شاندی هەدەپە و کەجەدە لەگەڵ مەسعود بارزانى کۆبوونەوە

شاندی پارتی دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) و کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) لەگەڵ سەرۆکى  گشتیى پارتی دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) مەسعود بارزانى کۆبوونەوە.

شاندەکەی هەدەپە پێکهاتووە لە سەزای تەمەلی هاوسەرۆکى گشتیى هەدەپە، بەردان ئۆزتورک هاوسەرۆکى گشتیى کەجەدە، فاتمە کورتولان سەرۆکى فراکسیۆنى هەدەپە و نەزمی گیور جێگری هاوسەرۆکانی گشتیى هەدەپە و لەگەڵ مەسعود بارزانى سەرۆکى گشتیى پەدەکە کۆبوونەوە.

شاندەکەى هەدەپە هاوکات لەگەڵ فەلەکناس ئوجا پەرلەمانتاری هەدەپەى ئێلح، کە ماوەى چەند رۆژێکە لە باشوری کوردستانە و موزەیەن گیونەش و عەباد ئیکە هاوسەرۆکانى نوێنەرایەتیى هەدەپە لە هەرێمى کوردستان پێکەوە چوونە بارەگای بارزانی.

ئەندامانی شاندەکەى هەدەپە لە بارەگای سەرۆکى پەدەکە لەلایەن مەسعود بارزانى سەرۆکى گشتیى پەدەکە، فازڵ میرانى کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پەدەکە، سەفین دزەیى بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان، عەلی حوسێن بەرپرسی پەیوەندییەکانى پەدەکە و ئەندامانى تری بەڕێوەبەریى پەدەکە پێشوازییان لێکرا.

لە دواى پێشوازییەکە ئەندامانى شاندەکە و بارزانى چوونە بارەگاکە و لەوێ سەزای تەمەلی وتەیەکى کورتی پێشکەشکرد و وتی "ئێمە بە تایبەتی خواستمان ئەم دیدارە ئەنجام بدەین، ئێمە دەمانەوێت ئەم دیدارە ٤ رۆژییەمان بە باشی تێپەڕێنین. ئێمە لەو بڕوایەداین کە دیدارەکان زۆر باش دەبەن. ئێمە زۆر دڵخۆشین و شانازی دەکەین لێرەین، چونکە ئەمڕۆ لەبەر هۆکارێکى گرنگ لێرەین و هاتووین بۆ ئەم دیدارە. هاوسەرۆکمان پەروین بوڵدان-یش دەیخواست بێت و لێرە بێت، بەڵام بەهۆی ئەوەوە نەشتەرگەرییەکى قورسی بۆ کراوە، نەیتوانى بێت بۆ ئێرە. سڵاوێکى زۆری هەبوو بۆتان".

مەسعود بارزانی-یش بەخێرهاتنی شاندەکەى کرد و رایگەیاند، دڵخۆشن بە هاتنی شاندەکە.

دوای بەخێرهاتنەکان و پێشکەشکردنى ئەو وتانە، پەیامنێران و کامێرای میدیاکان کرانە دەرەوە و کۆبوونەوەکەی نێوان شاندەکەى هەدەپە و بارزانی درێژەى هەیە.

 

ژ.ت