شەهیدانی ١٩ی گوڵان داستانی "بەرخۆدان ژیانە" لە زیندانی ئێویندا نووسییەوە

ئەمڕۆ ٩ ساڵ بەسەر لەسێدارەدانى شیرین عەلەم هولی، فەرزاد کەمانگەر، عەلی حەیدەریان و فەرهاد وەکیلی دا تێدەپەڕێت. رژێمی ئێران رۆژی ٩ی ئایاری ٢٠١٠ / ١٩ی گوڵان ئەو تێکۆشەرە کوردانەى لەسێدارەدا.

١٩ی گوڵان ڕۆژی شەهیدانی سێدارەیە. ٩ ساڵ لەمەوبەر کۆماری ئیسلامی ئێران ٤ چالاکوان و تێکۆشەری کوردی لەگەڵ ئازادیخوازێکی فارس دا لە سێدارەدا. ئەو تاوانەی رژێمى ئێران ناڕەزایی تەواوی کوردان و ئازادیخوازان بەتایبەت گەلی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لێکەوتەوە.

سیاسەتى لەسێدارەدان لەلایەن رژێمى کۆماری ئیسلامیى ئێرانەوە تا ڕۆژی ئەمڕۆ بەردەوامیى هەیە، بەڵام لەبریى چاوەڕوانى رژێم بۆ چاوترساندنی ئازادیخوازن و تێکۆشەران، رۆژ لە دواى رۆژ بوێری و ئازای تێکۆشەرانی ئازادیخواز بەرەوپێش و بەرەو سەرکەوتن دەڕوات.

گەرچی کۆماری ئیسلامى دەیەوێت لە رێگەى سیاسەتى سێدارەوە ڕێگری لە سەرهەڵدانە کۆمەڵاتی و سیاسییەکان بکات، بەڵام  زیندان و پەتی سێدارە نەینتوانیوە پێشەنگەکانی کۆمەڵگا بترسێنێت. بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەران و دیکتاتۆرەکان لە زیندانەکاندا بۆ بەرخودانى مەزڵووم و کەمال و خەیریەکان دەگەڕێتەوە لە ساڵانی ١٩٨٠ کاندا لە زیندانى ئامەد. ئەو کولتوری بەرخودان و بەرەنگارییە لە زیندانى ئامەدەوە گەیشتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە شیرین عەلەم هولی، فەرزاد کەمانگەر، فەرهاد وەکیلی و عەلی حەیدەریان گەیشتە واتایەکی جیاوازتر و نەریتێکی نوێی بەرخودان و خۆڕاگریی بۆ کوردانی ئەو بەشەی وڵات خوڵقاند.

لە دواى شکستى هەموو سیاسەتەکانى رژێمى ئێران بەرامبەر ئەو تێکۆشەرە دیلکراوانە و شکستى ئەو رژێمە بەرامبەر بە بەرخودانە گەورە و بێ وێنەکەیان، ئەو رژێمە کە خۆی بە زلهێزێکى ناوچەیى و جیهانی دەزانێت بەشێوەیەکى ترسنۆکانە لە بەرەبەیانى ٩ی ئایاری ٢٠١٠ / ١٩ی گوڵانی ٢٠١٠دا  و بە بێ ئاگادارکردنەوەى خۆیان و بنەماڵەکانیان و پارێزەرەکانیان لە زیندانى ئێوینى تاران لەسێدارەى دان.

ئەم تێکۆشەرانە کێ بوون و دوا گوتەکانیان بەر لە لەسێدارەدان چی بوو؟

شیرین عەلەم هولی تەوارێکی بەرزە فڕی چیاکانی زاگرۆس و ئاراراتە

شیرین عەلەم هولی ژنە تێکۆشەری کورد و سیمبولی بەرخودان و خۆڕاگریی ژنانە لە زیندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا. ئەو ژنە شۆڕشگێڕە تەوارێکی بەرزە فڕی چیاکانی زاگرۆس و ئارارات بوو. شیرین عەلەم هولی ١٣ی جۆزەردانى ١٣٦٠ی هەتاوی بەرامبەر ٣ی حوزەیرانى ١٩٨١ لە گوندی دێم قشڵاقی شاری ماکۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە.

 رۆژی ٦ی جۆزەردانی ١٣٨٧ی هەتاوی بەرامبەر بە ٢٦ی ئایاری ٢٠٠٨ لەلایەن سوپای پاسداران لە شاری تاران دەستبەسەر کرا. نزیکەى مانگێک لە بنکەى ناوەندیى سوپاى پاسداران لە تاران لە ژێر ئەشکەنجەی زۆر قورسی جەستەیى و دەروونیدا بوو. دواى ئەوە جەستە نیوە گیانەکەیان برد بۆ زیندانى ئێوین و سەرەتا بەرپرسانى ئەو زیندانە ئامادە نەبوون بەرپرسیارێتیى وەرگرتنى کەسێکى بەو رادەیە ئەشکەنجەکراو لە زیندانەکەیاندا وەربگرن، بەڵام دوای سێ رۆژ گوشاری بەردەوامی سوپاى پاسداران شیرین لەلایەن بەرپرسانى ئەشکەنجەخانەى ئێوینەوە وەرگیرا و لەو زیندانەش دا بۆ ماوەى ٢ مانگی تر بە بەردەوامى و بە قورسی ئەشکەنجەى جەستەیى و دەروونی کرا.

 بەو حاڵەوە لە کۆتایى ٢٠٠٩ دا لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیى ئێران و لەلایەن دادوەری پاسدار ئەبولقاسم سەلەواتییەوە بە تۆمەتى بەزاندنی سنوور بە شێوەى نایاسایى سزای ٢ ساڵ زیندانی و بە تۆمەتی موحارەبە (دژایەتیکردنی خوا) و پەیوەندی لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاك) سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.

کۆتا نامەی ئەم ژنە تێکۆشەرە زۆر سەرنج ڕاکێشە. لە نامەکەیدا پێداگیری لە پاراستنی زمانی دایکی دەکات و شانازی دەکات بە نەتەوەکەی و زمانەکەیەوە. لە کۆتا چرکەکانی ژیانیشیدا بە وتە سادە و جوانەکانی خۆشەویستی و شەڕەفمەندیی خۆی دەردەخات و دەنووسێت: '' ئەوان بۆچی منیان گرت؟ بۆچی من لە سێدارە دەدەن؟ لەبەر کوردبوونی من زۆر ئازار و ئێشم بەسەردا هات؛ من بە کوردی لە دایکبووم. بە کوردی گەورە بووم، بەڵام ڕێگا نادەن بە زمانی خۆم قسە بکەم، بنووسم  و خۆم بپارێزم. بە من دەڵێن: ''دەست لە کوردبوونی خۆت بەردە....!''. منیش دەڵێم: ''ئەگەر من کارێکی وا بکەم ئەوا نکۆڵی لە خۆم دەکەم''.

فەرزاد کەمانگەر مامۆستایەکی سەرهەڵدێر و گیانفیدا بۆ داهاتووی وڵاتەکەی

پڕ بە واتای ناوی پیشەکەی مامۆستای ژیان و بیر بوو بۆ منداڵانی نیشتیمانەکەی. ئەو بە وشە، ڕستە، هۆنراوە و نوسینەکانی سەمای دەکرد لە گەڵ ئازادی و جوانیدا. تا دوا وێستگەی گەیشتن بە ئازادی و حەقیقەت فەرزادی مامۆستا لە تێکۆشان نەوەستا. فەرزاد کەمانگەر لە ساڵی ١٩٧٦دا لە شاری کامیارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. چالاکوانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەوان، ئەندامی نوێنەرایەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان بوو و ساڵانێکی درێژ کار و خەباتی کرد. بە تۆمەتی ئەندامبوون لە (پەژاك)دا لە مانگی ئابی ٢٠٠٦دا دەستگیر کرا، لە ماوەی زیندانیدا بە سەخترین شێواز ڕووبەڕووی ئەشکەنجە بوویەوە.

فەرزادی کەمانگەر بە ئەشقەوە لە پەروەردەکرنی ڕۆڵەکانی خۆر و ئاگر ماندوو نەدەبوو. لە نامەیەکیدا بۆ منداڵانی وڵاتەکەی چەند دێڕێك دەنووسێت. لەم نامەیەدا فەرزاد دەیەوێت دڵی لە  سینگی منداڵێکدا لێبدات و دەڵێت: "تەنها داواکارییەکم هەیە؛  دوابەدوای ئەوەی کە من لەسێدارە درام با دڵی سەرهەڵدێرم لە ناو سینگی منداڵێکی لە من سەرهەڵدێرتر لێبدات و لە بەرەبەیانێکی زوودا بە زمانی دایکی هاوار بکات. دەمەوێت ببمە بایەك و ئەوینی مرۆڤایەتی بگەێنمە چوار لای دونیا...''.

عەلی حەیدەریان گەنجێکی خاوەن ئەخلاق، شایستەی گەل و نیشتیمانەکەی

عەلی ناوێكی ئاشنایە لە مێژووی کوردان دا. لە سەردەم و کاتە جیاوازەکان بە قارەمانیەتی گەورەوە لەبەردەممان دەوەستێت و بە گوێماندا پەیامی جیاواز دەچرپێنێت. بۆ نموونە عەلی شێری دێرسیمی پەیامی سەربەرزی و بوێری لە بەرامبەر خیانەتدا بڵاودەکاتەوە. پێشەنگی هاوچەرخی تێکۆشانی گەنجان عەلی چیچەك لە باکوری کوردستان و لە زیندانی ئامەدەوە پەیامی بەرخۆدان ژیانەی بە گوێی تەواوی گەنجانی وڵاتدا دا. عەلی حەیدەریانیش لە شێوەی پێشەنگی گەنجان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بوو بە قەڵایەکی خۆڕاگری لەبەرامبەر سیاسەتەکانی کۆماری سێدارەدا.

عەلی حەیدەریان لە  ١ی ئەیلولی ١٩٧٩ بەرامبەر بە ١٨ی خەرمانانی ١٣٥٨ی هەتاوی لە گوندی دەرەباخی سەر بە شاری سنە لەدایکبووە. لە ٢٨ ئابی ٢٠٠٦ بەرامبەر بە ٦ی خەرمانانی ١٣٨٥ی هەتاوی لە تاران دەستگیر کرا. ١٨مانگ لە ژێر قورسترین ئەشکەنجە جەستەیى و دەروونییەکاندا لە زینداندا مایەوە و بێ ئەوەی مافی ئەوەى پێ بدەن بەرگری خۆی بکات. بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە دا سزای لەسێدارەدانی بۆدرا. کۆتا گوتەی پێشەنگە بوێرەکەی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی نیشتیمان بەم شێوەییە: " ئەخلاق و داکۆکی لە مافە ڕەواکانتان بکەنە بنەمای ژیانتان و شایستەی گەل و نیشتمان بن".

فەرهاد وەکیلی بۆ شیرینی نیشتیمانی داگیرکراو، چووە بەر پەتی سێدارە

ئەو فەرهادەکەی وڵاتی خۆی بوو. ئەو بۆ ئەوەی شیرینەکەی لە دەست داگیرکاران ڕزگار بکات لە تێکۆشاندابوو. فەرهادێك بوو کە دێوانانە ئاشقی بەژن و باڵا و سروشتی جوانی کوردستانی ڕەنگینی شیرین ئاسا بوو. فەرهاد وەکیلی لە شاری سنە لەدایکبووە و باوکی ٣ منداڵە؛ لە ساڵی ٢٠٠٦ دا دەسگیریان کرد. لە مانگی ١٢ی ٢٠٠٧ بە تۆمەتی موحارەبە (دژایەتیکردنی خودا)  و ئەندامبوون لە تەڤگەری ئازادیخوازی کوردستاندا سزای لەسێدارەدانی بۆدەرکرا. فەرهاد وەکیلی لە نامەیەکیدا باس لە ئاشقبوونی خۆی دەکات. باس لەوە دەکات کە چۆن دوای ئەم ئاشقبوونە لەم ڕێگایەدا دەست بە ڕێپێوانێكی گەورە و سەرکەوتوانە بکات کە وەك خۆی دەڵێت، ئامادەیە گیانی بۆ بدات و بەم شێوە دەدوێ: "لەو کاتەوە، کە زانیومە خاوەن میراسی خوێنی قارەمانانم، چ ڕەنج گەلێکم کێشاوە؟، لەو کاتەوە ستایشی پاکیی کچانی زاگرۆس و ئازایەتیی کوڕانی ئاراراتم کردووە. چەند دژواربوو کاتێک شاهۆ قورسایی خۆی لەسەر شانی ماندوو و ئازار چەشتووم دانا. ئیدی دەبێت بڕۆیت. دەبێت ئاشق بیت. ماندوویەتیم لەبەر بڕینی مەودای ڕێگا نییە، بەڵکو لە ترسی لەدەستدانی هەموو ئەو خۆشی و نرخە پیرۆزانەیە کە ئەمڕۆ بەدەستم هێناوە".

لە بەشێکی تری نامەکەیدا باس لە سەفەرێك دەکات کە تیایدا گیان دەدات و دەگات بە خەونە گەورەکانی...و دەڵێت: "یادەوەریی من پاش لەسێدارەدانم یادەوەرییە لەگەڵ شەهیدان؛ مردن بۆ من واتای دووبارە بوونەوەیە. یانی دڵ بە ئەڤین سپاردن، یانی لەدایکبوون، کە تەمەنی درێژ بێت یانی مەودای نێوان ٢ وێستگە و گەیشتنم بە ئامانج خەونێکی ئێجگار مەزنە، چونکە من  و گەلەکەم و ئازیزانم و منداڵەکانم و هەڤاڵانم لە جیهاندا بێ پشت و پەنا بووین، بەڵام هیوای نەپشکوتووی من لەم سەفەرەدا کە دەزانم بەرەو کوێ دەڕۆم و چیم دەوێت. بە شوێن مردندا ڕامدەکێشێت. ڕەنگە پاش مەرگی من و لەگەڵ مەرگی من خوێنی مرۆڤێك کە داهاتووی وەك شەهید دادەنێت. پشتگییرییەك بێت بۆ گەلم و نیشتیمانم و منداڵەکانم".

بەدەم وتنەوەی سرودی (ئەی ڕەقیب) چوونە بەر پەتی سێدارە

ئەم چوار تێکۆشەرە کوردە هاوشان لەگەڵ مەهدی ئیسلامیان ئازادیخوازی فارس دا بەرەبەیانی ٩ی ئایاری ٢٠١٠ / ١٩ی گوڵان (بانەمەڕ) بەدەم وتنەوەی سرودی "ئەی ڕەقیب" چوونە بەر پەتی سێدارە و  لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەسێدارەدران. ئێستا لە زۆربەی کوردستاندا لەم ڕۆژەدا یادی ئەم شەهیدانە دەکرێتەوە و ڕێزیان لێدەگیردرێت.

لەسێدارەدانی ئەو تێکۆشەرانە ناڕەزایەتیى گەورەیى رۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران و لە بەشەکانى تری کوردستان و ئەوروپا لێکەوتەوە. چەندین خۆپیشاندان و چالاکى بۆ پشتیوانی لەو تێکۆشەرانە و ئامانجەکانیان بەڕێوەچوون و لەو چالاکییانەدا سزاى لەسێدارەدان و دان سیاسەتە پاکتاوکارانەکانى رژێمى ئێران ئیدانە کران.

سەرباری ناڕەزایەتییە توندەکان بەرامبەر بە سیاسەتى سێدارەى رژێمى ئێران، تا ئێستاش لە زیندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا چەندین تێکۆشەری کورد زیندانیکراون و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە. لە دوا جاریشدا  سێ گەنجی تێکۆشەری کورد بە ناوەکانی زانیار موردای و لوقمان مورادی و رامین حوسێن پەناهی لەلایەن رژێمى سێدارەى ئێرانەوە لەسێدارەدران.

لە ڕابردوشدا زۆر کەسایەتی سیاسی و چالاکوانان و ڕۆژنامەوانان لەژێر ناو و تۆمەتی جیاوازدا لە ئێراندا لەسێدارەدراون. بەڵام ڕووحی بەرخۆدانی ئەو زیندانیانەی کە داستانی بەرخۆدان ژیانەیان نووسیەوە لە ڕۆژهەڵات و ئێراندا بوونە ئیلهامێك بۆ تەواوی زیندانیان و ئازادیخوازان، هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ئەوە دەزانێت کە ئەم ڕووحە خۆڕاگرییەکان گەورەتر دەکات و دەنگە ئازادیخوازەکان کپ نابنەوە؛ هەر بۆیە بەم شێوازە نامرۆڤانەیە هێرش دەکات و نکۆڵی لەهەر ڕەنگ و دەنگ و وتەیەکی جیاواز دەکات.

ر.م