سەرمایەگوزاریی ئاکەپە لە جۆلەمێرگ: بنکەى سەربازی، زیندان، بەنداو
حکومەتى ئاکەپە لە ماوەى ئەم ١٨ ساڵە دەسەڵاتیدا ٢ زیندانی نوێ، ٢٥ بەنداو و وێستگەی کارۆی ئاوی و ٣٠٠ بنکەى سەربازی و قەڵای سەربازیی لە جۆلەمێرگ دا دروستکردووە.
حکومەتى ئاکەپە لە ماوەى ئەم ١٨ ساڵە دەسەڵاتیدا ٢ زیندانی نوێ، ٢٥ بەنداو و وێستگەی کارۆی ئاوی و ٣٠٠ بنکەى سەربازی و قەڵای سەربازیی لە جۆلەمێرگ دا دروستکردووە.
وێستگەکانی کارۆ ئاوی (HES) و بەنداوەکان، کە دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپەوە بە پاساوی "ئەمنی" دروستیکردوون، سروشتی ناوچەکەى کاول و تاڵانکردووە. بەپێی زانیارییەکان لە مانگی رابردوودا کارەکانى ٣ بەنداوی نوێ کۆتاییان پێهاتووە. جارێکیتر ئەوە ئاشکرابوویەوە، کە دروستکردنی بەنداو و وێستگەکانى کارۆ ئاوی بۆ رانت و "ئاسایش" دروستکراون.
دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٢ زیندانی نوێی تر لە جۆلەمێرگ دەکەنەوە. جۆلەمێرگ دانیشتوانەکەى ٢٠٠ هەزار کەسە و سەرباری ئەوەى زیندانێکى تیادایە، بەڵام ئەمساڵ ٢ زیندانی نوێی تر لەو شارەدا دەکرێنەوە و ئەوەش ناڕەزایەتیی بە دواى خۆیدا هێناوە.
دەوڵەتی تورکی داگیرکەر جۆلەمێرگ بە زۆر و زۆرداری بەڕێوەدەبات و بەلانیکەمەوە لە هەر بنەماڵەیەکدا یەک کەس لە زینداندان. شارەکە لەلایەن دەوڵەتەوە بەتاڵکراوەتەوە لە دیموکراسی و مافەکانى مرۆڤ و بێکاری و هەژاریش لە بەرزترین ئاستدایە. سەرباری گوشار و زۆردارییەکانى دەوڵەت، گەلی جۆلەمێرگ تاوەکو ئێستا یەک هەنگاویان بۆ دواوە نەناوە. بەهۆی هەڵوێستی گەلی جۆلەمێرگەوە، کە سەر بۆ دەوڵەتى تورک دانانەوێنن، ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە لە ناوەندی جۆلەمێرگ و لە ناوەندی ناوچەکانى جۆلەمێرگدا، لە دەشت و کوێستانەکاندا سەدان بنکەى سەربازی و قەڵای سەربازیی دروستکردووە. دەوڵەتی تورک بەوەش چاوی تێر نابێت و بە پاساوی "ئەمنی و ئاسایش" لەمپەری لە بەردەم هەموو چەم و رووبارەکاندا داناوە و بەنداو و وێستگەى کارۆئاویی لەسەر دروستکردون. بەنداو و وێستگەکانى کارۆئاوی هەم بوونەتە هۆی تێکدان و کاولکردنی ژینگەی ناوچەکە و هەم بوونەتە هۆی ئەوەى گەلی ناوچەکە ناچار بە کۆچکردن و دەرکردن لە زێدی خۆیان بکرێن.
زیندان و بنکەى سەربازی بەسەر خەڵکدا و وێستگەى کارۆئاویش بەسەر سروشتدا دەسەپێنن
حکومەتى ئاکەپە لەسەر هەموو شاخ و گردێکى جۆلەمێرگ بنکەیەکى سەربازی، یان قەڵایەکى سەربازیی دروستکردووە. لە ماوەى ئەم ١٨ ساڵەی دەسەڵاتیدا لەمپەری لەسەر هەموو چەم و رووبارەکانی جۆلەمێرگ داناوە و بەوەش هەموو دۆڵەکانى پڕکردووە لە ئاو و لەو رێگەیەوە ژینگە و دۆخی سروشتیی ناوچەکەى تێکداوە. دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە تاوەکو ئێستا ٢ زیندانی نوێ، ٢٥ بەنداو و وێستگەى کارۆ ئاوی و ٣٠٠ بنکەى سەربازی و قەڵای سەربازییان بەسەر گەلی جۆلەمێرگدا سەپاندووە.
ئەو دەسەڵاتە بە تایبەتی لەسەر رووباری زێ لە دۆڵ و گەلیی زێدا چەندین بەنداو و وێستگەى کارۆ ئاویی دروستکردووە. بەهۆی وێستگەکانى کارۆئاویی لە دۆڵی زێ دا، دۆڵی زێ وشک بووە و ژیانی سروشتیی دۆڵەکە تێکچووە.
جۆگرافیای جۆلەمێرگیان کردووە بە گۆڕەپانی رانت و شەڕ
ئەوانە بوونەتە هۆی ناڕەزایەتیی زۆری گەلی جۆلەمێرگ و لەوبارەیەوە هاووڵاتییەک کە بەهۆی پارێزراوبوونی لە دەست دەوڵەتى تورکی داگیرکەر و دام و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانى ناوەکەى لێرەدا بڵاوناکەینەوە، پێی راگەیاندین، دەوڵەتى تورک جۆگرافیای جۆلەمێرگی کردووەتە گۆڕەپانی شەڕ و رانت و پارەخۆری و بەرتیل و بەرتیلخۆری.
راشیگەیاند، دەوڵەت ژینگە و سروشتی جۆلەمێرگی هەم کاول و وێرانکردووە و هەم هەموو سەرچاوەکانیشی تاڵان دەکات و هەوڵ دەدات گەل بکاتە یەخسیری خۆی، بەڵام گەلی جۆلەمێرگ بەرامبەر ئەو شێوازە لەشەڕ و تاڵان و کاولکردن و ئەو شێوازانەى شەڕی تایبەتە سەر دانانەوێنن.
ژ.ت