکەکە بکەینە ساڵی گەورەترین سەرکەوتن و بیکەینە ساڵی تێکشکاندنی فاشیزم".

ر.م