شاعیری شۆڕش، خۆشەویستی و ئازادی؛ شێرکۆ بێکەس

شێرکۆ بێکەس نزیکەى ٣٠ دیوانە شێعری لە دوای خۆی بەجێھێشتووە، ماوەیەک پێشمەرگایەتیی کردووە، ماوەیەک پەنابەر بووە، لە باشوور بوو بە وەزیری رۆشنبیری. بێکەس بە قەڵەمەکەى لە وێژەی نوێی کورددا بووە قەڵەمبازێک.

شێرکۆ بێکەس نزیکەى ٣٠ دیوانە شێعری لە دوای خۆی بەجێھێشتووە، ماوەیەک پێشمەرگایەتیی کردووە، ماوەیەک پەنابەر بووە، لە باشوور بوو بە وەزیری رۆشنبیری. بێکەس بە قەڵەمەکەى لە وێژەی نوێی کورددا بووە قەڵەمبازێک.

شاعیری ناوداری کورد شێرکۆ بێکەس لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و ٧ ساڵیش بە بەرهەمەکان و ناودارییەکەوەیە دەژی. ٧ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی شێرکۆ بێکەس دا تێپەڕی، بەڵام شێعرەکانی و بەرهەمەکانی هەموو کات شێرکۆ بە زیندوویی دەهێڵێتەوە.

شاعیری ناوداری کورد شێرکۆ بێکەس ٢ی ئایاری ١٩٤٠ لە گەڕەکی گۆێژەی شاری سلێمانی لە دایکبووە. منداڵی شاعیری ناودار فایەق بێکەس و شەفیقە سەعیدی وەستا حەسەن بوو. باوکی شێرکۆ وەک نازناوەکەى بێکەس بوو. باپیری لە ساڵی ١٩١١دا دوورخرایەوە بۆ بەغدا و لەو کاتەدا فایەق بێکەس تەمەنی ٧ ساڵ بوو. دواى چەند ساڵیش دایکی لە دەستدا. لە ساڵی ١٩٣٠ دا فایەق بەسەر وڵاتە بێکەسەکەى خۆیدا شێعر و سرودی هۆنییەوە. شێرکۆی کوڕی لەو رووەوە بەختی زۆر بوو. شێرکۆ دوای چەندین ساڵ وتی 'چرا لە ماڵەکەماندا نەبوو، بە شێعر رووناکمان دەکردەوە'. فایەق بێکەس مامۆستا بوو، بە زۆرێک لە شار و گوندەکانی کوردستاندا گەڕابوو، بەڵام شێرکۆش هەر وەک باوکی خۆی بێکەس بوو، چونکە فایەق بێکەسی باوکی ساڵی ١٩٤٨ کۆچی دوایی کرد. شیفقە خانمی دایکی، شێرکۆی بە شێعر و چیرۆک گەورە دەکات. شێرکۆ هەموو کات باسی لە کاریگەری و پشتیوانی دایکی بۆ خۆشەویستنی شێعر و کورد کردووە.

بە گەنجی دەستی بە شێعرنووسین کرد

شاعیر و نووسەری کورد شێرکۆ بێکەس خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە شاری سلێمانی و بەغدا تەواو کرد. بێکەس لە تەمەنی گەنجیدا دەستی بە نوسینی شێعر و هەڵبەست کرد. بێکەس لە تەکەنی ١٧ ساڵیدا یەکەمین هەڵبەستی خۆی لە هەفتەنامەى ژین لە سلێمانی بڵاوکردەوە. بێکەس خوێندنی زانکۆی لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق تەواو کرد. شێرکۆ یەکەمین دیوانی لە ساڵی ١٩٦٨ دا بە ناوی "تریفەى هەڵبەست" بڵاوکردەوە. لەو ساڵانەدا کاریگەریی گۆران و شاعیرانی تری هاوچەرخی لەسەر بوو. لە ساڵی ١٩٧٠دا بە لەگەڵ ژمارەیەک نووسەر و شاعیری تردا راگەیاندراوێکیان بەناوی "روانگە" بڵاوکردەوە و ئامانجیان ئەوە بوو وێژەی کوردی مۆدێڕن و نوێ بکەنەوە. بۆ یەکەمجار بێکەس ستایل و زمانی خۆی لە دیوانێکدا بەناوی "من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ" ناساند، کە لە ساڵی ١٩٧٣دا بڵاوی کردەوە.

دەنگی شۆڕش

شێرکۆ دەیوت "من دەنوسم بۆ ئەوەى بێزاریی زمان سوک بکەم، بۆ ئەوەى بێزاریی خۆم سوک بکەم، بەڵام ئەوانەش بۆ پشتیوانی و خۆشەویستیی هەڵبەست بوو، بۆ خۆشەویستیی گەل بوو' و ساڵی ١٩٦٥ بەشداری ریزەکانی پێشمەرگە بوو. چەندین ساڵ لە رادیۆی 'دەنگی شۆڕش' دا کاری کرد. دەنگ و شێعر و هەڵبەستەکانی شێرکۆ بێکەس هەموو کات لەگوێی پێشمەرگەدا دەزرینگایەوە. دەنگی شۆڕش لە قوڵایی دوڵی باڵەکایەتی دا لە ئەشکەوتێکدا بەرنامەکانى بڵاودەکردەوە. رادیۆکە تاکە دەنگی پێشمەرگەی باشووری کوردستان بوو. لە ساڵی ١٩٦٥ دا گەنجێک وتی 'ئێرە شوێنی دەنگی شۆڕشە' و هەڵبەستی دەخوێندەوە. ئەو دەنگە لە چیاکانی کوردستاندا دەنگی دایەوە، ٥٠ ساڵ لە کوردستاندا بووە دەنگی شۆڕش، دەنگی هەڵبەست و شێعر.

ژیانێکی پڕ و لێوانلێو

بێکەس لەگەڵ چەند نووسەر و شاعیری کورد گۆڤارێکیان دەرکرد. دوای تێکچوونی شۆڕشی ئەیلول لە ١٩٧٤ دا حکومەتى عێراق شێرکۆ بێکەسی دوورخستەوە بۆ شاری رۆمادی. حکومەتى عێراق بڕیاریدا بۆ ماوەى ٤ ساڵ شێرکۆ بێکەس دووربخاتەوە. شێرکۆ بێکەس بەشداری راپەڕینەکانی ساڵی ١٩٨٤ لە باشووری کوردستان بوو. جارێکیتر روو لە چیاکانی کوردستان دەکاتەوە و دەبێتەوە بە پێشمەرگە.  بێکەس لە ساڵی ١٩٨٦ دا بەرەو دەرەوەى وڵات رێگای پەنابەری دەگرێتەبەر و رۆیشت بۆ ئیتالیا و دواتریش بۆ سوید. لەسوید بووە ئەندامی کۆمەڵەى نووسەرانی سوید و پێنی سوید. دواى راپەڕینەکەى بەهاری ١٩٩١ شێرکۆ بێکەس دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و ساڵانی ١٩٩١ – ١٩٩٢ دا لە یەکەمین کابینەى حکومەتى هەرێمی کوردستان دا دەبێتە وەزیری رۆشنبیری، دواى ٢ ساڵ لە کاری وەزیری بەهۆی نادیموکراتیکبوونی حکومەت و دەسەڵاتەوە دەستی لەکارکێشایەوە و گەڕایەوە بۆ سوید. لە ساڵی ١٩٩٨دا لە سلێمانى لەگەڵ ژمارەیەک لە نووسەران و رۆشنبیران دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمی دامەزراند و بێکەس بووە سەرۆکی دەزگاکە.

چنارە گەورەکە بە نەخۆشیی شێرپەنجە لە گەلەکەمان رۆیشت

شێرکۆ بێکەس لە ٤ی ئابی ٢٠١٣دا بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە لە نەخۆشخانەى کارۆلنیسکای ستۆکهۆلمی پایتەختی سوید کۆچی دوایی کرد. شێرکۆ بێکەس پێش ئەوەى کۆچی دوایی بکات وەسیەتنامەکەى نوسیبوو. بێکەس وەسیەتی کردبوو، لە پرسەکەیدا تەنها موزیک لێبدرێت. وتبویشی "لە پارکی ئازادی لە سلێمانی لە تەنیشت مۆنۆمێنتی شەهیدانی ١٩٦٣ دا بەخاک بسپێردرێت. لەوێ نەبێت هەناسەم بۆ نادرێت و رۆحم ئاسودە نابێت. ژنانی گەنج، پیاوانی گەنج، خۆشەویستان لەوێ دەبنە میوانم".

شاعیر و نووسەری کورد شێرکۆ بێکەس لە پارکی ئازادیی سلێمانی بە خاکسپێردرا و زۆربەى رۆژەکان، بە تایبەتی رۆژانی هەینی خۆشەویستان دەڕۆن بۆ سەردانی شاعیری نەمر شێرکۆ بێکەس.

شێرکۆ بێکەس زیاتر لە ٣٠ دیوانی و کتێبی شێعری لە دوای خۆی بەجێهێشتووە و بەرچاوترینەکانیان بریتین لە:

خاچ و مار و رۆژژمێری شاعیرێک

دەربەندی پەپوولە

رەنگاڵە

کورسی

گۆڕستانی چراکان

ئێستا کچێک نیشتمانە

خێراکە مردن خەریکە بگات

نسێ

بۆننامە

تەون

ملوانکە

هەست و نەست

لە گوڵەوە هەتا سووتوو...

تۆ ئەتوانیت بە قومێ ماچ بمخەیتەوە هەڵقوڵین!

ئەسپێک لە پەڕەی گوڵاڵە

زێ و زنە

رووبار

دوو سرودی کێوی

کاوەی ئاسنگەر

پیرە مێرد و زەریا

هەندێک لە شێعر و هەڵبەستەکانی شێرکۆ کراون بە عەرەبی، تورکی، فارسی، ئینگلیزی، سویدی، دانیمارکی، فەرەنسی، ئیتالی و ئەڵمانی... هتد.

شێرکۆ بێکەس لە ساڵی ١٩٩٩ دا لە ١٥ی شوبات دا کاتێک عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد رادەستی تورکیا کرا لە پەخشی مەد تیڤی دا شێعرى پرشنگی رۆح دەستگیر ناکرێی چڕی..

لە باکوور ئاگری شۆڕش

شاعیر و نووسەری کورد شێرکۆ بێکەس لەسەر چالاکییەکانی مانگرتنی زیندانیان لە باکووری کوردستان بۆ تێکشکاندنی گۆشەگیریی سەر رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان وتبوی "لە باکوور ئاگری شۆڕش بەرز دەبێتەوە و بڵێسە دەسێنێت. جەستە برسییەکان نیشانیان دا کە کورد بە شەڕ و گوشار کۆتایی پێنایەت".

ژ.ت