سیامەند موعینی، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) سەبارەت بە ساڵیادی لەدایکبوونی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد و هاوکات دامەزراندنی پەژاک لە هەمان بەرواردا و گرنگیی دامەزراندنی پەژاک و کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
سیامەند موعینی، لەسەرەتای قسەکانیدا ٤ی نیسانی لە "ڕێبەر ئاپۆ و بنەماڵەی شەهیدان و گەلی وڵاتپارێزی كوردستان و هەموو زیندانیانی سیاسی و خەباتكاران و تێكۆشەرانی ئازادی" پیرۆزکرد و دواتر تیشکی خستە سەر گرنگیی دامەزراندنی پەژاک.
"پەژاک لەکاتێکی دژواردا دامەزرا"
موعینی باسی لەوە کرد "پەژاک لە كاتێكدا دامەزرا كە بۆشاییەكی سیاسیی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا لە ئارادابوو، هێرشی سیستمی داگیركەری كۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێراندا هەبوو، هەروەها ڕێگا بە هیچ چالاکییەک نەدەدرا و ئازادیخوازان سەرکوت دەکران، گەنجان مەحکوم بە سێدارە دەکران، نائۆمێدی سیاسیی بە سەر ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران سەپێنرا بوو، لەو كاتە دژوار و ئاڵۆزەدا پەژاک دامەزرا".
"پەژاک زیندان دەكاتە گۆڕەپانی تیكۆشان"
هاوسەرۆكی پەژاک تیشكی خستە سەر بەرخۆدانی ئەندامانیان لەناو زیندانەكانی دەوڵەتی ئێران و وتی: "كۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە زیندانی وەك شوێنی ئەشكنجە و تەسلیم كردنی مرۆڤەكان بەكارهێناوە و هەر لەو چوارچێوەیەدا دەزگاكانی خۆی بۆ لاوازكردنی زیندانیان بەڕێكخستن كردبوو، ئێستاش هەمان شت دەكات، بەڵام پەژاک ڕێچكەی تەسلیم بوون و لاوازبوونی مرۆڤەكانی لەزیندان دا گۆڕی، زیندانەکانی بۆ گۆڕەپانی خەبات و تێكۆشان وەرچەرخاند، هەر چەند پێش پەژاکیش شۆڕشگێڕانی دیكە تا ئاستێك زیندانیان وەك گۆڕەپانی خەبات و تێكۆشان بەكار دەهێنا، بەڵام بە پێشەنگایەتی هەڤاڵانی پەژاک مەشخەڵی سەركەوتن لە زیندانەكانی دەوڵەتی داگیركەری ئێراندا هەڵكرا".
"زەینەب جەلالیان چۆکی بە سیاسەتی ئێران دادا"
سیامەند موعینی، لە بەردەوامیی باسکردن لە خەباتی ناو زیندان، شەهیدانی سێدارەی پارتەکەیانی وەبیرهێنایەوە و ئاماژەشی بە بەرخۆدانی زەینەب جەلالیان کرد، کە "ماوەی ١٢ ساڵە لە زیندانەكانی دەوڵەتی داگیركەری ئێران لەبەرخۆدانێكی بێ وێنەدایە"، وتیشی: زەینەب جەلالیان بە تێكۆشانی خۆی لە زینداندا چۆكی بە سیاسەتی تەسلیمكارانەی دەوڵەتی ئێران داداوە.
"نابێت پەژاک تەنها وەك پارتێکی سیاسی ببیندرێت"
هاوسەرۆکی پەژاک، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاماژەی بە ڕۆڵ و پێگەی پەژاک کرد و پێیوایە، کە نابێت وەک پارتێکی سیاسیی تەماشا بکرێت و وتی: "پەژاک وەك فەلسەفەیەك وەك بیر و بۆچوونێكی جیاواز بە پارادیگمایەكی نوێوە دامەزرا و بە دامەزراندنی ڕووی كردە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و لەوێدا توانیی لە گۆڕەپانی سیاسیدا لە مەودایەكی زەمانی كورتدا مۆركی خۆی لە تێكۆشانی رۆژهەڵاتی كوردستان بدات".
"پەژاک ئیرادەی گەلی ڕۆژهەڵاتی زیندووکردەوە"
سیامەند موعینی باسی لەوەشکرد، سەرەڕای سەرجەم ئەو كەموكورتییانەی كە لەماوەی رابردوودا هەیانبووە، پەژاک توانیویەتی هەندێك هەنگاوی مێژوویی لەپێناو چارەسەری كێشەی دیموكراسی و كورد هەڵبێنێت و توانیویەتی ئیرادەی گەلی شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵاتی كوردستان زیندوو بكاتەوە.
"ئارامیی ڕژێمی ئێرانی شێواند"
موعینی، لە بەردەوامیی باسکردن لە ڕۆڵی پەژاک-دا وتی: "پەژاک بەوەی كە كردوویەتی توانیویەتی کەشی سەرکوتکاریی تێك بدات و ئارامیی ڕژێمی دیكتاتۆری ئێران لە ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا بشێوێنێت، ئەمەش بووەتە مایەی ترس لە لایەن هێزە سەركوتكەرەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە و بوو بە قۆناغێكی مێژوویی، هەر بۆیە دەبێت ئەم قۆناغە بە قۆناغێكی مێژووی پێناسە بكەین".
"ژن و گەنج لە فەلسەفەی پەژاکدا دوو پێکهاتەی کاریگەرن"
هاوسەرۆكی پەژاک، ئاماژەی بە خاڵە بەهێزەکانی پارەتەکەیان کرد و وتی: "پەژاک توانیویەتی لە چوارچێوەی پێشەنگایەتیی خەباتی ژن و گەنجان دا ڕۆڵ و كاریگەریی هەبێت، لە فكر و فەلسەفەی پارادایمی ئێمەدا ئەو دوو پێكهاتە كاریگەرەی ناو كۆمەڵگا جێگا بگرن و هەر یەكەیان بە پێی تایبەتمەندیی خۆیان خاوەن سیستمێكی خۆسەر بن. هەروەها لە ئەنجامی تێكۆشانی پەژاک سیستمێك بۆ بەڕێوەبردنی كۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دامەزرا. كۆدار سیستمێكی ئازاد و یەكسانە بۆ كۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران".
"یەرەکە گەلەکەی دەپارێزێت"
سیامەند موعینی، هێماشی بۆ هێزی پاراستنی ڕەوا کرد لەناو پەژاک-دا و وەک هێزێکی هەڵقوڵاوی ناو کۆمەڵگا ناوی برد، کە ئەویش یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە)یە و وتی: "ئەو هێزە دەتوانێت لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا لە ئامادەباشییدا بێت، بۆ هەر ئەگەرێك لە ئاڵوگۆڕی ناو ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێراندا بێتە مەیدانەوە و گەلەکەی بپارێزێت و ڕۆڵی سەرشانی بەجێ بێنێت".
"پرۆژەی نوێ دەخەینەڕوو"
لەبارەی پلانی پەژاک بۆ قۆناغی ئێستا موعینی وتی: "پەژاک توانیویەتی بە پرۆژە و پێشنیارنامەی جیاواز بێتە مەیدان و پرۆژەی بەڕێوەبەریی كۆمەڵگا پێشكەشی ڕای گشتیی بكات و وەك سیستمێكی نوێ ئەو پڕۆژانە دەخاتەڕوو، هەروەها دەتوانین ئەو بەڵێنە بدەین كە بۆ ساڵی ٢٠١٩ پرۆژە و پلانی پەژاک دا هەیە، كە بە پێشنیارنامەی نوێ و بە شێوازی نوێ بۆ بەڕێوەبەریی كۆمەڵگا بێتە مەیدانەوە، ئەوە واتای ئەوەیە كە پەژاک دەتوانێت بە پرۆژەیەكی تۆكمەی سیاسیی و فكری فەلسەفی و دیبلۆماسییەوە بێتە ناو گۆڕەپانەكە و دەستكەوتەكانی خۆی و کۆمەڵگا بپارێزێت".
"تێكۆشانی پەژاک هیوا دەبەخشێتە كۆمەڵگا"
هاوسەرۆكی پەژاک لەبەردەوامی قسەكانیدا ڕاوەستەی لەسەر ئەرك و ڕۆڵی پارتەكەیان کرد و وتی: "پەژاک توانیویەتی لە بواری سیاسی و لە بواری دیپلۆماسی و پاراستنەوە خۆی بەهێز بكات، ئێستاش لە قۆناغی ئامادەكاریدایە بۆ ئەو ئاڵوگۆڕانەی لەرێدایە، هەروەها توانیویەتی لە چوارچێوەی خەبات و تێكۆشانێكی هاوبەشی نەتەوەیی لەگەڵ هێزەكانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و گشتی كوردستان و بە تایبەت لە خەباتی کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان (كەنەكە)دا ڕۆڵ بگێڕێت، ڕۆڵێكی سەرەكییش دەبینێت لە ناو پلاتفۆرمی گەلانی ئازادیخوازی ئێران، ئەم دەستپێشخەرییانەی پەژاک هیوا دەبەخشێتە كۆمەڵگا".
لەکۆتایی قسەکانیدا، سیامەند موعینی جەختیکردەوە، کە پەژاک خاوەنداریی لە خوێنی شەهیدان دەکات و تاگەیشتن بە ئازادیی هەوڵ و تێكۆشان دەکات.
ر.م