شۆڕش ئالان فەرماندەی یەرەکە یادی شەهیدانى ژاوەرۆ و کۆیەى بەرز راگرت

شۆڕش ئالان ئەندامی فەرماندەیى یەکینەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان (یەرەکە) لەبارەی ساڵرۆژی شەهیدانى ژاوەرۆ و کۆیە و پیلانگێڕیى داگیرکەران لە دژی کوردانى ئازادیخواز بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دوا.

شۆڕش ئالان ئەندامی فەرماندەیى یەکینەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان (یەرەکە) بە بۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەى ژاوەرۆ و کۆیەوە یادی هەموو شەهیدانى رێگای ئازادی، دیموکراسی و دادپەروەری بە تایبەتى شەهیدانى ژاوەرۆ (شەهید تۆڵهەڵدان سنە، شەهید ئارگەش کارزان، شەهید رۆژهات شەڕ، شەهید دلۆڤان فەدایى) و هەروەها شەهیدانى کۆیە (شەهید سوهەیلا، شەهید نەسرین و شەهید کەریم سەقزی) بە ڕێزەوە بەرز راگرت.

شۆڕش ئالان باسی لە پیلانگێڕیى داگیرکەرانى کوردستان لە کۆبوونەوەى ٣ قۆڵیى نێوان ئێران، تورکیا و رووسیا کرد، کە لەو کاتەدا لە تاران بەڕێوەچوو و وتی "ئامانجی سەرەکیى ئەو کۆبوونەوەیە دروستکردنى پیلانگێڕی بوو لە دژی ٢ هێزی شۆڕشگێڕی رۆژهەڵاتى کوردستان، کە لە دوو شوێنى جیاوازدا کرانە ئامانج".

شۆڕش ئالان ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک دەستکەوتەکانى گەلەکەمان بەرەوپێش دەچن، داگیرکەران دەست دەکەن بە هێرشکردنە سەری و لەو چوارچێوەیەشدا لە ناوچەى ژاوەرۆ لە پارێزگاى سنە لەلایەن ئیتڵاعاتی سنە، سوپای سابرین و چەند بەکرێگیراو و خائینێکەوە بۆ رێگریکردن لە بزووتنەوەى ئاپۆیى هێرشیان کردە سەر هەڤاڵانى فەرماندەییمان.

شۆڕش ئالان باسی لە تایبەتمەندیى ئەو هەڤاڵانە کرد، کە ئەو هێرشیان کرایە سەر و شەهید بوون و وتیشی "ئەو هەڤاڵانە کادێرانی پێشەنگ و فەرماندەى فیداکار و دڵسۆزی ئەم گەلە بوون و لە هەموو هەلومەرجە قورسەکاندا بەبێ دودوڵی بەشداری کار و ئەرکەکانی  شۆڕش بوون و دەستیان بە تێکۆشان کرد. ئەو هەڤاڵانە لە ناوچەکانى هەورامان، پاوە، سنە، کامیاران، مەریوان و بەشیک لە کرماشان کاریگەرییەکى زۆریان لەسەر خەڵک دروستکردبوو، بە تایبەتى خەڵکى ناوچەى ژاوەرۆ".

شۆڕش ئالان ئەوەشی رایگەیاند، تاکە رێگاى گەیشتن بە سەرکەوتن و تەنها رێگاى گەیشتن بە ئازادی ئەوەیە، کە خەڵک داکۆکی و بەرگری لە بەهاکانى شەهیدانى خۆیان بکەن.

شۆڕش ئالان ئەندامی فەرماندەیى یەرەکە بەو بۆنەیەوە بانگەوازی بۆ گەنجانی وڵاتپارێز، شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازی رۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران ئەوەبوو، کە روو لە شاخەکانى کوردستان بکەن و بەشداری رێزەکانى شۆڕش و تێکۆشان بن.

ژ.ت