فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەمڕۆ کاتژمێر ١٣:١٠ کەمپی ئاوارەکانی مەخمووریان بووردۆمان کرد.
لە ئەنجامی بووردۆمانەکەدا دوو ژنی گەنج لە شوێنی ڕووداوەکە شەهید بوون. ژنێکی تر بەهۆی گەمارۆی سەر کەمپەکە و نەبوونی ئامێری پێویست بۆ چارەسەری کە لە هێرشەکەدا بریندارببوو، دواتر شەهید بوو.
شاندێکی عێراقی دواتر سەردانی کەمپەکەیان کرد و لێکۆلینەوەیان لە هێرشەکە کرد و دواتر کەمپەکەیان بەجێهێشت.
دانیشتووانی کەمپەکە لەگەڵ مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ئەوەی تەرمی شەهیدەکان بەخاکبسپێرن لەبەر دەرگای نەخۆشخانەکە کۆبوونەوە. دوای مەراسیمی ئایینی تەرمی سێ ژنە شەهیدەکە بەخاکسپێردران.
دوای مەراسیمی بەخاکسپاردن لەسەر ناوی ئەنجومەنی گەلی دیموکراتیک نوران سەزگین قسەی کرد. سەزگین هێرشی دەوڵەتی تورک، بێدەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی شەرمەزار کرد.
سەزگین ئاماژەی بەوەدا هێرشەکە نە تەنها بۆ سەر کەمپی مەخموورە بەڵکۆ لەدژی هەموو گەلی کوردە و داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بێدەنگی بشکێنن و داواشی لە گەل و لایەنە کوردیەکان کرد هەوڵی یەکێتی نەتەوەیی بدەن.
دواتر بەشداربووان دروشمی شەهید نامرن و بژی سەرۆک ئاپۆیان وتەوە.
شایەنی باسە ٦ی کانونی یەکەمی ٢٠١٧ و ١٣ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨ و ١٩ی تەموزی ٢٠١٩ کەمپی مەخموور لە لایەن فڕۆکەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە بووردۆمان کران.
ف.ق