عەشیرەتی هەرکی بۆ پارتی: بێدەنگ نابین!

جەوهەر محێدین سەرۆکی عەشیرەتی هەرکی سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەو گوشار و زوڵمانەی لە ئەندامەکانیان دەکرێت و وتی: "لە ئێستا بەدواوە بێدەنگ نابین." محێدین هۆشداریی دایە پارتی دیموکراتى کوردستان (پەدەکە).

هەرکی یەکێک لەو عەشیرەتانەن، کە بە باشووری کوردستان و چوارپارچەی کوردستان دا بڵاو بوونەتەوە. زۆربەیان لە ناوچەی بادینان، لۆلان و ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستان نیشتەجێن.

عەشیرەتی هەرکی لە هەموو مێژوودا، یەکێکە لەو عەشیرەتانەی کە بەردەوام ناکۆک بووە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە). بەهۆی ناکۆکییەکانەوە هەمیشە گوشاری لەسەر بووە. ئەندام و گەنجانی عەشیرەتەکەش لەبارەی گوشار و زوڵمی ئەمدواییانەوە و بۆ ئەوەى سەرۆکی عەشیرەتەکەیان لەو زوڵمانە ئاگادار بکەنەوە چەندین نامەیان نووسیوە. جەوهەر محێدینی سەرۆکی عەشیرەتەکەش وەڵامی نامەی گەنجەکانی داوەتەوە. لە وەڵامی نامەکاندا جەوهەر ئاماژەی بەوە کردووە، لە بەرانبەر گوشار و زوڵمەکان ئیتر بێدەنگ نابن و داوای لە ئەندامانی عەشیرەتەکەی کردووە یەکگرتوو بن و بەو یەکگرتووانە هەڵسوکەوت بکەن.

'هەرگیز بێدەنگ نابین'

محێدین سەرنجی ڕاکێشایە سەر ڕەنج و تێکۆشانی ئەندامانی عەشیرەتەکەی بۆ ئازادی گەل و وڵات و وتی: "ڕێگە بەو زوڵم گوشارانە نادەم لە عەشیرەتەکەم دەکرێت. ئێمە کەم نین، رەنجمان بۆ ئەم وڵاتە کەم نییە. بە ئیرادە و هێزی خۆمانەوە بەرەو پێشەوە دەچین. ناهێڵین لە ئێستا بەدواوەش هیچ هێز و کەسێک گوشارمان بۆ بهێنن."

محێدین ئاماژەی بەوەشکرد، وێڕای دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانی عەشیرەتەکەی، چەندین گەنج و ئەندامی عەشیرەتەکەی، کە پارێزگارییان لە مافەکانی خۆیان دەکرد دەستگیر کراون و وتی: "لەبیریان کردووە گەنجەکانمان، کەسە دەستگیرکراوەکانمان ئەوانەن، کە لە شەنگال هەتا کەرکوک لەدژی داعش شەڕیان کرد".

بانگەواز بۆ یەکگرتوویى

محێدین وتی: "رەنگە ئەوان بەوشێوەیە بیر بکەنەوە، کە ئێمە خۆمان بە دەستەوە دەدەین و دەست لە مافەکانمان و زەوییەکانمان هەڵدەگرین، بەڵام لە ئێستا بەدواوە لە بەرامبەر هیچ گوشار و زوڵمێک دا بێدەنگ نابین. لە ئێستا بەدواوە ئەو سیستمە و ئەو زوڵمە قبوڵ ناکەین. خۆم وەکو کەسێک بەدواداچوونی بۆ دەکەم و لەسەر رادەوەستم. ئەگەر لە ئێستا بەدواوە تەنها سوکایەتی و زوڵم لە یەک گەنجی عەشیرەتەکەمان بکرێت، ئێمە ئەو شتە وەکو سوکایەتیکردن بە کوڕی جەوهەر ئاغا و هەموو هەرکییەکان دەبینین.

دەمەوێت پێکەوە یەکگرتوانە بجوڵێینەوە."

ر.م