سەردانی گۆڕی شەهیدان لە خۆیدا گەورەترین وڵامە

کۆمیتەی پشتیوانی خانەوادەی شەهیدان-ی پەکەکە لە راگەیێنراوێکیدا پیرۆزبایی جەژنی قوربانی کرد و رایگەیاند، سەردانی گۆڕی شەهیدان بۆ خۆی گەورەترین وڵامە.

کۆمیتەی پشتیوانی خانەوادەی شەهیدان-ی پەکەکە بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە راگەیێراوێکی بڵاو کردەوە و بەم بۆنەوەیەوە پیرۆزبایی ئاڕاستەی گەلی کورد و گشت کۆمەڵگای ئیسلامی کرد.

لە راگەیێنراوەکەدا تیشک خراوەتە سەر خەبات و خۆڕاگری شەهیدانی شۆڕش، بە تایبەت شەهیدانی جەنگی حەفتانین و واتای جەژن لەم قۆناغەدا و راشیگەیاند، دەبێت بە رۆحی خۆڕاگریەوە پێشوازی لەم جەژنە بکرێت.

لە دەقی راگەیێنراوەکەدا هاتووە:

"لە کەسایەتی شەهیدە قارەمانەکانی ١٤ی تەمموز کە بە گیانی خۆیان لە دژی فاشیزم و تەسلیمبوون و خیانەت وەستانەوە و لە سەختترین بارودۆخدا، خۆڕاگری و هێڵی فیدایی و قارەمانیەتیان کرد بە بناغەی تێکۆشانی ئازادی. ئەمڕۆ هەڤاڵ رۆستەم جودی خاوەنداریەتی لەو میراتە کرد و ئالای بێریتان و ڤیان و زیلانی شەکاندەوە و گورزێکی لە سیستمی داگیرکەر و قڕکەر و خیانەتدا. ئێمە یادی شەهیدانی جەنگی شکۆی حەفتانین و هەموو شەهیدانی شۆڕش دەکەینەوە و سەرمان دادەنوێنین و بەڵێن دەدەین کە ئامانج و ئاواتەکانیان بەدی دێنین.

وەکو ئاشکرایە، بزوتنەوەی ئازادی پەکەکە هەمیشە بە راستیی شەهیدان گەورە بووە و لە سەخترین بارودۆخدا بە خۆڕاگری شەهیدە قارەمانەکان سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە. راستیی شەهیدان و ئەو واتایەی شەهیدبوون هەیەتی، هەمیشە بووەتە هۆکاری سەرەتایەکی نوێ. هەر شەهیدێک بووەتە هۆکار بۆ هەنگاوێکی گەورە کە بزوتنەوەکەمانی رۆژ بە رۆژ بەرەو ئازادی و سەرکەوتن بردووە. هەر شەهیدێک کە گیانی خۆی بۆ پاراستنی شکۆ و سەرکەوتنی گەلی کورد و گەلانی ژێردەستە فیدا دەکات، لە جیاتی ئەو قارەمانە فیدایانە، بە هەزاران کچ و کۆڕی لێهاتوو بەشداری لە ریزەکانی گەریلا دەکەن. ئەوان لێهاتووترین رۆڵەی گەلەکەمانن کە بە پارادیگما و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ دەبن بە قارەمان و فیداکار کە تێکۆشانی ئازادی بەرز ڕادەگرن.

ئێمە لە قۆناغێکی هێندە گرنگداین کە لە سەرتاسەری کوردستان خۆڕاگریەکی بێوێنە لە دژی داگیرکاری و فاشیزم و تەسلیمبوون بەڕێوە دەچێت و لەم چوارچێوەیەدا پێشوازی لە جەژنی قوربان دەکەین. جەژنی قوربان سیمبولی یەکسانی، ئازادی و یەکێتیە. بەڵام ئەوەی دیارە بە گشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت لە کوردستان، لە بەرامبەر فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە و لە ناو خۆڕاگری گەلەکەماندا پێشوازی لەم جەژنە دەکەین. لە راستیدا فاشیزم دەیەوێت ئەم رۆژە پیرۆزانەی گەلەکەمان بگۆڕێت بۆ رۆژگاری خەم و پەژارە و ئازاری گەورە. بە هێرشکردنە سەر مەزاری شەهیدان ویستی مێژووی خۆڕاگریمان لەناو بەرێت. لە بەرامبەر ئەم هێرشانە کە پێوانە و ئەخڵاقی کۆمەڵگا ناناسێت، خاوەنداریکردن لە شەهیدان زۆر گرنگە. سەردانی مەزای شەهیدان، یادکردنەوەی شەهیدە قارەمانەکانمان، لە خۆیدا گەورەترین وڵامە لە بەرامبەر دەسەڵات و فاشیزم.

بەم بۆنەیەوە ئێمە وەکو کۆمیتەی پشتیوانی خانەوادەی شەهیدان-ی پەکەکە لە کەسایەتی خۆڕاگرانی جەنگی حەفتانیندا کە بە هێڵی فیدایی و قارەمانیەتی تا دوا هەناسەیان خۆڕاگریان کرد و چوونە ریزی کاروانی شەهیدانەوە، یادی هەموو شەهیدانی شۆڕش دەکەینەوە و بەڵێنی سەرخستنی ئامانجەکانیشان دووپات دەکەینەوە. ئێمە جەژنی قوربان بە تایبەت لە خانەوادەی شەهیدان و گەلێ کوردی ئازادیخواز و بە گشتی کۆمەڵگای ئیسلامی پیرۆز دەکەین."

ز.ش