شه‌ڕڤانان و هاوڵاتییان ئاگره‌كه‌ی شه‌نگالیان كوژانده‌وه‌

ئه‌و ئاگره‌ی له‌ گونده‌كان و نێو شاری شه‌نگال كه‌وتبوویه‌وه‌ له‌ لایه‌ن هاوڵاتییان و شه‌ڕڤانانی یه‌كینه‌كانی به‌رخۆدانی شه‌نگال (یه‌به‌شه‌) و یه‌كینه‌كانی ژنانی شه‌نگال (یه‌ژه‌شه‌) كوژێنرایه‌وه‌.

له‌نێو شاری شه‌نگال ئاگر كه‌وته‌وه‌ و له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا گونده‌كانی سبه‌هی، دۆمیز و شه‌هابی گرته‌وه‌. به‌درێژایی ڕۆژه‌كه‌ ئاگره‌كه‌ به‌ره‌و گونده‌كانی تل بنات، تل قه‌ساغ، گردی جامعی و عه‌ین شه‌بابك ته‌شه‌نه‌ی كرد.

گوندنشینان به‌و ده‌رفه‌ته‌ كه‌مه‌ی هه‌یانبوو به‌ هاوكاریی شه‌ڕڤانانی یه‌به‌شه‌ و یه‌ژه‌شه‌ كه‌ به‌ هاواری گوندنشینانه‌وه‌ چوون، ئاگره‌كه‌یان كوژانده‌وه‌.

به‌هۆی ئه‌و ئاگركه‌وتنه‌وه‌یه‌ زیانێكی زۆر به‌ ڕه‌ز و باخی هاوڵاتییان گه‌یشت. گوندنشینان ڕایانگه‌یاند، ئاگره‌كه‌ به‌ئه‌نقه‌ست له‌ لایه‌ن كه‌سانێكی نه‌ناسراوه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌. به‌ر له‌ چه‌ند ڕۆژێكیش له‌ هه‌مان ناوچه‌ ئاگر كه‌وتبوویه‌وه‌. له‌ ئه‌نجامدا زیانێكی زۆر به‌ گوندنشینان گه‌یشت.

s.m