سیناریۆى تەلەفزیۆنى رژێمى ئێران لەسەر چالاکوانە دەستگیرکراوەکانى کورد

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نیگەرانیی خۆی لەبارەی ئەگەری دروستکردنی سیناریۆ لەلایەن فەرمانگەی ئیتیلاعات و گوشارخستنەسەر چالاکانی دەستگیرکراو بۆ لێوەرگرتنی دانپێدانانی تەلەفزیۆنی، خستەڕوو.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئەو ناوەندە، ئێوارەی چوارشەممەی ڕابردوو (٤ی گوڵان) هێزە ئەمنییەکان ژمارەیەک چالاکوانی ژینگەپارێزی کورد و ئەندامی حزبی وەحدەتى میللی-یان لە زیندانی ئیتیلاعاتی شاری سنە بۆ شاری کامیاران گواستبوەوە و بە کامێرای ڤیدیۆیی وێنەیان تۆمار کردبوون بۆ ئەوەی بەڵگەفیلمێکی تەلەفزیۆنیان لەسەر دروست بکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری کامیارانەوە، بە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانی گوتووە: "نیوەڕۆی چوارشەممەی ڕابردوو، دوای تێکهەڵچوونی نێوان هێزەکانی سوپای پاسداران لەگەڵ چەند چەکدارێکی یەکێک لە حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی کورد لە کوێستانەکانی شاهۆ، چەندین دەستگیرکراوی ئەمدواییەى کورد، بە دەستوپێ و چاو بەستراوەیی بردراون بۆ شوێنی کوشتنی کۆسار فاتحی، شوفێری ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی مانگی سوور، کە هاوینی ساڵی ڕابردوو لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژرابوو، لەوێ بە کامێرا دیمەنی چالاکوانە دەستگیرکراوەکانیان تۆمار کردووە".

بە وتەی سەرچاوەکە، هێزە ئەمنییەکان گەمارۆی ئەو شوێنەیان داوە و نەیانهێشتووە کە هاووڵاتییانی ئاسایی لە شوێنی وێنەگرتنەکە نزیک ببنەوە، سەرچاوەکە گوتویەتی: "تەنیا ئەوەندە دیار بوو کە چەند کەسێک لە ناو گەمارۆی هێزە ئەمنییەکاندا و بەرامبەر بە کامێراکان چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجام دەدرا. پێدەچوو دەیانخواست ئەو چالاکوانانە وەکو بکوژی شوفێری ئۆتۆمبیلی فریاکەوتنەکە بیانناسێنن!".

پێشتر لە ٢٨ی خاکەلێوەی ڕابردوو، بەڕێوەبەرە گشتییە تازەکەی فەرمانگەی ئیتیلاعاتی پارێزگای سنە لە دانیشتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەونووسان، لەبارەی دەستگیرکردنی چالاکوانانی ژینگەپارێزی کورد و ئەندامانی لقی کوردستانی حزبی وەحدەتى میللی بە  "لەناوبردنی هەوڵە تیرۆریستییەکان لە ژێر پەردەی یەکێک لە حزبەکانی پارێزگا" ناساندبوو و ئیدعای ئەوەشیکردبوو، ئەوەشی کردبوو، کە چالاکوانانی دەستگیرکراوی ئەم دواییانە، دەستیان هەبووە لە کوشتنی کۆسار فاتحی دا.

ئەو ناوەندەی مافی مرۆڤ، پێشتر لەبارەی سیناریۆسازی و گوشارخستنەسەر ئەو چالاکوانە دەستگیرکراوانە بۆ لێوەرگرتنی دانپێدانانی تەلەفزیۆنی نیگەرانی خۆی ڕاگەیاندبوو.

لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، نزیکەی ٢٠ کەس لە چالاکوانانی ژینگەپارێزی کورد و ئەندامانی لقی کوردستانی حزبی وەحدەتى میللی لە شارەکانی (کامیاران، مەریوان، سنە)، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون.

 ژمارەیەک لەو کەسانە لە مانگی ڕابردوودا بە کەفالەت ئازاد کرابوون، بەڵام ژمارەیەکی دیکەیان هێشتا لە زیندانەکاندا دەستبەسەرن، ئیدریس محەمەدی و ئاوات کەرەمی لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتیلاعاتی سپا و حسێن کەمانگەر، فەرهاد محەمەدی، راشد مونەتەزری، عیسا فەیزی، سیروانی قوربانی، فەرزاد حسەینی، هادی کەمانگەر و جەلال ڕۆستەمی، تا ئێستاش لە گرتووخانەی ئیتیلاعاتی سنە ڕاگیراون.

ر.م