شاندی هەدەپە و کەجەدە گەیشتنە هەولێر

شاندی پارتی دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) و کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) بۆ ئەنجامدانى دیدار لەگەڵ بەرپرسانى هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم گەیشتنە شاری هەولێر.

شاندەکە پێکهاتووە لە سەزای تەمەلی هاوسەرۆکى گشتیى هەدەپە، بەردان ئۆزتورک هاوسەرۆکى گشتیى کەجەدە، فاتمە کورتولان سەرۆکى فراکسیۆنى هەدەپە و نەزمی گیور جێگری هاوسەرۆکانی گشتیى هەدەپە.

شاندەکە لە فڕۆکەخانە لەلایەن نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر، فەلەکناس ئوجا پەرلەمانتاری هەدەپەى ئێلح، کە ماوەى چەند رۆژێکە لە باشوری کوردستانە و موزەیەن گیونەش و عەباد ئیکە هاوسەرۆکانى نوێنەرایەتیى هەدەپە لە هەرێمى کوردستان پێشوازییان لێکرا.

فەلەکناس ئوجا، موزەیەن گیونەش و عابد ئیکە لەگەڵ شاندەکە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرۆکى گشتیى پارتی دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) مەسعود بارزانى بەرەو شارۆچکەى مەسیفی هەولێر، کە بارەگای بارزانى تیادایە کەوتنە ڕێ.

لە چوارچێوەی سەردانەکەى هەدەپە و کەجەدە بۆ هەرێم، پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ شاندەکە چاویشیان بە نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمی کوردستان-یش دەکەوێت. هەروەها شاندەکە لە هەولێرەوە بەرەوە سلێمانى دەڕۆن تاوەکو لەگەڵ لایەنە سیاسیەکاندا چاوپێکەوتن و دیداری تر ئەنجام بدەن.

ژ.ت